کارەکان لە کۆتایی نیساندا دەستیانپێکرد لە قۆناغی یەکی هەڵمەتی بونیادنانەوەی مزگەوتی مێژوویی ئاغاوات لە دڵی شاری کۆنی موسڵدا.
مزگەوتەکە، کە یەکێکە لەو دەیان شوێنەی لەشەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا زیانیان بەرکەوتووە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18 و دەکەوێتە تەنیشت پردە مێژووییەکەی سەر روباری دیجلە.
حکومەتی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ یونێسکۆدا کاردەکات، بەیارمەتی دارایی کە لەلایەن چەند لایەنێکەوە بەخشراوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕانەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییەی موسڵ بۆ ژیان.
یەکەمین قۆناغی پلانی بونیادنانەوەی ئاغاوات، کە لەلایەن ئەڵمانیاوە پشتیوانیی دارایی کراوە و پێکدێت لە پاککردنەوەی داروپەردووهكان و ئەو پارچانەی کە نەتەقیونەتەوە لە شوێنەکە و هەروەها ئەمینکردنی شوێنی پڕۆژەکە بۆ بونیادنانەوە.
یونێسکۆ رایگهیاند كه بونیادنانەوەی مزگەوتەکە پێویستی بە خەمڵاندنی زیانهكان ههیه و ههروهها ئهو لایهنه بیناسازییه مێژووییهی مزگهوتهكه كه رزگاریبووه.
هاوکات لەگەڵ کارکردن لە پڕۆژەکەدا، یونسکۆ راهێنان بە لێکۆڵەرانی ناوخۆ دەکات بۆ تەکنیکەکانی بونیادنانەوەکە لەڕێی بەرنامەی لێهاتوویی دروستکردنهوه کە دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجە بەهرەمەندەکان لە موسڵ.
'بوژاندنەوەی رۆحیەتی موسڵ'
بوژاندنەوەی مزگەوتی ئاغاوات دوای چەند هەوڵێکی دیکە دێت کە لەلایەن نوسینگهی وهقفی سونی لە نەینەوا و یونێسکۆوە گیراونەتە بەر بۆ بوژاندنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری و منارهی حهدبا به 50 ملیۆن دۆلار كه یارمەتییه داراییهكهی لە ئیماراتی عەرەبیەوە هاتووه.
بەڕێوبەری نوسینگهی وهقفی سونی لە نەینوا، ئەبوبەکر کەنعان وتی تەواوی ئهم هەوڵانهی بوژاندنەوە لەژێر پڕۆژەی "بوژاندنەوەی رۆحیەتی موسڵ"دان لهلایهن یونێسکۆوه.
ههنگاوهكه لەلایەن یونێسکۆوە نرا دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ بونیادنانەوەی شوێنه مێژووییەکان و پەرەستگاكان کە هێمای ناسنامەی کەلتوری خەڵکی موسڵن، کە رەگێکی مێژوویی کۆنیان هەیە.
کەنعان وتی: "لانیکەم 27 مزگەوتی مێژوویی لە سهرانسهری نەینەوا ههن کە لەلایەن داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە کاتێك پارێزگاکە لەژێر دەسەڵاتیدا بوو، ههروهها لە میانهی شەڕەکانی ئازادکردندا."
وتی: "بەشێک لەو شوێنانە زیانێکی بەرچاویان بەرنەکەوتووە و نۆژهنكراونهتهوه، وەک مزگەوتی مێژوویی پاشا لە شاری کۆن، مزگەوتی ئیمام باهیر و مزگەوتی ئیمام حوسەین."
وتیشی شوێنەکانی تری وهك مزگەوتی گەورەی موسڵ لە ناوچەی کشتوکاڵی، لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدان.
شێخ سەڵاح عوبێدی، کە سەرۆکی کۆڕی زانایانی موسوڵمانە لە موسڵ، تیشک دەخاتە سەر مێژووی مزگەوتی ئاغاوات و گرنگییەکەی بۆ خەڵکی موسڵ.
بە دیارونای وت مزگەوتەکە "شوێنەوارێکی مێژوویی موسڵە و لە سەرەتای سەدەی 18 دروستکراوە لەلایەن بنەماڵەی [خانەدانی] ئاغاوات" کە حکومڕانیی موسڵیان دهکرد تا دەستپێکی سەدەی 19.
وتی: "مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوەندی بازاڕی شارە کۆنەکە و بە شوێنێکی گرنگ دادەنرا بۆ دانیشتوان و بازرگانانی ناوخۆ."
هێمای ناسنامەی موسڵ
وتی: "مزگەوتەکە گرنگییەکی زانستی و رۆشنبیری هەیە لەکاتێکدا کۆڕ و کۆبوونەوە ئایینییەکان و خوێندنە ئیسلامییەکان و شەریعە و حەدیس و زمانەوانی لەوێ وتراونەتەوە."
بەگوێرەی وتەی عوبەیدی، زانا بەناوبانگە ئایینییەکان مێژوویەکیان هەیە لە وانەوتنەوە لە مزگەوتی ئاغاوات، وەک شێخ عەبدوڵای نیمەح كه کۆچی کردوو، شێخ رەشید ئەفەندی خهتیب و شێخ مەحمود بن یاسین موسڵاوی.
وتی: "ئەمە و چەندین مزگەوتی دیکەش شایەنی گرنگیپێدان و چاودێریکردنن لەلایەن ئێمە و ئەوانەی گرنگی دهدهن بە گەڕانەوەیان بۆ شەهامەتی پێشوویان، چونکە نەک تەنیا گرنگیی ئایینیان هەیە لە بیروەریی هاوبهشماندا، بەڵکو گرنگییهكی کەلتووری و مرۆڤایهتیشیان ههیه."
وتیشی ئاغاوات "هێمایەکی گرنگی ناسنامەی شارەکەیە، کە ناسراوە به فرەیی ئایینی و بەهاکانی لێبووردەیی، میانهڕۆیی و پێکەوەژیان و کراوەیی بۆ یەکتر."
دانیشتوویەکی شاری کۆن، مەحمود خەلیل، 54، وتی مزگەوتی ئاغاوات "شوێنێکی تایبەتی هەیە لە دڵی دانیشتوانی موسڵدا".
بە دیارونای وت: "ئەمە و مزگەوتەکانی هاوشێوەشی پەیوەستن بە ناسنامە و مێژوومانهوه و بەشێکن لە ژیانمان. کاتێک بانگدەدرێت، دەچین بۆ نوێژ و جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکانمان لە کەشێکی باوهڕ و ئاشتیانهدا."
"هیوادارین ئەو مزگەوتە هەرچی زووترە بونیادبنرێتهوه و هەموو شوێنەوارەکانی شارەکەمان نۆژەنبکرێنەوە."