چاودێریی چڕی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەكان وای لە پڕوپاگەندەچیەکانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کردووە بە دوای رێگەی نوێدا بگەڕێن تا لێیانەوە ئایدیۆلۆژیای تووندڕەوی گروپەکە بڵاوبکەنەوە، توێژەران وتیان.
تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی سەر ئینتەرنێت -- لهنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئاپ و تەلەگرام -- ئەو پەیج و کەناڵانەیان داخستووە کە سەر بە داعشن، ئەمەش وایکردووە روو لە پلاتفۆڕمە کەمناسراوەکان بکەن بۆئەوەی بتوانن لەسەر ئینتەرنێت چالاكبن.
بەگوێرەی ناوەندی میدیای دیجیتاڵی عێراق، لە هەفتەکانی رابردوودا ئەندامانی پەیوەندیدار بە داعش لە هووپ مەسنجەر بینراون، کە نهرمهكاڵایهكی نوێیە، لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ "دەربازبوون لە هەڵمەتی داخستنی هەژمارەکانیان لە تۆڕە بەربڵاو و ناودارەکاندا".
تایبەتمەندێكی بواری ئەمنیەتی میدیایی، سەعید جەیاشی بە دیارونای وت ئەمە دەریدەخات کە داعش بۆ پێگەی نوێی ئۆنلاین دەگەڕێت، کە دەیانەوێت پڕوپاگەندەکانیان بڵاوبکەنەوە و خۆیان لە چاودێری بەدووربگرن.
وتی پێش ئەوەی هەوڵی بەکارهێنانی هووپ مەسنجەر بدەن، تووندڕەوان روویان لە "نهرمهكاڵای نامه گۆڕینەوەی روسی، تامتام، کردبوو، دوای ئەوەی هەزاران هەژمار و پەیجیان لە فەیسبووک، تویتەر، واتسئاپ و لەمدواییانەشدا تەلەگرام لێداخران".
وەک هێمایەک کە ئەوانه دووچاری سەختیدەبنەوە لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیاندا لەڕێی کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، داعش گەڕانەکانی بۆ دۆزینەوەی پێگەی نوێ زیاترکردووە.
وتی سەرباری ئەو فشارانەی لەسەریانە، گروپەکە "هێشتا توانای دەستڕاگەیشتنی بە پێگە ئەلیکترۆنییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بڵاوکراوەکانی هەیە" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە داعش "هەڕەشەیهكی ئایدیۆلۆژییه" و دهبێت هەوڵەکان بهردهوامبن بۆ كهمكردنهوهی ئامادەیی گروپەکە لهسهر ئینتهرنێت.
هەواڵی زیادهڕۆ و ماوه بەسەرچوو
جەیاشی وتی ئامادەیی سهر ئینتهرنێتی داعش زۆر گەورەترە لە ئامادەیی لەسەر ئەرزی واقیع و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بهردهوامیدهدات به کەناڵەکانی لەژێر چەند ناوێکی جیاوازدا و بەردەوامییشدەدات بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی نەبا.
بەڵام زۆربەی ئەو بەناو هەواڵانەی بڵاویدەکاتەوە زیادەڕۆییان تێدادەکرێت یان ماوەیان بهسەرچووه.
جەیاشی وتی لێکۆڵینەوەیەک لە ناوەڕۆکی ئۆنلاینی گروپەکە دەریدەخات کە لەسەدا 70 سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆن و چالاکیانهن "کە هەرگیز روویاننەداوە، یان زیادەڕۆییان تێدادەکرێت یان ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا روویانداوە".
ناوەندی میدیای دیجیتاڵی رایگەیاند كه چەند کەناڵێکی داعشی لەسەر هووپ مەسنجەر ناسیوەتەوە، کە هەزاران لایەنگری ههیه و هەواڵ و وێنە بڵاودهكهنهوه. ئەو کەناڵانە هێشتا دانەخراون، هەرچەندە نهرمهكاڵاكه تایبەتمەندی ئهوهی ههیه كه بابهتهكانی ریپۆرت بكرێن.
