هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەرپرسانی عێراق سەردانی شەنگال دەکەن و به‌ڵێنی ئەمنیەت و بونیادنانەوە ده‌ده‌ن

خالید تائی

هێزی پۆلیسی عێراق لە دەروازەی خاڵی پشکنینی شەنگال لە ئایار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی شەنگال]

هێزی پۆلیسی عێراق لە دەروازەی خاڵی پشکنینی شەنگال لە ئایار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی شەنگال]

لەژێر رووناکی ئەو ئاڵنگاریانەی دانیشتوانی شەنگال دووچاری دەبنەوە، وەفدێکی باڵای حکومەت سەردانی شارەکەی باکوری عێراق کرد لە 26 ئاب، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی شارەکە.

وەفدەکە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی سەربازی، لەنێویاندا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەریق عەبدولئەمیر شه‌مه‌ری، پارێزگاری نەینەوا نەجم جبوری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆرئاوای نەینەوا لیوا جەبار تائی.

نوێنەرانی نوسینگەی سەرەکوەزیران، رێکخراوی شەهیدان، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانیش ئامادەبوون.

وەفدەکە گفتوگۆیانکرد دەربارەی چەند پێشنیازێک بۆ باشترکردنی سەقامگیریی شارەکە، چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەوڵەکانی بونیادنانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتوانان.

بڕیاریاندا لیژنەیەکی وەزاریی ناوەند پێکبهێنن لەژێر چاودێری سەرەکوەزیراندا بۆ بونیادنانەوەی شەنگال.

شارە کارەساتبارەکە دوای 5 ساڵ لە ئازادکردن

بەڕێوبەری ئیداره‌ی باکوری شەنگال، خەدیدا جۆکی وتی هەرچەند پێنج ساڵ پێش ئێستا ئازادکراوە، شەنگال هێشتا شارێکی کارەساتبارە. لەژێر کۆنتڕۆڵی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، لەسەدا 85 خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بینا و ماڵەکانی وێرانکران.

بە دیارونای وت شەنگال هیچ هەوڵێکی گەورەی بونیادنانەوەی بەخۆوه‌ نەبینیوە، جگە لە چەند کارێکی سنوورداری نۆژەنکردنەوە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌.

وتی: "بۆنمونە، بەڕێوبەرێتی خانوبەرەی شەنگال ئێستا لە دەرەوەی تەلەعفەر چالاکە، بەڕێوبەرێتی ناسنامە و باری کەسێتی لە دەرەوەی تەلکەیف و بەڕێوبەرێتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ لە شێیخان."

جۆکی وتی: "ئەمە بارگرانییه‌ بۆسەر شانی خێزانانی ناوچەکە و ئەوانەی لە کەمپی ئاوارەکانەوە گەڕاونەتەوە شارەکە."

وتیشی وەفدەکە بڕیاریداوە بودجەیەکی پێویست دیاریبکات بۆ پێویستییەکانی بونیادنانەوە لە شەنگال. هەروەها بەرپرسان داوای کردنەوەی دوو نوسینگەشیان كرد لە شەنگال بۆ بەڕێوبەرێتیەکانی رێکخراوی شەهیدان و کۆچبەران تا ناوەڕاستی ئەیلول.

هه‌روه‌ها وتی وەفدەکە رازیبوون لەسەر درێژکردنەوەی ئەرکی ئه‌و تیمە نێودەوڵەتییه‌ بۆ ساڵێکی دیکە کە کار لەسەر ئه‌و گۆڕە بەکۆمەڵانه‌ دەکەن کە رووفاتی قوربانییە ئێزیدییەکانی دەستی داعشیان تێدایه‌.

هاوکات، پڕۆژەیەکی پێشنیارکراو سەربارەت بە ئەمنیەتی شارەکە كه‌ پێشتر پێشکەشی حکومەت کرابوو، دووبارە رادەستی وەفدەکە کرایەوە لە 26 ئاب.

جۆکی وتی پڕۆژە پێشنیارکراوەکە داوای پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتووی ئێزیدییەکان ده‌كات لە دانیشتوانی شەنگال بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوپا و پۆلیس له‌ سەقامگیرکردن و ئەمینکردنی شارەکەدا. ئەمە دەبێتە هۆی هاندانی گەڕانەوەی دانیشتوانه‌ ئاوارەکە بۆ شەنگال و دەستکردنەوە بە ژیانی ئاسایی خۆیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500