بەریتانیا و ئەمریکا سێشەممە (19 ئایار) داوایان لە روسیا کرد چیتر بەکرێگیراو نەنێنرێت بۆ ناكۆكییهكانی لیبیا، دوای راپۆرتێکی ئەمدواییانەی نەتەوە یەکگرتوەکان كه بوونی چەکدارانی روسیا و سوریای پشتڕاستکردەوە لە وڵاتەکەدا.
روسیا داواکانی پشتگوێ خست لە ڤیدیۆ-کۆنفرانسێکی ئەنجومەنی ئاسایشدا و دووبارە نکۆڵی لەوە کرد مۆسکۆ هیچ رۆڵێکی هەبێت لە بوونی چەکدارانی روسیا لە لیبیا.
باڵیۆزی بەریتانیا، جۆناسان ئالن وتی: "بەتایبەتی نیگەرانین چونکە راپۆرتەکان باس لە لایەنە دەرەکیەکان دەکەن کە پشتیوانی ماددی و ئامێر و بەکرێگیراوان دابیندەکەن."
ئاماژەیکرد بەوەی بەتایبەتی گروپی ئەمنی کەرتی تایبەتی روسیا، گروپی واگنەر، کە وا دەبینرێت پەیوەندییەکی نزیکیان بە سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتینەوە هەبێت.
ئالن وتی: "چالاکیەکانی گروپی واگنەر بەردەوامن لە برەودان بە ناكۆكییهكان و درێژکردنەوەی ئازارهكانی خەڵکی لیبیا."
باسیشی لە ئابڵوقهی چەك کرد کە لە 2011وە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە خراوەتە سەر لیبیا و وتی: "دەمەوێت داوا لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بکەم تا پابەندبن بە بڕیارەکانی ئەنجومەنهوه کە خۆیان دەنگیان بۆ داوە."
باڵیۆزی ئەمریکا، کێلی کرافت وتی: "هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لە ناكۆكییهكانی لیبیادا دەبێت دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هەڵپەسێرن."
بەردەوامبوو: "دەبێت گواستنەوەی بەردەوامی ئامراز و چەکداران بۆ لیبیا بوەستێنن، لەنێویاندا، وەك باڵیۆزی بەریتانیا باسیکرد، بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر."
راپۆرتێك بوونی بەکرێگیراوانی روسیا لە لیبیا پشتڕاستدەکاتەوە
باڵیۆزی روسیا، ڤاسیلی نێبێنزیا ئەو هەواڵەی رهتكردهوه و بە "خهمڵاندن"ی لهقهڵهمدا و وتی راپۆرتەکە "بە ئامانجی کەمبایەخکردنی سیاسەتی روسیایە لە لیبیا". جەختیکردەوە لەوەش كه "هیچ سەربازێکی روسیا لە لیبیا نییە".
راپۆرتە نهێنیەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەن پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە کە چاودێریدهكهن له گەمارۆكهی سەر چەك.
پشتڕاستیدەکاتەوە كه بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر لە لیبیان و دەریدەخات كه چەکدارانی سوریای سەربە دیمەشق پشتیوانیدەکەن لە مارشاڵ خەلیفە حەفتەر.
حەفتەر، کە چەند ناوچەیەکی خۆرهەڵاتی لیبیای لەدەستدایە، لە نیسانی رابردوو هێرشێکی دژی تەرابلسی پایتەخت دەستپێکرد، کە شوێنی حکومەتی رێکەوتنی نیشتمانیە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ددانی پێدانراوە.
راپۆرتەکە ئهوهش پشتڕاستدەکاتەوە کە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لیبیا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی نیشتمانی شەڕدەکەن، بەپشتیوانی تورکیا لە کۆتایی 2019وە.
نوێنەری کاربەڕێکەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە لیبیا، ستێفانی ولیامز، پێشتر بە ئەنجومەنهكهی وت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە له "سهرنجدانی گردبوونەوەیهكی سەربازیی مەترسیدار لە ئەنجامی جێگیرکردنی بەردەوامی چەکدارانی بیانی بە چەکی كوشنده و پێشکەوتووهوه، ئەمە جگە لە راکێشانی بەکرێگیراوانی زیاتر لەلایەن هەردوولایەنی ناكۆكییهكانهوه".