ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە مۆسکۆ بەلیشاو پارەی ساختە دەنێرێت بۆ لیبیا وەك بەشێك لە چەند هەوڵێکی بەردەوام لەلایەن کرملنەوە بۆ پشتیوانیکردنی فەرماندەی بەهێزی سەربازی، خەلیفە حەفتەر، دژی حکومەتی ددانپێدانراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکا و ئەوروپا دەڵێن.
لیبیا دابەشبووە لەنێوان حکومەتی یەکێتی نیشتمانی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییهوه لە تەرابلس و هێزەکانی دڵسۆز بە فەرماندەی بەهێز خەلیفە حەفتەر لە خۆرهەڵات، کە ماوەی ساڵێکە شەڕێکی دەستپێکردووە -- بەپشتیوانی کرملن و گروپی واگنەر -- هەوڵدەدات پایتەخت بگرێت.
شیکاروانانی نەتەوە یەکگرتوەکان رایانگەیاند كه کۆمپانیایهكی دەوڵەتیی روسیا، گۆزناك، بڕێك پارەی ساختەی لیبی، هاوتای نزیکەی 7.11 ملیار دۆلار، ناردووە لەنێوان 2016 و 2018 تا بانکێکی ناوەندی تەریب دروستبکات کە سەر بە خەلیفە حەفتەر بێت.
کۆتایی هەفتە، بەرپرسانی ماڵتا دەستیانگرت بەسەر بڕێك لەو پارە ساختەیهدا كه هاوتای 1.1 ملیار دۆلار بوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەینی (29 ئایار) ستایشی بەیاننامەکەی ماڵتای کرد دەربارەی دەستبەسەراگرتنەکە و رایگەیاند کە "لەلایەن کیانێکی ناڕەوای تەریبەوە دەرکراوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بانکی ناوەندی لیبیا لە تەرابلس تاکە بانکی ناوەندی رەوایە. ئهو شەپۆله دراوه ساخته لیبییهی لە روسیا چاپکراوه لەم ساڵانەی دواییدا ئاستەنگە ئابوریەکانی لیبیای سەختتر کردووە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند كه بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە نەتەوە یەکگرتوەکان و لهسهرئاستی نێودەوڵەتی "بۆ بەرگرتن بە چالاکی نایاسایی کە لە سەروەری و سەقامگیریی لیبیا دەدات".
راشیگەیاند: "ئەم رووداوە جارێکی دیکە پێویستیی به راوەستاندنی کارە خراپ و تێکدەرەکانی مۆسکۆ دووپاتدەکاتەوە لە لیبیا."
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند كه ئەو پارانەی لەلایەن گۆزناکەوە چاپکراون دراوی یاسایی بوون.
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند: "لە دۆخی واقیعی ئێستادا دوو دەسەڵات هەیە لە لیبیا، دوو بانکی ناوەندیش هەیە."
چالاکییە تێکدەرەکان
چاپکردنی پارەی ساختە یەکێکە لەو چەندین چالاکییە تێکدەرانەی مۆسکۆ لە لیبیا تێوەیگلاوە.
گروپی واگنەر -- رێکخراوێکی میلیشیایی كه خزمهت به کارنامەی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین دەکات -- هەوڵێکی بەرفراوانی سەربازیی رێکخستووە بۆ راکێشانی لاوانی سوریا بۆ شەڕکردن وەك بەکرێگیراو لە لیبیا.
هەرچەندە لە سەرەتای ئایاردا گەیشتنە دەوروبەری پایتەخت، سەدان لە بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر لە بەرەکانی پێشەوە هەڵاتن دوای ئەوەی حکومەتی پشتیوانیکراو لهلایهن نەتەوە یەکگرتووەکانهوه بەرپەرچی دانەوە.
ئەم پاشەکشەیەی مۆسکۆ و گروپی واگنەر و حەفتەر لەکاتێکدا دێت کە دەنگۆی ناکۆکی نێوان واگنەر و حەفتەر هەیە لەسەر نەدانهوهی قەرزێکی 150 ملیۆن دۆلاری لهسهر ناکارایی ئهو 'چەکدارە ناشییانه' كه گروپهكه لە سوریاوە ناردوونی. حەفتەر رەتیدەکاتەوە پارەکە بداتە واگنەر.
هەفتەی رابردوو، زانرا كه مۆسکۆ چەندین فڕۆکەی جەنگیی بەشاراوەیی ناردۆتە لیبیا لە بنکەیەکی ئاسمانی روسیاوە، دوای ئەوەی لە سوریا نیشتوونەتەوە.