دادگایەکی ئەڵمانیا هەینی (2 تشیرینی یەکەم) سزای سەپاند بەسەر ژنی راپەڕێکدا کە بووبووه تووندڕەو، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو بەهۆی بەشداربوونیهوه لە کۆیلەکردنی کچێکی ئێزیدیدا لە سوریا.
لەلایەن دادگاوە بە ئومەیمە ئەی، 36 ساڵ، ناسێنرا، کە ژنێکی ئەڵمانی-تونسییە و تۆمەتبارە بە بوونی پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه لەلایەن دادگایەکی هەرێمییهوه لە هامبۆرگ.
دادوەرەکان تۆمەتباریشیانكرد بە پێشێلکردنی ئەرکەکەی وەک دایکێک بە بردنی سێ منداڵە بچووکەکەی بۆ ناوچەیەکی شەڕ، هەروەها بەگوێرهی ماددەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی شەڕ لهسهر بەکارهێنانی تفەنگی کڵاشینکۆڤ.
لە دەستپێکی 2015، ژنەکە و سێ منداڵەکەی چوونە ریزی مێردەکەیەوە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش لە سوریا.
دوای کوژرانی مێردهكهی، ئومەیمە ئەی شوویكرد بە راپەرێكی ئهندامی باندێك له بهرلین کە پێشتر چووبووە نێو ریزەکانی گروپە تیرۆریستییەکەوه.
دێنیس کوسپێرتی راپەر، کە زیاتر بە "دێسۆ دۆگگ" ناسرابوو، لە 2014 چووە نێو ریزەکانی داعش. بەگوێرەی راپۆرتە میدییایهکان، ناوبراو لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 2018 لە سوریا کوژرا.
دادوەرەکان بۆیاندەرکەوت كه تۆمەتبارەکە بەشداربووە لە بەکۆیلەکردنی کچێکی 13 ساڵ لە کەمینەی ئێزیدییەکان.
ناوەندی پەخشی جەماوەری ئێن دی ئاڕ رایگەیاند كه لە دادگاییەکەدا، ئومەیمە ئەی وتی "پێنج ساڵ پێش ئێستا هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامداوە"، کاتێک چۆته ریزی یەکەمین هاوسەری لە رەقە، کە ئەوکات پایتەختی داعش بوو لە سوریا.
وتی کچە ئێزیدییەکە "میوان" بووە لە ماڵەکەیاندا.
ژنەکە وتی: "داوای لێبووردنی لێدەکەم کە نەمتوانیوە یارمەتیی بدەم."
بەڵام نوسینگەی داواكاری گشتی رایگەیاند کە ئومهیمه ئهی هەرگیز لە گروپە تووندڕەوەکە جیانەبۆتەوە.
پارێزەرەکەی وتی ئومهیمه ئهی تهنها ماڵەکەی بەڕێوەبردووه و ئاگای لە منداڵەکانی بووه بەبێئەوەی پشتیوانی بكات له کردە چەکدارییەکانی هەردوو مێردەکەی.
دوو دادگایی دیکە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوون کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە دژی ئێزیدییەکانەوە هەبوو.
ژنێکی ئەڵمانی لە نیسانی 2019وە لە قهفهسی دادگادایه بە تاوانی جەنگ و کوشتن، تۆمەتبارکراوە بە بەجێهێشتنی کچێکی پێنجساڵان تا لە تینواندا مردووە لە عێراق.
پەیوەندیدار بە هەمان تاوان، پیاوێکی عێراق لە نیسانی رابردووەوە له دادگاییكردندایه لە فرانکفۆرت بە تۆمەتی کوشتن و جێنۆساید، کە بهگوێرهی راپۆرتهكان لهمهوبهر شتی وا لە دژی ئەندامێکی داعش ئەنجامنەدراوە.