هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی موسڵ شەشەمین ساڵیادی داگیرکاریی داعش دەکەنەوە

خالید تائی

سەره‌کوەزیران مستەفا کازمی له‌ 10 حوزەیران سەردانی مزگەوتی گەورەی نوری ده‌كات لە موسڵ لە ساڵیادی داگیرکردنی شارەکەدا لەلایەن داعشەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەره‌کوەزیران]

سەره‌کوەزیران مستەفا کازمی له‌ 10 حوزەیران سەردانی مزگەوتی گەورەی نوری ده‌كات لە موسڵ لە ساڵیادی داگیرکردنی شارەکەدا لەلایەن داعشەوە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەره‌کوەزیران]

دانیشتوانی موسل چوارشەممە (10 حوزەیران) شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شارەکه‌یان لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کردەوە، بە خەمباری و ئیرادەی بونیادنانه‌وه‌ی شارەکەیانه‌وه‌.

شارەکە لە 2014وە بوو بەناو پایتەختی گروپە تووندڕەوەکە تا وەدەرنانی داعش لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانەوە لە تەموزی 2017.

سەره‌کوەزیران مستەفا کازمی چوارشەممە سەردانی مه‌سڵی کرد بۆ بەشداریکردن لەو بۆنەیەدا و کۆبوونەوەیەکی ئه‌نجامدا لەگەل سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانی شارەکە لەگەڵ گەیشتنیدا.

لە بەیاننامەیەکدا وتی: "هەموو عێراقییەکان رۆڵیان بینیووە لە ئازادکردنی موسڵدا... هەر ئێمەش بردمانەوە، سوپاس بۆ قارەمانێتی سەربازەکانمان."

پردی حورییە لە موسڵ لە 10 حوزەیران کرایەوە. [خاوەنی وێنە: كۆمه‌كی دارایی بۆ بونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان]

پردی حورییە لە موسڵ لە 10 حوزەیران کرایەوە. [خاوەنی وێنە: كۆمه‌كی دارایی بۆ بونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان]

وتی: "گەندەڵی و ئیدارەی خراپ هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانی پێشوو بوون." جەختیشی کردەوە لەسەر پاراستنی دانیشتوان و رێنەدان بە دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە 2014 روویدا.

لەمیانه‌ی سەردانەکەیدا بۆ موسڵ، کازمی پردی حورییەی کردەوە دوای نۆژەنکردنەوەی.

هەروەها سەردانی مۆزەخانەی کەلتووریی شارەکە و مزگەوتی گەورەی نوری کرد.

'ئەوانه‌ دڕندە بوون'

"رۆژێکی خه‌مبار بوو،" شۆفێرێکی تاکسی، تەمەن 44 ساڵ، مونزیر سەلمان لە گەڕەکەی زوهور لە خۆرهەڵاتی موسڵ، وتی، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو رۆژەی شارەکە لەلایەن داعشەوە داگیرکرا.

بە دیارونای وت: "بۆ ماوەی دوو ساڵ ئێمە لەژێر دەستی تیرۆریستەکاندا بووین، کە هیچ سۆزێکیان لەدڵدا نییە. ئەوان خەڵکی بێتاوانیان کوشت و ئاوارەکرد و شارەکەیان تاڵان و وێران کرد: ئەوانه‌ دڕندە بوون."

سەلمان، کە رێوشوێنەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) كاریگه‌ری هه‌بووه‌ بۆسه‌ر داهاتەکەی، وتی: "دۆخەکە لەم رۆژانەدا لەڕووی ئابورییەوە سەختە، بەڵام ناتوانرێت بەراوردبکرێت بەو دۆزه‌خه‌ی ئێمەی پێدا تێپەڕیین لەژێر دەستی داعش."

هیواداریش بوو قەیرانە تەندروستییەکە بەمنزیکانە چارەسەربكرێت و ژیان بگەڕێتەوە بارودۆخی جارانی.

عالیە هیشام، 32، کە کاری خۆبەخشی دەکات بۆ دابەشکردنی خواردن بەسەر ئەو خێزانە هەژارانەی پەتاکە کاریگەری لەسەر داناون، بە دیارونای وت خۆی و خێزانەکەی لەنێو ئەوانەدا بوون کە ناچاربوون دوای داگیرکارییەکەی داعش هەڵبێن.

وتی: "ئەمڕۆ چەند بیره‌وەرییەکی ئازاربەخش و تاڵی ئەو خۆشەویستانەمان دێنێتەوە یاد کە گیانیان لەدەستداوە و هەروەها وێرانبوونی شوێنە دێرینه‌كانی شارەکەشمان."

"رۆژگارێکی تاریک بوو."

هیشام وتی: "سەرباری ئەوەی کە روویداوە و ئەو ئاڵەنگارییانەی دووچاری دەبینەوە، هێشتا هیوا هەیە کە دەتوانین بەسەر هەموو کێشەکاندا سەربکەوین و بونیادنانەوەی شارەکەمان تەواوبکەین بۆئەوەی بگەڕێینەوە ژیانی پێشوومان."

وتی گرنگترین شت ئەوەیە کە "تیرۆریستەکانمان له‌كۆڵ بووه‌وه‌ و ئێستا شارەکەمان ئه‌مینه‌".

زیادبوونی سەقامگیری

موسڵ سەقامگیری و ئەمنیەتێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە دوای ئازادکردنی لە دەست داعش.

پارێزگاری موسڵ، زوهەیر ئه‌عره‌جی بە دیارونای وت تەنها پێشێلكردنی ئەمنیی سنووردار و بچوک لە سێ ساڵی رابردوودا تۆمارکراون.

وتی هه‌موو لقه‌كانی هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ هەماهەنگیدەکەن بۆئەوەی موسڵ بە ئه‌مینی بهێڵنەوە بە ده‌رپه‌ڕاندنی شانەکانی داعش و هەڵکوتانە سەر حەشارگەکانیان لە دەوروبەری موسڵ، لە دورگەی نەینەوا و لە شاخە بەردینەکانی پارێزگاکە.

وتیشی هێزەکانی عێراق پارێزبەندییەک بۆ شارەکە دروستدەکەن لە دژی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش.

ئه‌عره‌جی وتی هاوکات حکومەتی ناوخۆ بەردەوامبووە لە هەوڵەکانی بونیادنانەوە لە موسڵ و شارەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا.

وتیشی: "لەمڕووەوە ئەنجامی دڵخۆشکەرمان بەدەستهێناوە" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە چاویان لە گەڕانەوەی شارەکانە بۆ دۆخی پێشوویان و گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە ناوخۆییەکانە بۆ ناوچەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500