پیاوێک کە پێدەچێت پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە هەبێت هەینی (24 نیسان) لە ئەڵمانیا دادگایی دەکرێت، بەتۆمەتی جینۆساید و کوشتنی منداڵێکی ئێزیدی کە وەک کەنیزەک رایگرتبوو.
پیاوە عێراقییە 37 ساڵەکە، کە تەنها بە تەها ئهل-ج ناسراوە، تۆمەتباریشە بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کەیسەکە لە دادگاکانی فرانکفۆرت بەڕێوەدەچێت.
هاوسەرەکەی، ژنێکی ئەڵمانی بهناوی جێنیفەر ڤێنیش، لە دادگایەکی میونخ بۆ ماوەی ساڵێکە دادگایی دەکرێت.
ئەویش تۆمەتبارە بە کوشتنی کچێکی گەنجی ئێزیدی کە پێدەچێت هەردووکیان لێگهڕابن لە تینواندا بمرێت لە شاری فەلوجەی عێراق ساڵی 2015.
دەستپێکی دادگاییەکەی ڤێنیش نیسانی ساڵی رابردوو بە یەکەمین دادگاییکردنی فەرمی لە جیهاندا دانرا لهسهر راوهدوونانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لهلایهن داعشهوه.
دایکی کچە گەنجەکە، تەنها بە ناوی یەکەمی ناسراوە کە نۆرایە، چەند جارێک وتەی لێوەرگیراوە دەربارەی ئەو ئازارە دەروونی و جەستەییەی دووچاری منداڵەکەی دهبووهوە، کە ناوی رانیا بوو.
بەڵگەکانی دادگا ئەوە دەردەخەن کە تەها ئەل-ج لە ئازاری 2013 چۆتە ریزەکانی داعشهوه، لەوێ چەندین پێگەی جیاوازی هەبووە له گروپەکەدا لە شاری رەقەی سوریا، هەروەها له عێراق و تورکیاش.
زنجیرەیهك له مامهڵهی خراپ
داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێن تۆماربارەکە ژنێکی کەمینەی ئێزیدییەکان و کچە پێنج ساڵانەکەی وەک کەنیزەک کڕیوە لە کۆتایی نیسان یان سەرەتای حوزەیرانی 2015.
بەگوێرەی وتەی داواکارانی گشتی، ناوبراو دواتر بردوونی بۆ فەلوجە، لەوێش زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون و هەندێك جاریش خواردنی لێگرتوونەتەوە.
لە هاوینی 2015، دوای زنجیرەیەک مامهڵهی خراپ، کچە گەنجەکە لەلایەن ئەل-ج بە پەنجەرەیەکی ماڵێکەوە بەستراوەتەوە کە لەوێ لەگەڵ دایکیدا ژیاوە، ئەمەش وەک "سزا" لە بەرامبەر تەڕکردنی سەرجێگاکەی.
کچەکە لە تینوواندا مرد لە پلەی گەرمی نزیکەی 50 پلەی سهدیدا (122 پلهی فارانایت).
هەردووکیان زۆریان لە دایکەکە کردووە بە پێی پەتی لەدەرەوە بەسەر خاکی هەڵقرچاو و سووتێنەردا بڕوات، ئەمەش بووەتە هۆی سووتاویی سهخت.
دایک و کچەکە لە هاوینی 2014 رفێنرابوون دوای ئەوەی داعش ناوچەی شەنگالی داگیرکرد.
داواکارانی گشتی دەڵێن چەند جارێکی تر بهردهوام لە "بازاڕی کۆیلەکان" فرۆشراونهتهوه.
کەیسەکەی فرانکفۆرت پێدەچێت لانیکەم تا ئاب درێژە بکێشێت و لەژێر چاودێرییەکی تووندی پۆلیسدا بەڕێوەبچێت.
ئەل-ج لە یۆنان لە ئایاری 2019 دەستگیرکرا، پێشئەوەی لە تشرینی یەکەم بنێردرێتهوه بۆ ئەڵمانیا، کە لەوکاتەوە دەستگیرکراوە و چاوەڕوانی دادگایە.