چەند ساڵێک دوای ناچالاکیی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کێشەی "ئەوانەی بە زۆرەملێ بێسەروشوێن کراون"، حکومەتی نوێ بە سەرپەرشتی سەرهکوەزیران مستەفا کازمی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە چارەنوسی ئەو هەزاران کەسە دەکات کە لە 2015وە رفێنراون.
شوێنی هەزاران عێراقی هێشتا نادیارە کە بە زۆرەملێ بێسەروشوێنکراون لە میانهی شەڕهكانی ئازادکردنی وڵاتەکە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و خێزانەکانیان چاوەڕێی وەڵامن.
کازمی 17 ئایار، لە میانهی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانی دەرکرد بۆ خێراکردنی لێکۆڵینەوەکان دەربارەی چارەنوسی ئەو کەسانە.
میلیشیا چەکدارهكانی سەر بە ئێرانی نێو حەشدی شەعبی تۆمەتبارکراون بە رفاندنی مەدەنییەکان لە پارێزگا ئازادکراوەکان و هێشتنەوەیان لە شوێنی نهێنی.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، تەها لەهیبی وتی: "هەزاران مەدەنی لهلایهن میلیشیاکانی ئێرانهوه رفێنراون، كه دیارترینیان كهتائیب حزیبوڵایە، کە بە تەنیا هەڵیکوتایە سەر خاڵی پشکنینی [ئەمنیی] رەزازه لە پارێزگای ئەنبار و نزیکەی 2,000 مەدەنیی رفاند و بردنی بۆ زیندانە نهێنییەکان و ناوەندەکانی دەستگیرکردن لە شارۆچکەی جورف سهخر."
بە دیارونای وت: "ئەو رفێنراوانە لە دەستی داعش هەڵهاتبوون لە میانهی شەڕەکانی ئازادکردندا لە 2016 و 2017 و کەوتنە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران."
پێویستی به لێکۆڵینەوە
وتی پێویستە لێکۆڵینەوەی سهرانسهری ئەنجامبدرێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی رفێنراوان و جەختیشی كرد لە پێویستیی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ دۆزینهوهی راستییهكان کە کاریگەریی میلیشیاكانی لەسەر نەبێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق کەریم عەفتان جومەیلی وتی داواکەی کازمی بۆ لێکۆڵینەوە "هیوابەخشە".
بە دیارونای وت: "بۆ یەکەمین جار لە شەڕی دژ بە داعشەوە، بەڕوونی راگەیانراوە کە ئەم بابەتە کاری لەسەر دەکرێت."
وتی: "ئەمەش دەریدەخات کە ویستێکی راستگۆیانە هەیە لەلایهن حکومەتە نوێکەوه بۆ دۆزینەوەی [ئەوانەی بە زۆرەملێ بێسەروشوێنکراون] و کۆتاییهێنان بە ئازاری خێزانەکانیان."
وتی پەرلەمان پێشتر لیستێکی لە ناوی رفێنراوان و دواهەمین شوێنی زانراو کە لێیبوون بە حکومەتی رابردوو داوە. "چاوەڕێبووین لێکۆڵینەوەکان دەربارەی شوێنەکانیان دەستپێبکەن، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو."
جومەیلی وتی: "ئێمە لەئێستادا هیوایەکی زۆرمان هەیە چونکە سەرهکوەزیرانی ئێستا سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری بووە و پیاوێکی ئەمنی بووە، بۆیە ئەم بابەتە دەکاتە پێشینەی کارەکانی."
جەختیشی کردەوە: "پشتیوانی دهكهین له هەر لێکۆڵینەوەیەکی پڕۆفیشناڵ کە بەرەو راستییەکە بمانبات."
زیاتر لە 1,200 کەس لە شارۆچکەکانی سەقلاویە و سەجار لە پارێزگای ئەنبار رفێنراون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بزهیبیز، جورف سهخر، یهسریب و موسڵ.
دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ساڵی رابردوودا ئەو ترسەی زیادکرد کە زۆربەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنکراون، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاساوە کوژراون.
کانونی یەکەمی رابردوو، چوار گۆڕی بەکۆمەڵ کە پاشماوەی دەیان کەسیان تێدابوو به جلی مەدەنییهوه، لە خۆرهەڵاتی فەلوجە دۆزرانەوه، نزیکی ئەو شوێنەی دواهەمین جار بەشێک لە رفێنراوەکانی لێبینرابوون.
جومەیلی وتی: "لەو کاتەدا داوامانکرد سامپڵ وەربگیرێت [بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی] و لاشەکان بناسرێنەوە بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە."
هەماهەنگی نێودەوڵەتی
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافهكانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی بە دیارونای وت بابەتی "بەزۆرەملێ بێسهروشوێنكردن" پارچەیەکە لە پەزڵێکی (مهتهڵ) گەورەی کەسانی ونبوو، چونكه کۆمسیۆنهكه لەئێستادا "8,000 شكات"ی لەو خێزانانە بەدەستگەیشتووە کە خۆشەویستانیان بێسەروشوێنکراون.
وتی بۆئەوەی بەرهوپێشچوون لەو بابەتەدا بهدهستبێت، دەبێت "کاری چڕوپڕی رێکخراوەیی" ئەنجامبدرێت بە ئامانجی "دروستکردنی داتابەیسێکی ناوەندی و تەواوی ئەو زیندانی و دەستگیرکراوانە".
وتیشی پێویستە کاری زیاتر بکرێت "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و زانینی چارەنوسی ئەوانەی بێسەروشوێنن".
داوای كرد بۆ "ههماههنگی هەوڵهكان لەگهڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ئینتەرپۆڵ بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو ونبووانەی تۆمارکراون، کە لەلایەن داعشەوە رفێنراون و گوێزراونەتەوە بۆ شوێنی نەزانراو لە دەرەوەی وڵاتەکە یان چوونەتە ریزەکانی داعشەوە و هەڵهاتوون بۆ وڵاتێکی دیکە".