بەرپرسێکی ناوخۆ وتی ئەو پاشماوانەی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە لە پارێزگای ئەنبار له خۆرئاوای عێراق رووبهڕووی زهبری كوشنده بوونهتهوه لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە پێشکەوتووەکاندا کە لە بیابان و ناوچە سنوورییەکان كردوویاننهته ئامانج.
قایمقامی قهزای روتبە، عیماد دولەیمی بە دیارونای وت چالاکییەکانی داعش لە بیابانی روتبه و خۆرئاوای ئەنبار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە و توانای رێکخستنی هێرشی تیرۆریستیشیان دابەزیوە.
وتی ئەمە لە ئەنجامی هەوڵە چڕەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە هاتۆتە ئاراوە بۆ بەدواکەوتنی میلیشیاکان لە بیابان و هەڵکوتانە سەر ئەو ئەشکەوت و تونێلانەی خۆیانیان تێدا حەشاردابوو.
وتیشی: "چاودێریکردنی سیستهماتیک و لەناکاو و ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوە پلانی چهكدارانیان سنووردارکردووە بۆ وەڵامدانەوە و ههڕهشهكردن له شارەکان لە ناوچە بیابانیەکانەوە."
دولەیمی وتی بارودۆخی ئەمنی لە روتبە ماوەیکی زۆره جێگیرە و ئاماژەیكرد بە هاتوچۆی بهردهوامی گەشتیاران و ئەو بارهەڵگرانەی کەلوپەلیان تێیدا بارکراوە لەسەر شاڕێگە نێودەوڵەتییەکە بۆ دەروازەی سنووریی ترێبیڵ لەگەڵ ئەردەن.
وتیشی: "چەکدارانی داعش ئەمڕۆ زۆر لاوازن و ناتوانن راستەوخۆ رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببەنەوە یان کۆنتڕۆڵی ناوچەیەک بکەن" و ئاماژەیکرد بۆ ئهوهی تەنانەت توانای ئەوەیان نییە لە رۆژی رووناکدا چالاکی ئهنجامبدهن یان بێئەوەی خۆیان وەک شوان بگۆڕن.
وتی بەڕوونی دیارە سەریان لێشێواوە و ئاماژەیكرد به رووداوێکی مانگی رابردوو کە تێیدا پێنج چەکدار کوژران دوای ئەوەی شكستیان هێنا له بۆمبڕێژكردنی پیکابێك لە بیابانی حوسهینیات، 70 کیلۆمەتر لە باکور خۆرهەڵاتی روتبە.
تاوانە قێزەونەکانی داعش
دولەیمی وتی: "لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان رووبهڕووی هیچ کەموکوڕییەک لە ژمارەی ئهندامانیاندا نابنەوە، ئاڵەنگاریی پشکنینی ناوچەیەکی گەورەتری وەک بیابانی ئەنبار پێویستی بە ستراتیژییەکی تەواوەتی هەیە کە پەیوەستبێت بە کاری هەواڵگریی باڵا و چالاکانە تا بهردهوام له جموجۆڵی تیرۆریستەکان ئاگاداربن."
وتی خاڵەکانی دزەکردنیان لە سنوورەکانی سووریا دەبێت دابخرێن و پێویستییە ئەمنییەکان دەبێت پتەوتربکرێن لەو ناوچە بیابانیانەی کەلێنی ئەمنییان تێدایه.
وتیشی دانیشتوانی ناوچەکە ئایدیۆلۆژیای داعش رەتدەکەنەوە و ئامادەش نین هیچ یارمەتییەک یان سۆزێکیان بۆ بۆ شوێنکەوتوانی گروپەکە هەبێت "بەهۆی تاوانە قێزەونەکانیانهوه دژ بە خەڵكی بێتاوان".
دولەیمی وتی بەمدواییانە هێزە ئەمنییەکان له 25 ئاب گۆڕێکی نوێیان هەڵدایەوە کە پاشماوەکانی دوو قوربانیی دهستی داعشیان تێدابوو لە ناوچەی فائیدە لە روتبە.
وتی بەڵگەکان دەریدەخەن کە قوربانییەکان لە 2016 کوژراون لە ناوچەیەک کە لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بۆ کوشتن دانرابوو، ئاماژەشیکرد بهوهی ئەو جلە پرتەقاڵیانەی داعش بەزۆر دەیکاتەبەر دەستگیرکراوان پێش كوشتنیان، لە شوێنەکە دۆزرانەوە.