بەگوێرەی شارەزایهك، ئەحمەد سەماوی، ناوەندەکە رایگهیاند كه گروپی تەکنەلۆژیی ئافاق، كه سەر بە داعشه، ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی کردووە تا هووپ مەسنجەر بەکاربهێنن چونکە "جێگرەیەکی پارێزراوە بۆ چاتکردن و ئاڵوگۆڕکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ".
وتی ئەمە لەبەر ئەوەیە کە نهرمهكاڵاكه میکانیزمێکی کاریگەری ئینکریپشنی هەیە كه دهتوانێت ئای پی ئەدرێسی راستهقینه بشارێتهوه و ریکوێستی سهر ئینتهرنێت و داتا بگهڕێنێتهوه لەڕێی سێرڤەری ساختەوە زیادكردنی پارێزراوی.
وتی لەو لایەنەوە هاوشێوەی نهرمهكاڵای تەلەگرامە، کە رێگە بە دروستکردنی کەناڵی ئینکریپتکراو دەدات، جگه له تایبەتمەندییە تەکنیکیەکانی.
رووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندەکانی داعش
پڕۆفیسۆرێکی کۆلێژی راگەیاندن لە زانکۆی بەغدا، عەبدول سەلام سەمیر بە دیارونای وت: "داعش ئەمڕۆ وەک پێشتر ئەو نیعمەتەی بڵاوکردنەوەی بڵاوکارەکانیان بەشێوەیەکی ئازادانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەستدا نییە."
وتی گروپەکە هووپ مەسنجەری دۆزیوەتەوە، لانیکەم بەشێوەیەکی کاتی، "وەک رێگەیەک بۆ خۆلادان لە فشارەکان کە بوونەتە بەربەست لە بەردەم پڕوپاگەندەکانیاندا بۆ بینەر و لایەنگرانیان، کە دەیەوێت لەڕێی بیروباوەڕە تووندوتیژەکانیانهوه فریویانبدەن".
سەمیر ئاماژەیكرد بە رۆڵی چاودێریکردنی ئۆنلاین و ناوەندەکانی چاودێریکردن لە سەرانسەری جیهاندا و هەروەها رۆڵی کۆمپانیاكانی خاوەنی نهرمهكاڵاكان، کە چەندین پلاتفۆڕمی داعشیان داخستووە و چالاکانە رووبەڕووی پڕوپاگەندەکانی دەبنەوە.
جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەشداربوون لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندەی داعشدا بۆ رێگریکردن لە گروپەکە لە "شۆردنەوەی مێشکی خەڵك بەمەبەستی راکێشانی چەکداران بۆ پڕكردنهوهی ریزەکانی و قهرهبووكردنهوهی ئەو دۆڕانانەی بهسهری هاتوون".
بەڕێوبەری روانگەی عێراقی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری، هادی جەلۆ مەرعی بە دیارونای وت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمساڵانەی دواییدا "ئەزمون و شارەزاییەکی چڕی پەیداکردووە" لە ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی تووندڕەوانە لەسەر پێگەکانی ئینتەرنێت.
وتی روانگەکە مەبەستێتی "دژی ئەو تاکتیکە نوێیانە بوەستێتەوە کە لەلایەن ئهندامانی داعشەوە بەکاردەهێنرێن لە رووکردنە ئەو نهرمهكاڵایانهی کەمترناسراون،" بە بەدواکەوتنی هەژمار و کەناڵەکانیان لەسەر هووپ مەسنجەر و ئەو پلاتفۆڕمانەی دی كه کەمترناسراون.
مهرعی وتی: "داعش زۆربەی دەسەڵاتەکەی لە ئەرزی واقیعدا لەدەستداوە، ئێستاش دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت بەردەوامیبدات بە ئامادەیی لهسهر ئینتهرنێت." وتی بەڵام دووچاری فشاری سەخت دەبێتەوە و تواناشی بۆ خۆحەشاردان و مانۆڕ لەکەمبوونەوەدایە.