هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەرپرسان: هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی یارمەتی عێراق دەدات لە بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش

حەسەن عوبه‌یدی لە بەغدا

سەربازانی عێراق و سەربازێکی سوپای ئەمریکا وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانی کەی 1 دەسوڕێنەوە لە باکوری خۆرئاوای کەرکوك، لە 29 ئازار. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازانی عێراق و سەربازێکی سوپای ئەمریکا وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانی کەی 1 دەسوڕێنەوە لە باکوری خۆرئاوای کەرکوك، لە 29 ئازار. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

پشتیوانیی ئاسمانی دابینکراو لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە لە چەند مانگی رابردوودا زۆر گرنگ بووە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق بۆ دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی سەربازیی عێراق و شیکاروانان وتیان.

وتیان لەکاتێکدا وڵاتەکە دەناڵێنێت بەدەست قەیرانێکی داراییەوە، پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ سوپای عێراق بۆتە هۆی بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش بێ وەستان.

لە مانگی تەمموزدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چەند هێرشێکی راگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی پاشماوەکانی داعش لە دوورگەی بەیجی و پارێزگای سەلاحەدین.

چەند ئۆپەراسیۆنێکی دیکە راگەیەندران لە چیاکانی مەخمور و قەرەچوغ لە خۆرئاوای نەینەوا و گردەکانی حەمرین لە خۆرائاوای ئەنبار.

ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوەکانی داعش لەم هێرشانەدا کوژران، چەندین تونێڵ و حەشارگە روخێنران و چەندین چەك دەستیان بەسەردا گیرا.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت پشتیوانی ئاسمانی هاوپەیمانان و پاڵپشتی لۆجستی یارمەتی هێزەکانی عێراقی داوە پێشڕەویی بەرچاو بەدەستبهێنن دژی داعش لە چەند مانگی رابردوودا.

ئەمە پاڵپشتی سوپای عێراق و دەزگا ئەمنیەکانی کردووە لەکاتی هەڵمەتی سەربازیی بەردەوامی "پاڵەوانانی عێراق".

هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی هاتۆتە ناوەوە

بەرپرسێکی سەربازی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە باکور وتی لەکاتێکدا قەیرانی دارایی هەڕەشەیە بۆ سەر پشتیوانی دارایی دابینکراو بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا کە داعش دەکەنە ئامانج، هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی هاتۆتە ناوەوە بۆ "لەخۆگرتنی تێچوونەکەی له‌جیاتی عێراقیەکان".

ئەو بەرپرسە سەربازییە بە دیارونای وت بە دابینکردنی پشتیوانی ئاسمانی بۆ هێزەکانی عێراق، هاوكاریی هاوپەیمانان هەفتانە ملیۆنان دۆلاری بۆ حکومەتی عێراق گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

وتی ئەو هێزانەی عێراق کە بەدوای پاشماوەکانی داعشەوەن لە ناوچەکانی وەك زومار، مەخمور، قەرەچوغ (لە قەزای مەخمور)، حوران و گردەکانی حەمرین لە ناوچەیەکی سەختدا کاردەکەن و پێویستیان بە پارێزگارییە.

پسپۆڕه‌كی سەربازی، ئەحمەد حسێن خەفاجی، كه‌ ئەندامێکی كۆمه‌ڵه‌ی سەربازانی کۆنی عێراقە، وتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتی کەمکردنەوەی زیانی گیانیشی لەنێو سەربازانی عێراقدا داوە.

بە دیارونای وت قەیرانی دارایی عێراقی ناچارکرد ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کەمبکاتەوە، بەڵام هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی هاتە ناوەوە بۆ پشتیوانیكردنی هێرشەکانی هێزی ئاسمانی عێراق بە بەکارهێنانی کۆپتەر یان فڕۆکەی جەنگی و یارمەتیدان بە دابینکردنی خەرجیەکان.

خەفاجی وتی ئەم هێرشانە دەکرێت تێچوویان 250,000 دۆلار بێت لە رۆژێکدا، تەنانەت بەبێ حسابکردنی تێچووی جبەخانە و موشەکەکان.

وتی پشتیوانی لە فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە "بەشێوەیەکی بەرچاو ماوەی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەرکەکانی سوپا کەمدەکاتەوە".

وتیشی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، كه‌ وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکات، "بەشداریی نەکرد لە بۆمبارانی پێگەکانی داعشدا، بەڵام یارمەتی چاودێریکردنی چالاکیەکانی تیرۆریستانی دا لەسەر سنووری سوریا و وێنەی گرنگی مانگی ئاسمانی دا بە عێراق".

پروپاگەندەی ئێران شکست دەهێنێت

توێژەر ئەحمەد جەنابی لە ناوەندی نەهرەین بۆ توێژینەوە، وتی پروپاگەندەی بڵاوکراوە ئێرانیەکان لە عێراق کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی میلیشیا عێراقیەکانی سەربە ئێران دەکەن، "شکستی هێناوە لە لێدان لە رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق".

بە دیارونای وت: "بەشداریی هاوپەیمانی نێودەوڵەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراقدا زۆر گرنگ بووە."

جەنابی وتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتی عێراقیان داوە بۆ "داخستنی بۆشاییە ئەمنیەکان و شیکارکردنی داتا لە چاودێریی ئاسمانیەوە و پاراستنی سنوور لەگەڵ سوریا و چاودێریکردنی جوڵەی ئەندامانی داعش".

وتیشی کۆدەنگییه‌كی بەرفراوان لەنێو عێراقیەکاندا له‌سه‌ر هاوبەشیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هه‌یه‌ چونكه‌ "ئاسایش و سەقامگیری دەهێنێت، کە دژی ئەو پروپاگەندانەیە کە میلیشیاکان بڵاویدەکەنەوە".

وتی بەپێچەوانەوە میلیشیاکانی سه‌ربه‌ فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئیسماعیل قائانی، "زۆرکەم دەستکەوتیان دەبێت" و تەنیا خزمەت بە هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500