هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

ئەمریکا دەڵێت روسیا فڕۆکەی ناردووه‌ بۆ لیبیا بۆ پشتیوانیكردنی بەکرێگیراوان

ئاژانسی فرانس پرێس

فڕۆكه‌یه‌كی میگ-29ی روسیا ده‌بینرێت له‌ بنكه‌ی ئاسمانی جوفره‌ له‌ لییبیا، له‌ 19 ئایار. [ئه‌فریكۆمی ئه‌مریكا]

فڕۆكه‌یه‌كی میگ-29ی روسیا ده‌بینرێت له‌ بنكه‌ی ئاسمانی جوفره‌ له‌ لییبیا، له‌ 19 ئایار. [ئه‌فریكۆمی ئه‌مریكا]

سوپای ئەمریکا سێشەممە (26 ئایار) رایگەیاند كه‌ بەمدواییانە روسیا فڕۆکەی جەنگیی ناردۆتە لیبیا تا پشتیوانی بكه‌ن له‌ بەکرێگیراوانی روسیا کە بۆ فەرماندەی بەهێز خەلیفە حەفتەر شەڕدەکەن لە ناكۆكییه‌ درێژخایەنه‌كه‌دا.

فەرمانده‌یی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئەفریقا (ئەفریکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ فڕۆکە جەنگیەکان روسیایان جێهێشت و سەرەتا لە سوریا راوەستان، "کە لەوێوە بۆیاخی نوێ کران تا ئاماژەی روسی بوونی خۆیان بشارنەوە" پێشئەوەی بگەنە لیبیا.

ئەفریکۆم کە بنكه‌كه‌ی لە شتوتگارتە، دیاریی نەکرد کەی فڕۆکەکان دەرچوون، تەنیا رایگه‌یاند كه‌ "بەمدواییانە" بووە.

بەڵام وادیاربوو دواهەمین پێشێلکاریی ئابڵۆقەی نۆ ساڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت لەسەر ناردنی چەك بۆ لیبیا.

لە واشنتۆن، وتەبێژی په‌نتاگۆن، جۆناسان هۆفمان وتی روسەکان تێکەڵەیەك لە "نزیکەی 14 فڕۆکەی سەربازییان ناردووە".

ئەفریکۆم چەند وێنەیەکی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیای لەسەر تویتەرەکەی بڵاوکردەوە، لەنێویاندا دانەیەك کە چەندین فڕۆکەی فولکرم میگ-29 و فلانکەرز سو-25 نیشاندەدات کە لە بنکەیەکی ئاسمانی راوەستاون.

بەکرێگیراوانی روسیا دەگوێزرێنه‌وه‌

بانگەشەکە رۆژێك هات دوای ئەوەی حکومەتی لیبیای ددانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند كه‌ سەدان بەکرێگیراوی روسیا پشتیوانیده‌كه‌ن له‌ فەرماندەی سەربازی حەفتەر، لە ناوچەی شەڕ گوێزراونەتەوە له‌ باشوری تەرابلسی پایتەخت.

دەنگۆی ئەو پاشەکشەیە دوای زنجیرەیەك لە پاشەکشەی حەفتەر دێت لە هێرشە یەك ساڵانەکەیدا بۆ گرتنی پایتەخت لە حکومەتی نیشتمانی کە لە تەرابلسە.

کرملن هەمیشە بەشداریکردنی لە ناكۆكییه‌كاندا رەتکردۆتەوە.

لە بەیاننامەکەی ئەفریکۆمدا هاتووە کاتێك لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە پەیوەندییان پێوەکرا، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند "لەئێستادا لێدوان نادات".

بەڵام ئەندامی لیژنەی بەرگری لە خانەی نوێنەرانی پەرلەمانی روسیا، ئەندرێی کراسۆڤ ئەو دەنگۆیانەی فەرامۆشکرد و وەك "هەواڵی ساختە" ناویبردن.

به‌جیا له‌وه‌، وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگێی لاڤرۆڤ پێویستیی به‌ ئاگربەستێكی دەستبەجێ دووپاتکردەوە لەگەڵ "دیالۆگی بنیاتنەرانە" لە لیبیا، ئه‌مه‌ش بەگوێرەی وەزارەتەکەی و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لیبیا.

هۆفمان وتی دەرەکیەکان دەبێت بوەستن لە برەودان بە تووندوتیژی لە لیبیا.

"داوامان لە هەموو ئەو لایەنانە کردووە کە لەوێ کاردەکەن، کە روس و تورکەکانن، لە کارەکانیان بوەستن. ئێمه‌ لیبیایەکی پارێزراو و سەقامگیرمان دەوێت."

'ئێستا هیچ نکۆڵییەكی لێناكرێت'

پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکدا مانگی رابردوو وتیان گروپی واگنەر، كه‌ گروپێکی نائاسایی سەربازییه‌ و بە نزیك لە سەرۆك ڤلادیمێر پوتین دەبینرێت، چەکداری ناردووە بۆ پشتیوانیكردنی حەفتەر.

راپۆرتەکە، کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان نێردرا، بەکرێگیراوانی واگنەر لە لیبیا بە 800 بۆ 1,200 ده‌خه‌مڵێنێت.

ژەنەراڵێكی سوپای ئەمریکا، ستیفن تاونسه‌ند لە بەیاننامەکەی ئەفریکۆمدا وتی: "ماوەیەکی زۆرە روسیا نکۆڵی لە تێوەگلانی بەردەوامی دەکات لە ناكۆكییه‌كانی لیبیادا. ئه‌وا ئێستا هیچ نکۆڵییەكی لێناكرێت."

تاوسه‌ند وتی: "روسیا بەئاشکرا هەوڵدەدات هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خۆی لە لیبیا بگۆڕێت."

ئەفریکۆم رایگه‌یاند كه‌ کارەکانی روسیا مەترسی درێژبوونەوەی ناكۆكییه‌كان و "زۆربوونی قوربانی و مەینەتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە لە هەردوولا".

گەر پشتڕاستبکرێتەوە، جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگی پێشێلکارییەکی دیکەی ئابڵۆقەی چه‌كی زۆر پێشلکراوی 2011ی نەتەوە یەکگرتوەکانە.

لە کانونی دووەمدا، سەرکردەکانی جیهان رێکەوتن كه‌ بەردەوامی بە ئابڵۆقەکە بدەن و دەستێوەردان لە ناكۆكییه‌كاندا نەهێڵن، بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین جار هۆشداریی داوە کە هەردوولا بەردەوامن لە دەستڕاگەیشتن بە چەك و چەکدار.

جیا لەوە، هێزی کەشتیوانی ئەمریکا سێشەممە رایگەیاند كه‌ فڕۆکەی روسی سو-35 مەترسیدارانە لە فڕۆکەی چاودێری ئەمریکی پی8-ئەی نزیکبووه‌وە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە سێیەمین رووداوی "ناسەلامەت و ناپیشەوەر"ی لەوشێوەیەیە لە دوو مانگی رابردوودا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500