هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

وەزیرێك: چەکدارەکەی ڤیەننا هەوڵیدابوو بچێت بۆ سوریا

ئاژانسی فرانس پرێس

پۆلیس دەوریە ئه‌نجامده‌ده‌ن لە ڤیەننا لە 3 تشرینی دووەم. بەدواگەڕانێکی به‌رفراوان دەستیپێکرد دوای ئەوەی ژماره‌یه‌ك چەکدار تەقەیانكرد لە چەند شوێنێكی ناوەندی ڤیەننا، ئێوارەی 2 تشرینی دووەم و لانیکەم چوار کەسیان کوشت لە هێرشێکدا کە راوێژكاری نەمسا سێباستیان کورتز بە 'هێرشێکی تیرۆریستی قێزەون' له‌قه‌ڵه‌میدا. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیس دەوریە ئه‌نجامده‌ده‌ن لە ڤیەننا لە 3 تشرینی دووەم. بەدواگەڕانێکی به‌رفراوان دەستیپێکرد دوای ئەوەی ژماره‌یه‌ك چەکدار تەقەیانكرد لە چەند شوێنێكی ناوەندی ڤیەننا، ئێوارەی 2 تشرینی دووەم و لانیکەم چوار کەسیان کوشت لە هێرشێکدا کە راوێژكاری نەمسا سێباستیان کورتز بە 'هێرشێکی تیرۆریستی قێزەون' له‌قه‌ڵه‌میدا. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەدواگەڕانێکی به‌رفراوان دەستیپێکرد سێشەممە (3 تشرینی دووەم) دوایئەوەی ژماره‌یه‌ك چەکدار تەقەیانكرد لە چەندین شوێنی ناوەندی ڤیەننا و لانیکەم چوار کەسیان کوشت لە هێرشێکدا کە راوێژكاری نەمسا سێباستیان کورتز بە 'هێرشێکی تیرۆریستی قێزەون' له‌قه‌ڵه‌میدا.

وەزیری ناوخۆی نەمسا کارڵ نێهامەر وتی یەکێك لە چەکدارەکان هاوڵاتی مەکدۆنیای باکور و نەمسا بوو، كه‌ تۆمه‌تباركرابوو به‌ تاوانی هەوڵدان بۆ چوون بۆ سوریای.

نێهامەر بە ئاژانسی هەواڵی نەمسای وت کویتیم فەیزوڵڵای بیست ساڵان، کە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، چەکێکی ئۆتۆماتیکی و چەکێکی دەستی و كێردێكی پێبوو، پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی ساختەشی بەستبوو.

وتی فەیزوڵلای پشتیوانێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوو، پێشتریش تۆمه‌تباركرابوو به‌ تاوانێكی تیرۆریستی لە نیسانی ساڵی رابردوودا.

پۆلیسی چەکدار پاسەوانیده‌كه‌ن له‌بەردەم ئۆپێرای دەوڵەتدا لە ناوەندی ڤیەننا، لە 2 تشرینی دووەم دوای تەقەکردنه‌كان. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسی چەکدار پاسەوانیده‌كه‌ن له‌بەردەم ئۆپێرای دەوڵەتدا لە ناوەندی ڤیەننا، لە 2 تشرینی دووەم دوای تەقەکردنه‌كان. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

سزای 22 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو بەڵام بە کەفالەت لە کانونی یەکەمدا ئازادکرابوو.

نێهامەر وتی لە بەرنامەیەکی نەهێشتنی رادیکاڵیزمدا بوو، كه‌ بەوهۆیەوە توانیبووی ئازادبوونی پێشوەخت بەدەستبهێنێت.

وەزیره‌كه‌ وتی: "تاوانباره‌كه‌ توانی بەرنامەی نەهێشتنی رادیکاڵیزمی سیستمی دادوەری فریوبدات، خەڵكەکەی نێوی فریوبدات و ئازادکردنێکی پێشوەخت لەوڕێیەوە بۆخۆی بەدەستبهێنێت."

'بەڵگە نییه‌ بۆ تەقەکەری دیکە'

نێهامەر وتی ئەفسەران 18 هەڵکوتانەسەریان ئەنجامدا و 14 کەسی پەیوەست بە کوشتنەکانیان دەستگیرکرد.

پۆلیس وتی لانیکەم بۆ هێرشبەرێکی دیکە دەگەڕێن کە هێشتا ونە. بەڵام دواتر، سێشەممە نێهامەر وتی تائێستا هیچ بەڵگەیه‌ك نییە کە هێرشە کوشندەکە لەلایەن زیاد لە چەکدارێکەوە ئەنجامدرابێت.

