لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا، حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە گەرماوه لە کەمپهكانی ئاوارەکاندا روو لە زیادبوونه، چالاکوانێکی ناوخۆ وتی.
چالاکوانی ئیدلیب، موسعەب عەساف وتی هەندێك خەڵک لە کەوتنەوەی ئاگردا مردوون، لەنێویاندا سێ منداڵ له هەمان خێزان.
وتی پلەکانی گەرما ریکۆردی نوێیان تۆمارکرد، کە لە هەندێك ناوچە گەیشتە 46 پلەی سهدی، ئەمەش بووە هۆی چەندین حاڵەتی پڕوكان و خۆربردهیی (بهخۆرسوتان).
وتی لەنێو کەمپەکەدا، هیچ پارێزگارییەک لە گەرماکە نییە جگە لە کەپری کانڤاس و پلاستیکی و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بەشێک لە کەمپەکان دووچاری کەمیی ئاو بوونەتەوە و ئەمەش بۆتههۆی ئەوەی بەرگەگرتنی گەرمییەکە زهحمهتتربکات.
وتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بههۆی حاڵهتی وشککردنەوە و بەرزبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، کە لە رووداوێکی کەمپی کافر نورانی نزیک باریشا دەوترێت سێ منداڵ گیانیان سپارد و دایکەکەشیان بەسەختی برینداربوو.
وتی کڵاو سپییەکان، لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە کە هێشتا لە پارێزگاکە چالاکن، هەوڵدەدەن ئاو بۆ دانیشتوانە ئاوارەکە دابینبکەن و رێنماییانبکەن سەبارەت بە رێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە گەرماوە.
عەساف وتی هاوکات شەڕەکەش بەردەوامە و لەئەنجامدا مەدەنییەک کوژرا و چەندانی دیکەش بریندار بوون دوای تۆپبارانێکی رژێمی سوریا بۆسەر شاری ئەریحای باشوری ئیدلیب.
سوفوهون و فەتیرەش بۆردومانکران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی رانەگەیەنرا.
بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممە (8 ئەیلول) وتی زیاتر لە 40 ئەندامی ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان و خێزانەکانیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە سوریا.
وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، جێنس لایرکە وتی نزیکەی 200 کەس "کە پێکدێن لە ستاف و کەسانی سەربەخۆ، هاوژین، منداڵ، دایکوباوک، نیشانەکانی کۆڤید-19یان تێدا دەرکەوتووە".
وتیشی: "لەو 200 کەسە، 54 کەسیان ستاف و کارمەندی سەربەخۆن کە دوای پشکنین دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسی کۆڤید-19 بوون."
وتی سێ کەس دەبوو بگوێزرێنەوە، بەڵام زۆربەی ئەوانی دیکە تەنیا نیشانەی "سوکیان" تێدا دەرکەوتووە و وتیشی ڤایرۆسەکە بۆتە هۆی نەخۆشخستنی ئەو کەسانەی لە ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کاردەکەن.
لایرکە وتی: "لەکاتێکدا تووشمانبوو کە ئاستی کۆڤید-19 لە سوریا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی."
"ئێمە پێمانوایە کە بە بەرفراوانی بڵاوبۆتەوە و ژمارە راستەقینەکان زۆر زیاترن لەو حاڵەتانەی بەفەرمی راگەیانراون."
لە بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە، سوریا 3,229 حاڵەتی تووشبوونی بە کۆڤید-19 راگەیاندووە، لەگەڵ 137 مردن کە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێمدا تۆمارکراون.
بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا، دکتۆر و چاودێران نیگەرانی خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری تەقینەوەیەک لە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبووندا بە ڤایرۆسەکە.