هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەی تاجی رادەستی هێزەکانی عێراق دەکاتەوە

خالید تائی

بەرپرسانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداردەبن لە مەراسیمێکی رادەستکردنەوەدا له‌ بنکەی تاجی لە 23 ئاب. بنکەی تاجی وەک شوێنی سەرەکیی هاوبەشەکانی هاوپەیمانان خزمەتیکردووە بۆ راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ شەڕکردن لە دژی داعش، بەرپرسان وتیان. [هێزی کردەی هاوبەشی تێكه‌ڵكراو - ئۆپەراسیۆنی ئیراده‌ی شێلگیر\تویتەر]

بەرپرسانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداردەبن لە مەراسیمێکی رادەستکردنەوەدا له‌ بنکەی تاجی لە 23 ئاب. بنکەی تاجی وەک شوێنی سەرەکیی هاوبەشەکانی هاوپەیمانان خزمەتیکردووە بۆ راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ شەڕکردن لە دژی داعش، بەرپرسان وتیان. [هێزی کردەی هاوبەشی تێكه‌ڵكراو - ئۆپەراسیۆنی ئیراده‌ی شێلگیر\تویتەر]

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکشەممە (23 ئاب) بنکەی تاجی لە باکوری بەغدا رادەستی سوپای عێراق کردەوە، ئەمەش هەشتەمین رادەستکردنەوەی بنکەیەکی عێراقییە لەلایەن هاوپەیمانانەوە به‌ عێراق.

رادەستکردنەوەکە، کە بەگوێرەی بەرنامەیەکی کاری پێشوەختە بوو، لە مەراسیمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی سەرکردە سەربازییەکانی هەردوولا ئەنجامدرا.

جێگری فەرماندەی هێزی کردەی هاوبەش-ئۆپەراسیۆنی ئیراده‌ی شێلگیر، لیوا کێنێس ئێکمان وتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا، کەمپی تاجی وەک شوێنی سەرەکیی هاوبەشانی هاوپەیمانان بۆ راهێنانی سوپای عێراق، هێزی ئاسمانی عێراق و قوات خاسە [هێزە تایبەتەکانی عێراق]، خزمەتیکردووە."

وتی هەوڵەکانی هاوپەیمانان بوونەتە هۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بتوانن خۆیان راهێنان به‌خۆیان بکەن.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئینفۆگرافێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی عێراق لە بنکەی تاجی و سەرکەوتنی هەڵمەتەکانی مەشق و راهێنان لەو بنکەیە ده‌رده‌خات. [هێزی کردەی هاوبەشی تێكه‌ڵكراو - ئۆپەراسیۆنی ئیراده‌ی شێلگیر\فەیسبووک]

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئینفۆگرافێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی عێراق لە بنکەی تاجی و سەرکەوتنی هەڵمەتەکانی مەشق و راهێنان لەو بنکەیە ده‌رده‌خات. [هێزی کردەی هاوبەشی تێكه‌ڵكراو - ئۆپەراسیۆنی ئیراده‌ی شێلگیر\فەیسبووک]

وتی: "لەمڕۆوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسیارێتی تەواوی ناوەندەکە و به‌رنامه‌كانی له‌ تاجی دەگرنەئەستۆ و بەردەوامدەبن لە بەکارهێنانی بنکەکە بۆ سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی راهێنان وەک بەشێک لە ئەرکی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش،" کە مەبەستی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوو.

لە 17 ئازارەوە، عێراق بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی حەوت بنکەی دیکەی سەربازیی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرەتەئەستۆ، لەنێویاندا بنکەی به‌سمایە له‌ باشوری بەغدا لە 25 تەمموز.

راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق

کەمپی تاجی پێشتر شوێنی 2,000 ئه‌ندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەندامانی ناتۆ بوو، کە زۆربەیان ئەم هاوینە بەجێیانهێشت.

وتەبێژێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی وتی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان لە بنکەکە بەشێوەیەکی سەرەکی سەرنجیان لەسەر راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق بوو "بۆ بەرەوپێشبردنی ئامادەییان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمدا و تواناکانیان لە هەموو رووەکانەوە".

بە دیارونای وت لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەو هێزانەی هاوپەیمانان کە لەو بنکەیە ماونەتەوە راهێنانیان بە نزیکەی 47,000 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە.

وتیشی بەرنامەی راهێنانەکان پێکدێت لە وەرزشی لەشڕێکی، تاکتیکەکانی پیادەڕەوی، نیشانەشکێنی، پلاندانانی ئۆپەراسیۆن، پزیشکیی سەربازی و شرۆڤەکاریی هەواڵگری.

خەفاجی وتی هاوپەیمانان ناوەندەکانی بنکەکەیان نۆژەنکردۆتەوە، لەنێویاندا گۆڕه‌پانی راهێنان و مەوداکانی تەقەکردن، بنكه‌ی سەربازیی ئاسمانی، پەناگەکان و كۆگاكانی تەقەمەنی.

هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی رایگەیاند کە 347 ملیۆن دۆلار کەرەستە و کەلوپەلی راده‌ستی حکومەتی عێراق كرد لە بنکەی تاجی و ئاماژەیکرد به‌وه‌ی ئەمە "بەرزترین بڕە دۆلاره‌ لە راده‌ستکردنەوەی بنکەکاندا".

هەروەها هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بڕێکی زۆر کەلوپەلی یەدەگ و چەک و کەرەسته‌ی لۆجستی بەجێهێشتووە، لەگەڵ 90 ملیۆن فیشه‌ك.

خەفاجی وتی هاوبەشییەکەمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە، لەکاتێکدا هێزەکانی هاوپەیمانان "هێشتا کارمان لەگەڵ دەکەن و پشتیوانیده‌كه‌ن له‌ هەوڵ و ئۆپەراسیۆنەکانمان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمدا".

وتی: "بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکەمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دەڕوانین بۆ بنه‌بڕکردنی پاشماوەکانی داعش."

وتیشی: "هاوبەشە بیانییەکانمان یارمەتیماندەدەن لە تێکشکاندنی حەشارگەکانی پاشماوەکانی دوژمندا و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانیان لە ئاسمانەوە." هه‌روه‌ها وتی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له‌ هەوڵە هەواڵگرییەکانی هێزەکانی عێراق دەکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500