بە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی وت ئەو ڤیدیۆیەی شیکاریی بۆ کراوە لەلایەن پۆلیسەوە "لەئێستادا هیچ بەڵگەیه‌كی هێرشبەری دووەم دەرناخات".

هەڵمەتی تەقەکردنەکەی ئێوارەی دووشەممە لە شەش شوێنی جیاواز روویدا، لەنێویاندا نزیكی سیناگۆگێك (كڵێسای جووه‌كان) و خانەیەکی ئۆپێرای بەناوبانگی جیهانی لەنێو دڵی ڤیەننادا.

کۆپتەرەکان دەسوڕانەوە لەکاتێکدا پۆلیس شارەکەی داخست لە گەڕانیاندا بەدوای هێرشبەرەکانی دیکەدا، لەکاتێکدا وڵاتانی دراوسێ پشکنینی سه‌ر سنووره‌كانیان زیادکرد.

هێرشەکە دوای زنجیرەیەك هێرشی تووندڕەوی هات لە فەرەنسا و بووە هۆی کاردانەوەی دەربڕینی هاوسۆزی لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە.

وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆ وتی دوو پیاو و دوو ژن لە هێرشەکەدا کوژران، لەکاتێکدا زیاد لە 15 کەسی دیکە برینداربوون، حەوتیان بەسەختی. پۆلیسیش رایگەیاند كه‌ ئەفسەرێك برینداربووە.

یەکەمین تەقەکان نزیك 8 ئێوارە بیستران لە ناوەندی شار.

شایەتحاڵێك قسەی بۆ دەزگای پەخشتی نەمسا کرد وتی: "وەك یاریی ئاگرین وابوو، دواتر زانیمان فیشەکە."

شایەتەکە وتیشی چەکدارێك "بەهەڕەمەکی تەقەی دەکرد بە چەکێكی ئۆتۆماتیکی" پێشئەوەی پۆلیس بگات و دەستبکات بە تەقە.

یەکێکی دیکە باسی لە ته‌قاندنی لانیکەم 50 فیشەك کرد.

نێهامەر دەربارەی هێرشبەرە کوژراوەکە وتی: "هەموو ئاماژەکان روونیدەکەنەوە کە کەسێکی رادیکاڵ و کەسێك بووە کە پەیوەندی نزیکی بە داعشەوە هەبووە."

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی پۆلیس تەقەمەنییان بەکارهێنا بۆ رێخۆشکردن بۆ نێو باڵەخانەی پیاوە کوژراوەکە کە "به‌سه‌ختی چەكدار بوو".

کورتز، کە قسەی بۆ دەزگای پەخشتی نەمسا دەکرد وتی هێرشبەرەکان "خۆیان باش ئامادەکردبوو بە چەکی ئۆتۆماتیکیەوە" و "بەشێوەیەکی پیشەوەرانە ئامادەکارییان کردبوو".

کورتز وتی لەکاتێکدا پۆلیس تەرکیزیان لەسەر ئۆپەراسیۆنه‌ دژە تیرۆریزمیەکە بوو، سوپا ئاسایشی باڵەخانە سەرەکیەکانی ڤیەننای لەئەستۆگرت.

پشتیوانی بۆ نەمسا

ئەڵمانیا پشکنینی سەر سنووری نەمسای زیادكرد و راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ وتی: "شەڕی دژی ئەم بکوژانە و ئەوانەی هانیانده‌ده‌ن خەباتی هاوبەشمانە."

سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وتی: "ئێمەی فەرەنسی هاوبه‌شی خه‌م و ناسۆری گەلی نەمسا ده‌بین."

پێنجشەممە، سێ کەس لە كڵێسایه‌كی شاری نیس ؛ه‌ فەرەنسا کوژران و مامۆستایەکیش لەلایەن تووندڕەوێکەوە سەربڕدرا لە دەرەوەی پاریس لە 16 تشرینی یەکەم و پەیوەندیی بە سوریاوە هەبوو.

سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، چارڵز میشێڵ وتی یەکێتیەکە "بەشێوەیەکی تووند سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە دەکات".

سەرکردەكانی نەتەوەکانی دیکەش پشتیوانیی خۆیان بۆ نەمسا دەربڕی، لەنێویاندا ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، بەریتانیا، ئیسرائیل، روسیا، پاکستان، هندستان، ئێران و تورکیا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500