تەرابلوس -- حکومەتی لیبیای ددانپێدانراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەینی (5 حوزەیران) سەرکەوتنێکی دیکەی راگەیاند لە هێرشە بەرپەچدانەوەکەیدا لە دژی پیاوە بەهێزەکەی خۆرهەڵات، خەلیفه حه‌فته‌ر و دایان به‌سه‌ر دواهەمین قه‌ڵاكه‌یدا، ته‌رحونه، كه لێوه‌ی هێرشێکی 14 مانگیی به‌رپاكرد بۆسه‌ر پایتەخت.
پێچەوانەبوونەوەی زنجیرەی درێژی شەڕه‌كان لەم هافتانەی دواییدا و ئەم کشانەوەیه‌ی کۆتایی، شکستێکی جه‌رگبڕانه‌ی مۆسکۆ دەردەخات، کە پشتیوانیی له حه‌فته‌ر كردووه لە هه‌وڵیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکە بەیارمەتی بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر.
گرتنەوەی ئەو شارۆچکە ستراتیژییەی باشوری خۆرهەڵاتی پایتەخت کۆتایی بە هه‌فتەیەک هێنا کە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی تەرابلوسی مەزنی لەلایەن حکومەتی نیشتمانییه‌وه بەخۆوەبینی، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی چۆڵكراوی مەدەنی لە ناوچەکانی باشوری پایته‌خت.
ته‌رحونه بنکەی سه‌ره‌كیی دواوه‌ی ئه‌و هێرشە وێرانکارە بوو لە دژی پایتەخت کە هێزەکانی حه‌فته‌ر دواجار لەم هەفتەیەدا وازیان لێهێنا و ئه‌و پێگانه‌شیان به‌جێهێشت کە له‌ژێرده‌ستیاندا مابووونه‌وه لە ناوچەکانی دەوروبەری باشور، بۆ سەربازانی حکومەت کە پێشڕەوییان دەکرد.
سەره‌کوەزیرانی حکومەتی نیشتمانی، فەیاز سەراج به‌ڵێنیدا کە حکومەتەکەی کۆنتڕۆڵی هەموو لیبیا دەگرێتەوە دەست.
سەراج وتی: "شەڕەکەمان بەردەوامدەبێت و سوورین له‌سه‌ر به‌زاندنی دوژمن و سه‌پاندنی کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو نیشتماندا و تێكشكاندنی هەموو ئەوانەی بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراتی و مۆدێرن ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه."
دەستوەردانی روسیا
گروپی واگنەر -- كه رێکخراوێکی میلیشیاییه و خزمەت بە ئەجه‌ندای سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین دەکات -- هەوڵێکی زۆری داوە بۆ راكێشانی گەنجانی سوریا تا لە لیبیا وەک بەکرێگیراو شەڕبکەن.
سەرباری گەیشتن بە لێواری پایتەختی لیبیا لە سەرەتای ئایاردا، سەدان بەکرێگیراوی گروپی واگنەر بەرەی پێشەوەیان بەجێهێشت دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی پشتیوانیکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شکێنران.
ئەو کشانەوانە له‌میانه‌ی چەند راپۆرتێک‌دا هاتن دەربارەی ناكۆكییه‌كی نێوان واگنەر و حه‌فته‌ر لەسەر نەدانه‌وه‌ی قەرزێکی 150 ملیۆن دۆلاری بەهۆی ناكارامه‌یی 'چەکدارانی ناشی' کە لە سوریاوە نێردرابوون. حەفته‌ر رەتیدەکاتەوە پاره‌كه بدات بە واگنەر.
هەفتەی رابردوو، مۆسکۆ لە کاتی ناردنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی شاردراوه‌دا لە بنکەیەکی ئاسمانی روسیاوه بۆ لیبیا ئاشكرا بوو، دوای نیشتنه‌وه‌ی كاتی‌یان لە سوریا.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەند راپۆرتێک بڵاوبوونەوە دەربارەی ئەوەی مۆسکۆ لیبیای پڕكردووه له دراوی ساختە بۆ ماوەی زیاتر له چوار ساڵ وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کرێملن بۆ پشتیوانیکردنی حه‌فته‌ر.