مافی مرۆڤ

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا کارەسات بۆ مەدەنیەکانی سوریا دروستدەکەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

ئەندامانی کڵاوسپیەکان لەنێو داروپەردووی خانویەکدا راوەستاون كه‌ لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی روسیاوە روخێندراوه‌ لە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوای سوریا بوونەتە هۆی وێرانکاری بە ئاستێکی زەبەلاح، بەرهەمێکی زۆری کشتوکاڵی و بازرگانییان لەناوبردووە و منداڵانیان لە خوێندن بێبەریکردووە، چالاکوانان وتیان.

هێرشە ئاسمانیەکان بوونەتە هۆی شەپۆلێك لە ئاوارەیی، بەجۆرێك هەندێك لە سورییەکان دەڵێن روسیا دەیەوێت گۆڕانکاریی دیمۆگرافی ئەنجامبدات لە ناوچەکە تا دڵنیابێت لەوەی ناگەڕێنەوە.

جوتیارێكی ئیدلیب مەحمود ئیسماعیل بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا کە پارێزگاکە و کەنارەکانیان کردۆتە ئامانج، بوونەتە هۆی راوەستانی تەواوی کارە کشتوکاڵیەکان، چونکە جوتیاران دەترسن لەوەی بەئامانج بکرێن.

وتی وه‌ك ده‌زانرێت زۆر کێڵگە لە ئیدلیب زیانیان بەرکەوتووە و ئاماژەیکرد بەوەی پارێزگاکە گەورەترین بەرهەمهێنەری زەیتون و رۆنی زەیتونە.

image

هێرشێکی ئاسمانی روسیا ئەم خوێندنگەیەی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب رووخاند. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

image

ئەندامانی کڵاوسپیەکان ئاگرێك دەکوژێننەوە کە دەوترێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی روسیاوە دروستبووە لە ناوچەیەکی دارستانی نزیك بە ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

ئیسماعیل وتی هێرشەکانی روسیا زیانیشیان بە كاروكاسبی گەیاندووە، چونکە زۆر خاوەن تراکتۆری کشتوکاڵی و بازرگانان، کارەکانیان راوەستاوە.

ئەمە دوکاندارەکانی ناچارکردووە ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن لە دەرەوەی ناوچەکەوە هاوردە بکەن، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکه‌ بنەڕەتییه‌كان.

هاوکات، هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا بوونەتە هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر کە بە هەزاران هێکتار لە زەوی کشتوکاڵی و ناوچەی دارستانییان لەناوبردووە و ئاماژەیکرد بەوەی هێرشەکان تەنانەت ئەو ناوچانەیان کردۆتە ئامانج کە هیچ چەکدارێکیان لێنەبووە.

وتی کڵاوسپییەکان بەزەحمەت دەتوانن ئەم ئاگرانە کۆنترۆڵبکەن.

ئیسماعیل وتی: "وادەردەکەوێت مەبەست ئەوە بێت ئەم ناوچانە بکرێنە زەوییەك کە بۆ ژیان نه‌شێن." وتیشی هەزاران خانوو روخاون بە تۆپباران کە تاڕادەیه‌ك رۆژانە ئەنجامدەدرێن.

خوێندنگەکان داخراون

ئەندامێكی کڵاوسپیەکان، خالید خەتیب بە دیارونای وت ناوچە کشتوکاڵیەکان لە ئیدلیب لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا و تۆپبارانی رژێمی سوریاوە کراونەتە ئامانج.

وتیشی ئەمە جگە لە مینی چێنراوی هەڕەمەکی و تەقەمەنیی نەتەقاوە، لەنێویاندا بۆمبی گەرمی و هێشوویی، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی روسیاوە بەردەدرێنەوە و جوتیارانیان کوشتووە و بریندارکردووە.

وتی: "زۆر شارۆچکە و گوند بەتەواوی تەختکراون بەشێوەیەکی ئەنقەست و بەرنامە بۆ داڕێژراو." هه‌روه‌ها وتی وادیارە روسیا هەوڵدەدات گۆڕانکاریی دیمۆگرافی ئەنجامبدات "بە دەرکردنی دانیشتوان لە ناوچەکە بەرەو ناوچە سنورییەکان".

خەتیب وتی ئاوارەکردنی ناچاریی ئەو ژمارە زۆرە لە مەدەنیەکان، لەگەڵ تێکشکاندن و زیانگەیاندن بە دەیان لە خوێندنگەكان، بەشێوەیەکی تووند ئاستەنگی خستۆتە بەردەم خوێندنی منداڵان.

وتیشی ئەمە مانای وایە "تەواوی نەوەیەکی منداڵانی ئیدلیب و دەوروبەری بەشێوەیەکی کاریگەر لە خوێندن دابڕێندراون، جگە لە رێژەیەکی کەم لە منداڵان کە لەنێو شاری ئیدلیبدا ماونەتەوە".

وتی بەڵام تەنانەت ئەو منداڵانەش ناچنە خوێندنگەکان بەشێوەیەکی ئاسایی، چونکە هەرکات گوێیان لە دەنگی فڕۆکەی جەنگی بێت به‌دووی پەناگەیه‌كدا ده‌گه‌ڕێن بۆ خۆشاردنەوە.

شارۆچکە و گوندەکان چۆڵکراون

چالاکوانێكی مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان کە لەئێستادا لە ناوچە سنورییەکان ئاوارەیە، بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەییان لە هەزاران مەدەنی دروستکرد.

وتی دەیان شارۆچکە و گوند لە دانیشتوانیان چۆڵکراون، هەموو جۆرە کارێك راوەستاوە و هەزاران دوکان داخراون.

نوعمان وتی ئەمە بە هەزاران دوکاندار و کرێکاری بێ داهات هێشتۆتەوە "چونکە ئەستەمە کاربکەیت لە کەمپەکاندا".

وتیشی هیچ دەرفەتێکی کار لە کەمپەکاندا نییە و زۆرێك لە دانیشتوانی کەمپەکان پشت بەو کۆمەکە دەبەستن کە لەلایەن رێکخراوە فریاگوزارییەکانەوە دابینکراوە و هێشتا لە ناوچەکە کاردەکەن.

وتی تەنانەت ئەو دوکانانەش كه‌ هێشتا لە شاری ئیدلیب کاردەکەن، زەحمەت ده‌چێژن بەهۆی کەمی توانای کڕینی دانیشتوان و ئابورییەکی خراپەوە.

وتی زۆرێك لەو بازرگانانەی ئاوارەکران هه‌موو ئه‌و پارەیه‌ی كۆیانكردبووه‌وه‌ لە ماوەی ئاوارەییدا خەرجکرد و بەگشتی ناتوانن كاروكاسبیه‌كانیان زیندووبکەنەوە، تەنانەت گەر بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500