بهگوێرهی راپۆرتهكان، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆی سەختە بەردەوامی بدات به جێدەستی خۆی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
هەزاران له ئهكاونتهكانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەربە داعش کە برەو بە ئایدۆلۆژیا و ئۆپەراسیۆنە لادەرەکانی دەدەن، چاودێرییان لەسەرە و هاککراون یان هەڵپەسێردراون.
پسپۆڕی ئاسایشی میدیا، سەعید جەیاشی بە دیارونای وت ئەندامانی داعش بەردەوام هەوڵی پشخستنی ستراتیژییهتیان دهدهن لهسەر ئینتەرنێت بە بەکارهێنانی بەرنامەکانی پەیامگۆڕینەوەی وەك تەلەگرام و تامتام بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی گروپەکە.
جەیاشی وتی: "ئینتەرنێت بە مەیدانێکی گرنگ بۆ تیرۆریستان دادەنرێت. هەربۆیە دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن بۆ دەستنیشانکردن و داخستنی ئەکاونتە تیرۆریستیەکان."
بەکارهێنەرانی تەلەگرامی داعش هەستیان بە فشاری ئەم هەڵمەتە کردووە بۆسەر ئەکاونتەکانیان، وەك لە هەڵمەتێکی ئەمدواییانەیاندا دەردەکەوێت بۆ داخستنی کەناڵێك كه چالاکیە تیرۆریستیەکانیانی دەردەخست.
کەناڵەكه بهناوی "راپۆرتبده_داعش" نزیکەی 315 ئەندامی هەیە و لیستێك لە کەناڵ و رۆبۆتە ئینتەرنێتیەکانی داعشی لایە، داوا لە بەکارهێنەرانی دەکات راپۆرتیان لێبدەن.
دهزگای دژهتیرۆریزمی عێراقیش هێرشیكردۆته سهر ئهكاونتهكانی تویتهری سهر به داعش لهڕێی چاودێریكردن و راپۆرتدانهوه لێیان لهسهر پهیجی تویتهری ئاسایشی ئینتهرنێتی دهزگای دژهتیرۆریزم.
هەوڵەکان بۆ هەڵپەساردنی ئهكاونتهكانی سەربە داعش بەردەوامن.
کاربەدەستانی عێراق پشتڕاستیانکردۆتەوە کە نزیکەی 7,000 ئهكاونتی سەربە داعش، کە زیاتر لە تویتەر و تەلەگرامن، لە کانونی دوومەوە هەڵپەسێردراون.
جەیاشی وتی کۆمپانیاکانی سۆفتوێر، ئەلگۆریزم بەکاردەهێنن بۆ راپۆرتدان و سڕینەوەی هەر بابەتێك کە بە "هەواڵی ساختە" دابنرێت یان تووندوتیژی و رقوكینه بڵاوبکاتەوە.
وتی داخستنی ئهكاونتهكانی سەربە تیرۆریستان مهیسهردەبێت بە یارمەتی هۆشیاریی بەرزی جەماوەری و ئاماژەیکرد بەوەی جەماوەر رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پشتیوانیكردنی هەڵمەتەکانی چاودێریکردندا.
جەیاشی ئاماژەی بەوەش کرد كه چۆن داعش هەواڵی تیرۆرکردنی فەرماندەیهكی سوپای عێراق، عەمید عەلی غەیدانی شێواند، كه له 17ی تەمموز كوژرا، وەك نمونەیەك بۆ جۆرەکانی پروپاگەندە کە هەوڵیداوە لەسەر ئینتەرنێت بڵاویانبکاتەوە.
ئهكاونتهكانی سەربە داعش بانگهشهی ئهوهیان كرد گوایە غەیدان لە کەمینێکی گەورەی داعشدا کوژراوە، بەڵام میدیای عێراق رایگەیاند کە لەلایەن نیشانگرێکی داعشەوە کوژراوە.
بەگوێرەی جەیاشی، بڕی هەواڵی ساختە و زیادپێوەنراو کە داعش بڵاویکردۆتەوە لە چەند مانگی رابردوودا لەسەر سەکۆکانی ئینتەرنێت لە لەسەدا 57وە زیادیکردووە بۆ لەسەدا 70، کە وتی دەکرێت هەوڵێك بێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارانیان.
'رێگەیەکی درێژ لەپێشە' بۆ جڵەوکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی داعش
پسپۆڕی هەواڵگری، فازل ئەبوڕەغیف بە دیارونای وت جەنگی ئینتەرنێت دژی داعش رێگەیەکی درێژی لەپێشە چونکە هەموو باڵهكانی میدیای گروپەکە دەکاته ئامانج و هەموو ئهكاونتهكانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئەندامان و پشتیوانانی دەگرێتەوە.
وتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی عێراق "بەشێوەی پورهههنگ" کاردەکەن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەکۆ ئینتەرنێتیەکان کە برەو بە تیرۆریزم دەدەن تا چاودێریی گفتوگۆ و بابەتەکانیان بکهن.
وتیشی لەڕێی چاودێریكردنی ئهكاونتهكانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تووندڕەوانەوە، ژمارەیەك شانەی تیرۆریستی دەرخراون و هەڵوەشێنراونەتەوە و چالاکیەکانیان شکستی پێهێنراوە.
رەعد کەعبی، کە وانەی رۆژنامەوانی دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغدا، بە دیارونای وت داعش سوودی بینیووە لە جیهانی ئینتەرنێت بۆ بەگەڕخستنی ماشێنی پروپاگەندەكهی و پاراستنی ئهكاونتهكانی ئەندامانی لەوەی بناسرێنەوە یان هاکبکرێن.
کەعبی وتی پێویستە بەردەوامی بدرێت بەو هەوڵانە کە مەبەستیان رێگرتنە لە تیرۆریستان بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەکۆ ئینتەرنێتیەکان، کە بەکاریانهێناون بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیا و پەیامە لادەرەکانیان کە هەڕەشەن بۆ ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
وتیشی چەندین "سوپا له هاککەر ههن كه چاودێری فراوانبوونی داعش دەکەن لەسەر ئینتەرنێت و كاریان هاککردن و داخستنی ئهكاونتهكانیانه، لەگەڵ ئەو دەرچە دیجیتاڵیانەی دەچنەوە سەریان".
ئەمەی لهقهڵهمدا بە "بەرپرسیارێتیهکی نیشتمانی و ئەخلاقی" و پێشنیازیکرد کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستبەجێ هەواڵ بە کاربەدەستان بدەن کاتێك دەچنەسەر ئهو سەکۆ ئینتەرنێتیانهی پشتیوانی له تیرۆریزم دهكهن.