دوای چەند ساڵێک شەڕ لە دژی تیرۆریزم، پارێزگای ئەنبار لەئێستادا کار لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت دەکات و سوودوەردەگرێت لە سەرچاوە سروشتییەکان بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن و خزمەتکردنی ئابوری نیشتمانی.
بەرپرسانی ئەنبار لە 8 تشرینی یەکەم پڕۆژەیەکی نوێیان راگەیاند بۆ گەشەپێدانی یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتەکە -- پاڵاوگەی حەدیسە لە خۆرئاوای ئەنبار.
پاڵاوگەی حەدیسە لە 1949 کراوەتەوە بە یەکەیەکی بەرهەمهێنانەوە کە لە رۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی 6,000 بهرمیلی هەبوو. یەکەی دووەم لە ساڵی 1982 زیادکرا بە توانای بەرهەمهێنانی 10,000 بەرمیل لە رۆژێکدا.
دوای ئەوەی ئەنبار لە 2015 کەوتە دەست رێكخكراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، پاڵاوگەکە ناچاركرا به راوهستاندنی بەرهەمهێنان.
![کارمەندانی تەکنیکی لە کاتی کارکردندا لە پاڵاوگەی نەوتی حەدیسە لە تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: کۆمپانیای پاڵاوگهكانی باکور]](/cnmi_di/images/2020/10/19/26523-Iraq-Haditha-refinery-600_384.jpg)
کارمەندانی تەکنیکی لە کاتی کارکردندا لە پاڵاوگەی نەوتی حەدیسە لە تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: کۆمپانیای پاڵاوگهكانی باکور]
پاڵاوگەیەک بە تەواوی توانای کارکردنەوە
بەرپرسێکی عێراق، کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بەدیارونای وت پاڵاوگەکە لە 2018 دەستیکردەوە بە کارکردن و لهسهرخۆ توانای بەرهەمهێنانی زیاددەکرد.
وتی لەوکاتەوەی ناوچەی دەوروبەری پاڵاوگەکە لە دەستی چەکدارانی داعش ئازادکراوە و رێگا سەرەکییەکان کراونەتەوە، ئێستا بە تەواوی توانایهوه کاردەکات.
نەوتی خاو لە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک دەردەهێنرێت و بەرەو پاڵاوگەکە دەگوێزرێتەوە.
بەرپرسەکە وتی دەستپێشخەریی گەڕاندنەوەی پاڵاوگەی نەوتی حەدیسە بۆ توانای تەواوەتیی، سێیەمین جۆری دەستپێشخەریی هاوشێوەیە لەم چەندین ساڵای رابردوودا. کۆمپانیا ئەندازیارییە ناوخۆییەکە دەستیکردووە بە کارەکانی بونیادنانی دوو یەکەی دیکە بە توانای بەرهەمهێنانی 10,000 بهرمیل لە رۆژێکدا. ئەمەش توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکە بۆ 36,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکاتەوە.
وتی ئێستا کە ناوچەکە سەلامەتتر و پارێزراوترە، وەزارەتی نەوت دەیەوێت پهرهبدات به سێکتەری نەوت لە ئەنبار.
پشتبەخۆبەستن
ئابوریناس و شارەزای بواری نەوت، حەمزە جەواهیری بە دیارونای وت پارێزگای ئەنبار دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی کانزایی و هەروەها توانای گەشەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی نوێكراوهی هەیە.
وتی سەرچاوە سروشتییەکان پێکدێن لە فۆسفات و لمی زۆر پۆخت کە بۆ بەرهەمهێنانی سلیکۆن و گهیهنهری کارەبایی بەکاردەهێنرێت.
وتی بهڵام ئەنبار هێشتا کەموکورتییەکی زۆری لە پڕۆژەکانی نەوتدا هەیە، چونكه سەرچاوە گرنگهكانی گازی پارێزگاكه بەشێوەیەکی گونجاو سوودیان لێوەرنەگیراوە.
وتی سێکتەری پاڵاوتنی نەوتی پارێزگاکە پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆئەوەی چەند جۆرێکی دیکەی سووتەمەنی بەرهەمبهێنێت. رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت پێویستی بە زیادکردن هەیە، دەبێت بگاتە ئاستێکی باڵا بۆئەوەی پێویستیی ناوچەکە پڕبکاتەوە.
قایمقامی حەدیسه، مەبروک حەمید وتی بەرپرسان هیوادارن پەرەپێدان بە پاڵاوگەی حەدیسە وێنەی پارێزگای ئەنبار بكاته یهكێك له بەرهەمهێنەره سهرهكییهكانی نەوت لە وڵاتەکەدا.
وتی هەرکات دوو یەکە نوێکە بونیادنران، رێژەی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێنانی نەوت لە پاڵاوگەکە رێخۆشدەکات بۆ پەرەپێدانی زیاتر و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە بەرپرسان چاوەڕەواندەکەن بەرهەمی رۆژانەی پاڵاوگەکە 70,000 بەرمیل تێبپەڕێنێت، ئەمەش پێویستیی سووتەمەنی پڕدەکاتەوە و رەنگە زیاتریش دابینبکات.
وتی پاڵاوگەکە پەیوەندیدارە بە پڕۆژەکانی دیکەی نەوتەوە لە پارێزگاکانی باکور و ناوند و باشور.
بە دیارونای وت: "هەر بەرەوپێشچوونێک لە سوودی سێکتەری نەوتدا دەبێت. هەروەها، ئەوەی کە شوێنی پاڵاوگەکە نزیکە لە سنوورەکانی خۆرئاوا، توانای هەناردەکردنی پێدەبەخشێت."
وتی سەرباری ئەوەش، "سەرچاوەیەکی گەورەی گازی سروشتیمان هەیە لە کێڵگەی عوكاز لە قائیم (لە نزیک سنووری سوریا) و چەند هەوڵێک لەئارادایە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەوێ".