هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ستایشی پشتیوانیی هاوپەیمانان دەکات لە شەڕی دژی داعشدا

خالید تائی

نوێنەرانی دەوڵەتە ئەندامەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شەڕی دژی داعش لە 14 تشرینی دووەم 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا]

نوێنەرانی دەوڵەتە ئەندامەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی شەڕی دژی داعش لە 14 تشرینی دووەم 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا]

ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستهێنان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رۆژی پێنجشەممە (4 حوزەیران) لەسەر ئینتەرنێت کۆبوونەوەیەكیان ئه‌نجامدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئامادەیی هاوبەشیان بۆ بەردەوامی لەسەر شەڕی دژ به‌ داعش لە عێراق و سوریا.

نوێنەرانی 31 وڵاتی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەدا، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیتالیاوە پێشڕەویکرا، جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی دۆخێكی لەبار بۆ شکستهێنانی بەردەوامی داعش.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند كه‌ ئەمە "تاکە ئامانجە، لەڕێی هەوڵێکی چڕوپڕی چەند لایەنەی" هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ به‌ کۆنفرانسه‌كه‌ی وت: "شەڕی ئێمە دژی داعش بەردەوامە و بەردەوامدەبێت لە داهاتوودا. هیچ پشوونادەین."

هێزەکانی عێراق لە 4 حوزەیران ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا بۆ كردنه‌ ئامانجی پاشماوەکانی داعش لە چیاکانی مەخموری باکوری عێراق، بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق]

هێزەکانی عێراق لە 4 حوزەیران ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا بۆ كردنه‌ ئامانجی پاشماوەکانی داعش لە چیاکانی مەخموری باکوری عێراق، بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق]

وتی: "دەبێت بەردەوامبین لە بنەبڕکردنی تۆڕ و شانەکانی داعش و دابینکردنی سەقامگیری و کۆمەك بۆ ناوچە رزگارکراوەکان لە عێراق و سوریا."

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پشتیوانی دارایی هاوپەیمانان لەمساڵدا تائێستا 200 ملیۆن دۆلاری دابینکردووە، کە هێشتا نەگەیشتۆتە ئامانجی دیاریکراو.

پۆمپیۆ وتی: "راستە کە پەتای [ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ] فشارێکی گەورەی خستۆتە سەر هەموو بودجەکان، بەڵام تکا لە وڵاتان دەکەین کە بەرەو ئامانجی دیاریکراو بڕۆن کە زیاد لە 700 ملیۆن دۆلارە لە 2020."

ئەمریکا بەڵێنی 50 ملیۆن دۆلاری داوە بە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا لەگەڵ 100 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیكردنی عێراق.

پشتیوانی بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی

پەرلەمانتارێكی عێراق، شێرکۆ میروەیس کە بەڕێوبەری لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندییە دەرەکیەکانە، وتی: "ئێمە رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین و ستایشی دەکەین لە یارمەتیدانمان بۆ شەڕکردن دژی داعش."

بە دیارونای وت وڵاتانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆمه‌كیان پێشكه‌شكردووه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی "هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزم لە وڵاتەکه‌مان و پاراستنی سەقامگیرییه‌كه‌ی و دڵنیاییدان لە داهاتوویەکی ئه‌مین و خۆشگوزەران بۆی".

وتی: "پێویستە ئەم دۆخە بەردەوامی پێبدەین." جەختیکردەوە لەوەش كه‌ ئەو پشتیوانیەی هاوپەیمانان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراقی دابیندەکات کە پاشماوەکانی داعش دەکەنە ئامانج -- بەتایبەتی پشتیوانی ئاسمانی و هەواڵگری -- دەبێت بەردەوامبێت.

میروەیس داوای لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق کرد "ریزەکانیان یەکبخەن و خۆیان رێکبخەنەوە" و وتی ئەمە گرنگە بۆ "شەڕکردن دژی تیرۆریزم و بنیاتنانەوەی وڵاتەکە".

لەوکاتەوەی لە 2014 دامەزرا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كه پێكهاتووه‌ له‌‌ 82 ئەندام، یارمەتی دەرکردنی داعشی داوە لەو ناوچانەی گروپەکە لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵیکردن.

سەرەڕای پشتیوانیی سەربازیی راستەوخۆ، هاوپەیمانان یارمەتی راهێنانی 225,000 ئەندامی هێزە ئەمنیەکانی عێراقیشیان داوە و 4 ملیار دۆلاریان دابینکردووە لە پشتیوانی دارایی و سەربازی بۆ هاوبەشەکانیان لە عێراق و سوریا.

هەروەها پشتیوانی دارایی هەوڵەکانیان کردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و باشترکردنی سەقامگیری لە ناوچە رزگارکراوەکان.

پسپۆڕی ئەمنی، محەمەد روبەیعی بە دیارونای وت: "هەوڵە گەورە و شیاوی پێزانینەکانی هاوپەیمانان روونە بۆ هەرکەسێك ئاگاداری پێشهاتەکان بێت."

وتی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی ماوەی شەش ساڵە پشتیوانی له‌ سوپای عێراق دەکات لە شەڕیدا دژ به‌ داعش بە هێزی ئاسمانی و زانیاری هەواڵگری دەربارەی چالاکی و جوڵەکانی چەکداران و یارمەتی سوپاشی داوە لە بنیاتنانی تواناکانیدا.

وتیشی: "لە ئەنجامی ئەم هاوبەشییە، توانیومانە شارەکانمان رزگاربکەین و بەردەوامبین لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ تێکشکاندنی حەشارگەکانی [داعش]، تێکشکاندنی شانەکانیان و هێرشکردنە سەر سەرچاوەی داهاتی دارایی گروپەکە."

روبەیعی وتی سەرەڕای ئەم سەرکەوتنانە، پاشماوەکانی داعش بەردەوامدەبن لە هەڕەشەکانیان، چونکە گروپەکە هێرشەکانی زیادکرد لەکاتی رەمەزاندا و لەکاتێکدا سەرنجی وڵاتەکە لەسەر تاوتوێکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

وتیشی: "دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش، تەنانەت گەر سنوورداریش بن، پێویستی بە هێشتنەوەی فشاری سەربازی و هەماهەنگییە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بنەبڕکردنی ئەم گروپە بچوکانە."

هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان داعش ده‌كه‌نه‌‌ ئامانج

به‌گوێره‌ی بەیاننامەیەکی فەرمی، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێنجشەممە 26 ھێرشی ئاسمانی ئەنجامدا کە 46 ئەشکەوتیان لە قەرەچوغ تێکشکاند لە قەزای مەخموری عێراق و 19 ئەندامی داعشیان کوشت کە لەنێویاندا بوون.

لە تشرینی دووەمەوە، هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی زیاد لە 1,000 ئۆپەراسیۆنی دژی داعش ئەنجامداوە، بە ناوكۆیی 100 ئۆپه‌راسیۆن لە مانگێکدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

پسپۆڕی سەربازی، جەلیل خەڵەف بە دیارونای وت: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانای بێوێنەی هێزی ئاسمانی و سەربازیی هەیە کە پێویستە بۆ شکستهێنان بە دوژمن."

هۆشداریی دا لەوەی پاشماوەکانی داعش بەمدواییانە دەستیانکردووه‌ بە خۆڕێکخستنەوە لە ناوچە چیایی و بیابانییەکانی وڵاتەکە.

وتی: "پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا، چەند ئاکامێکی مەزنمان بەدەستهێناوە، لە رێگریکردن لە فراوانبوونی داعش لە عێراق و ناوچەکە و جیهان. هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی گروپەکە نابێت بوەستێن."

خەڵەف وتی راهێنان و چەکدارکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربووە لە ئامادەکردنی هێزەکانی عێراقدا، "کە وایکردووە لەمڕۆدا زیاتر ئامادە و راهێنراوتر بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی تیرۆریستاندا".

وتیشی: "ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەیە کە هاوبەشیی خۆمان لەگەڵ هاوپەیمانان بەهێزبکەین و بەهیواین حکومەتی نوێ [ی عێراق] ئەم هاوبەشییە بەردەوامی پێبدات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500