ئەندامێکی کڵاو سپییەکان بە دیارونای وت شەپۆلی گەرما كه چه‌ند به‌شێكی سوریای گرتۆتەوە، بووەتە مایەی نائاسوودەیی زیاتری دانیشتوانه ئاواره‌كان، لەنێویاندا دانیشتووانی کەمپەکانی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب.
خالید خه‌تیب وتی دانیشتوانی کەمپەکان دووچاری دۆخێکی ناهەموار دەبنەوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوه‌ی ژمارەیەک کەس دوای پێوەدانی مار یان دووپشک بۆ چارەسەر گەیاندراونه نەخۆشخانە.
بە دیارونای وت لەناو کەمپەکاندا چه‌ندین حاڵەتی ژەهراویبوون بەهۆی خۆراکەوە تۆمارکراون، لەگەڵ چەند حاڵەتێکی تێکچوونی خواردن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوه و حاڵه‌تی تریش هۆكاره‌كانیان خۆراکی ماوەبەسەرچوو بووه.
وتی لە رووداوێکی ئەمدواییەدا لە کەمپی رەیان لە باکوری خۆرئاوای ئیدلیب، نزیکەی 70 کەس، له‌نێویاندا منداڵان، دوای خواردنی خۆراکی تێکچوو نەخۆشکەوتوون.
وتیشی ئەم حاڵەتە چوارەمین حاڵەتی لەم شێوەیە بوو لە چەند هەفتەیەی رابردوودا و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە چەند حاڵەتێکی تاك و ته‌رای تریش له كه‌مپه‌كه‌دا هه‌بووه.
خه‌تیب وتی ئەو دانیشتوانەی کەمپەکە کە زۆر بەخراپی زیانیان بەرکەوتووە لەلایەن ناوەندە پزیشکیەکانەوە بۆ چارەسەر گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
وتیشی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکیی کەشوهەوا بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسی ئاگرتێبەربوونی خێمەکان لەکاتێکدا زۆر بەئاسانی گڕده‌گرن بە شۆرتی کارەبا یان رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه به‌هۆی ئه‌و بەرهەمە نەوتیانه‌ی بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکاردەهێنرێن.
هه‌روه‌ها وتی ئەو خێزانانەی خێمەکانیان بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەدەستداوە بەتەواوی بێ ماڵوحاڵ ماونه‌ته‌وه، "بەبێ پەناگەیەک و تەنیا بە هه‌ندێك له كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و کەرەستەو‌ه".
وتی هاوکات ئاگر بەردەوامە لە سووتاندنی دارستان و ناوچە کشتوکاڵییەکان و لە هەندێك حاڵەتیشدا بوونه‌ته هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه نه‌ته‌قیوانه‌ی لەلایەن فڕۆکەکانی روسیا و سوریاوە به‌ردراونه‌ته‌وه و تەقینەوەیان لێكه‌وتۆته‌وه.
وتییشی ئەمە سەرباری وێرانکردنی دانەوێڵەکان و مەترسی ئەوەی ئاگرەكان تەشەنەبسێنن بۆ کەمپەکانی ده‌وروبه‌ریان و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کڵاو سپییەکان ماندوونەناسانە کاریانکردووە بۆ رێگرکردن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەكان.