ئەو چەکدارانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە هەڵاتوون بۆ بیابانی روتبە لە پارێزگای ئەنبار خۆیان وەك شوان گۆڕیوه بۆ خۆپاراستن لە هێزە ئەمنیەکان، بەرپرسێکی عێراقی دووشەممە (6 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.
پارێزگاری روتبە عیماد مەشعەل دولهیمی وتی: "بەدڵنیاییەوە دەزانین کە بیابانی روتبە هێشتا چەندین ئەندامی داعشی تێدایە، بەتایبەتی ئەوانەی لە شەڕەکانی خۆرئاوای ئەنبار هەڵاتوون."
دولهیمی بە دیارونای وت: "سەرچاوە ناوخۆییەکانمان وایدەخەمڵێنن بە دەیان تیرۆریست لەوێ هەبن."
وتی ئەوان خۆیان وەك شوان دهگۆڕن یان جلی خۆحەشاردان بهڕهنگی بیابان لەبەردەکەن تا له ئاسمانهوه نهبینرێن.
دولهیمی وتی: "داعش هێشتا لە بیاباندا چالاکە." وتیشی هێرشەکانی سوپا لەوێ بەردەوامن.
هێزەکانی عێراق شەممە و یەکشەممە کێوماڵێکی بهرفراوانیان ئەنجامدا لە بیابانی روتبە بۆ گەڕان بەدوای حەشارگەکانی گروپەکەدا.
وتیشی یەکەی سەربازی فراوان لە ئەنبار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەند و هێزی ئاسمانی، پۆلیس و پاسەوانی سنور و هێزە خێڵەکیەکان بەشدارییانکرد لە ههڵمهتهكهدا.
دولهیمی وتی ههڵمهتی کێوماڵکردنەکە لە دەوروبەری کیلۆ 160 له خۆرهەڵاتی ئەنبار دەستیپێکرد بەرەو نوخەیب و لەوێوە بەرەو باشوری روتبە و تەواوی رێگەکە تا سنوری سعودیە.
وتیشی ناوچە فراوانەکانی بیابان کێوماڵکران لە هەردووبەری شاڕێگە نێودەوڵەتیەکەی ئەنبار، لەنێوان 250 بۆ 300 کیلۆمەتر بهناو قوڵایی بیاباندا.
دولهیمی باسی لە سەرچاوە سەربازییەکان کرد کە پشتڕاستیان کردۆتەوە ئەنجامی ههڵمهتهكه تێکشکاندنی 10 کەمپ و حەشارگەی داعش بوو لە بیابان، کە چەك و تەقەمەنییان تێدابوو.
وتی: "زانیاری بەردەست ئاماژەی بە مردنی هێچ تیرۆریستێکی داعش نەکرد لەکاتی کەمپینەکەدا." بەڵام یەکەکان لێکۆڵینەوەی فراوانیان ئەنجامدا بۆ بوونی چەکدار لە فڕۆکەخانە سەربازییەکانی باکور و باشوری روتبە و ژمارەیەك گوندی دوورەدەست.
دولهیمی وتی کەمپینەکە هەنگاوێکی باشە، بەڵام پێیوابوو "بەپێی پێویست نیە" بۆ بنەبڕکردنی هەموو حەشارگەكانی تیرۆریستان لە ناوچەی بیابان لە خۆرئاوای عێراق.
وتیشی: "پێویستمان بە ههڵمهتی هەفتانە هەیە لە تەواوی ساڵەکەدا تا بەردەوام دوای ئەندامانی تیرۆریستان بکەوین و هێرشیان بکەینهسهر.
ههروهها وتی ئەوان "نابێت دەرفەتیان پێبدرێت خۆیان کۆبکەنەوە و بیابانهكه بەکاربهێنن وەك بنکەیەك یان رێچكهیهك بۆ هێرشکردنەسەر شارەکان و بەئامانجگرتنی مەدەنیەکان".
دولهیمی داوای کردنەوەی بنکەی هەمیشەیی سەربازیی کرد لە ناوچە دووردەستەکان و جێگیرکردنی یەکەی ئاسمانی تەواو چەکدارکراو تا بتوانن چەکداران بدۆزنەوە و دوایان بکەون و هێرشیان بکەنەسەر.