سوپای ئەمریکا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات کە "بە سەرکەوتوویی" رێگریکردووه لە هەوڵەکانی پڕوپاگەندەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) له‌سه‌ر ئینته‌رنێت لە هەڵمەتێکی هاککردندا کە بەروارەکەی لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ 2016، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
بانگه‌شه‌كه لەرێی چەند بەڵگەنامەیەکی ئاشكراكراوی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه كرا كه سێشەممە (21 کانونی دووەم) بڵاوکرانەوە.
بەڵگەنامەکان، کە بۆ بڵاوکردنەوە دەسکاریکرابوون و پێشتر بەڵگەی زۆر نهێنی بوون، رایانگەیاند كه فەرماندەیی ئەلیکترۆنی ئەمریکا "بە سەرکەوتوویی زه‌فه‌ری به داعش برد لە بواری ته‌كنۆلۆژیای زانیاری‌دا" و هەوڵەکانی گروپەکەی له‌سه‌ر ئینته‌رنێت سنوورداركرد بۆ بڵاوکردنەوەی تووندڕەوی و هه‌وڵه‌كانی راکێشانی ئه‌ندامان بۆ ناو ریزه‌كانی.
ئاژانسەکە ئەمەی بە "تەرخانکردنی کات و سەرچاوەی دارایی" لەسەر گروپەکە ئەنجامدا.
ئەم بەڵگانە کە لەلایەن بەشی ئەرشیفی ئەمنییەتی نەتەوەییه‌وه لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بڵاوکراونەتەوە، روانینێکی زۆر نزیکمان بۆ دەردەخەن لە "ئۆپەراسیۆنی سیمفۆنیای پرشنگدار"، یەکەمین هەڵمەتی پەلاماری ئەلیکترۆنی کە لەلایەن په‌نتاگۆنەوە ئاماژەی پێدرابێت.
بەڵگەنامەکان ئاماژەیان کرد بە "رێگریکردنێکی گرنگ" لەو هەڵمەتانه‌ی داعش له‌سه‌ر ئینته‌رنێت پشتگیری‌یان دەکات و ئاماژەیانکرد بۆ ئەوەش کە هەوڵەکانی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی هێواشکرانەوە بە پرۆسەیەکی "درێژ و سەخت" بۆ به‌ده‌ستهێنانی رەزامەندی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان.
بەگوێرەی بەڵگەکان، به‌هۆی چاوەڕوانیكردنی ئه‌وه‌ی "ئۆپەراسیۆنی زیاتر و بەرفراوانی ئه‌لیكترۆنی" ئه‌نجامبدرێن، دەبێت رێوشوێنی باشتر بگیرێنه‌به‌ر بۆ "یارمەتیدانی خێراکردنی پڕۆسەی داواکردن و رەزامەندیدەربڕین".
چەکە ئەلیکترۆنیه‌كان بۆ هێرشبردن
بەرپرسان پێشتر بەکارهێنانی چەکە ئەلیکترۆنیه‌كانی هێرشبردنیان وەک بەشێک لە کەلوپەلی شه‌ڕی ئەمریکا په‌سه‌ندكردبوو.
بەڵام ئەو بەڵگە نوێیانەی بڵاوكرانه‌وه، وردترین زانیاری ده‌خه‌نه‌به‌رده‌ست له‌سه‌ر جوڵەکانی دژ بە داعش لەلایەن هێزێکی کردەی هاوبەشەوە کە باراک ئۆباما لە 2016 پێکیهێنا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بەشی ئەرشیفی زانکۆکە، "سیمفۆنیای پڕشنگدار" لە سەرەتادا بۆ ماوەی 30 رۆژ رێی پێ‌درابوو لە کۆتاییەکانی 2016 بەڵام نامەیەکی ئیداری له تەموزی 2017 درێژه‌ی دا به ئۆپەراسیۆنەکە.
بەشی ئەرشیفی زانکۆی جۆرج واشنتۆن رایگەیاند كه بەڵگەنامەکان، کە لەسەر داواکاریی یاسای ئازادیی زانیاری بڵاوکرانەوە، "ئاڵۆزیی ئۆپەراسیۆنەکە دەردەخەن، کە ده‌بێته هۆی ئاڵەنگاری لە هەماهەنگی و کەمکردنەوەی ئەگەری پێکهەڵپژاندا، لەگەڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی کاریگەری".
هەڵمەتی هاککردنەکە کاردانەوەی ئەمریکا دەردەخات لە نیگەرانییەکانی دەربارەی ئەوەی چۆن گروپە تووندڕەوەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییەكانی ئینته‌رنێت به‌كارده‌هێنن بۆ بره‌ودان به مه‌سه‌له‌كه‌یان، کە زۆربەی جار هه‌وڵده‌ده‌ن پڕوپاگەندە بكه‌ن بۆ راکێشانی ئه‌ندامان و بڵاوکردنەوەی تووندڕەوی.