هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

داعش لە هه‌موو جیهاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان راودەنرێت

خالید تائی

وێنەیەك لە ڤیدۆیەکی داعشەوە وەرگیراوە کە لە 6 ئایار 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی گروپەکە نیشاندەدات کە هەوڵی بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارانی دەدەن. [فایل]

وێنەیەك لە ڤیدۆیەکی داعشەوە وەرگیراوە کە لە 6 ئایار 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی گروپەکە نیشاندەدات کە هەوڵی بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارانی دەدەن. [فایل]

شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بۆتەوە له‌ هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت.

هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکان -- لەنێویاندا فەیسبوك، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- كه‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووە و ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی.

ئەمە زیاتر ده‌ركه‌وت کاتێك ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بە ئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه‌ هێرشەکەی 29 تشرینی دووەمی سه‌ر پردێكی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیامگۆڕینەوەی رووسییەوە بەناوی تامتام.

دەستبەجێ دوای چەند رۆژێك لە هێرشەکە، بە هەزاران ئەکاونت و كه‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن.

شیکاروانان دەڵێن داعش شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ قۆرخکردنی مەیدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. [فایل]

شیکاروانان دەڵێن داعش شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ قۆرخکردنی مەیدانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. [فایل]

بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3 کانونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بە داعشی سڕییەوە و بەشێوەیەکی کاریگەر گروپەکەی لە مینبەرەکە دەرکرد.

لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش

مامۆستای توێژینه‌وه‌ رۆژنامەوانیەکان لە زانکۆی بەغدا، رەعد کەعبی وتی هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان "سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێك کە بیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان".

کەعبی بە دیارونای وت وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لە هەر رێگەیەکەوە بێت.

زۆرێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئالگۆریزمی وایان چێکردووە کە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به‌ داعش ده‌ده‌ن.

لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8,500 كه‌ناڵی قەدەغەکردووە کە پروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە. داعش گواستییه‌وه‌ بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لە تویتەر و فەیسبوك دەرکرایە دەرەوە.

هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبوکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و سناپچات و تیکۆك، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاكان و فیلته‌ره‌كانی هزری دەستکردەوە چاودێریدەکرێن.

لە تشرینی دووەم، کارمەندێکی تیك تۆك بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی 10 ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەك کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بە چەکەوە.

تیك تۆك، کە رێ بە بەکارهێنەرانی دەدات ڤیدۆی 15 چرکەیی دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاواندا باوە.

پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەكێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووە و نزیکەی 26,000 ماڵپەڕ و ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە.

هەڵمەتەکە ئەوکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەك ئاژانسی هەواڵی ناشر، کە بابەته‌كانی ئەعماقی بڵاودەکردەوە، كه‌ باڵی پروپاگەندەی داعشه‌.

سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بە ئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کە دەگەڕێتەوە بۆ 2016.

پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21 کانونی دووەم بڵاوکرانەوە و رایانگەیاند كه‌ فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا "بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لە بواری زانیاری" و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵك.

کەعبی وتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت "سەرکەوتوو بووە" و وتیشی سەرکەوتنەکە "رێ لە تیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەر، مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن".

رێگرتن لە پروپاگەندەی داعش

پسپۆڕی عێراقی له‌ بواری هەواڵگریدا، فازل ئەبوڕەغیف وتی لە عێراق، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توانیویانە رێگربن لە چالاکیە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن.

بە دیارونای وت ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕ و کەسێك کە تێوەگلابوون لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی "چەندین پەیج و ئەکاونت کە پشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان".

وتی نزیکەی 2,000 کەس لە تەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و وتیشی 22,000 مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون.

ئەبوڕەغیف وتی بە دەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لە تەواوی جیهاندا و داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان "سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بە کارنامەکەی".

وتیشی: "هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن كه‌ رێده‌گرن لەمە."

بەڵام هۆشداریی دا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو "هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن".

وتی بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە "دەبێت چاودێری ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە".

سەرنج لەسەر چالاکیەکانی داعش

بەڕێوبەری رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی رۆژنامه‌وانان، ئیبراهیم سەراجی وتی داعش "گەیشتۆتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناكانی شه‌ڕكردنی".

بە دیارونای وت: "هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه‌ بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له‌ تیرۆریزم دەکەن."

سەراجی وتی سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵە و چالاکیەکانی داعشە و راستیەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیكه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ دەتوانن لەوە رزگاربن کە ئاشکرا بكرێن و بەدوویان بکەون.

جەختیکردەوە لە پێویستیی جێبەجێکردنی "یاسای نێودەوڵەتیی تووند" کە رێگر بن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوە و برەودان به‌ تووندڕەوی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500