ئەو ئاوارانەی خەڵکی ئەو ناوچانەن كه بەمدواییە رژێمی سوریا گرتوونیهتهوه لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا لە ئیدلیب، ماوەیەکە خۆپیشاندانی گەورە دەکەن لە چەندین شوێنی پارێزگاکە، چالاکوانێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.
چالاکوانێكی خەڵکی مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان وتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن ئاوارەکان خۆیانەوە رێکخراون و سەر بە هیچ گروپێکی سیاسی یان چەکدار نین.
خۆپیشاندەران مەبەستیانە سەرنجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی رابکێشن بۆ مەینەتییهكانیان تا کۆتاییبهێنن بەو کارەساتەی بەسەریان هاتووە.
نوعمان بەمدواییانە لەگەڵ خێزانەکەی هەڵاتن بەرەو شارۆچکەیەك نزیك بە سنووری تورکیا.
بە دیارونای وت ئاوارەکانی خەڵکی ئەو ناوچانەی رژێم گرتوونی لە دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازییدا لە ئیدلیب، دەستیانکردووە بە رێکخستنی خۆپیشاندانی گەورە و داوای ئەوە دەکەن رێیانپێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارۆچکەکانی خۆیان.
وتی داوای چوونهدهرهوهی هێزەکانی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان دەکەن لەم ناوچانە.
یەکەمین خۆپیشاندان، بەناوی "شەپۆلی گەڕانەوە"، هەزاران ئاوارەی لە چەندین شارۆچکەی سێ شوێنەوە راکێشا کە خۆپیشاندەرانی لێ نیشتەجێکراون.
خۆپیشاندەران لە شاری ئیدلیب، لە ناوچەی نێوان شارەکانی سەرمین و ئیدلیب و نزیك بە شاری سەراقیب کۆبوونەوە، ئاڵای شۆڕش و پۆستەریان بەرزکردەوە كه تێیاندا داوای گەڕانەوەی خۆیان و کشانەوەی رژێمیان دەکرد.
هەندێك لە پۆستەرەکان روسیایان تۆمەتباردەکرد به ئاوارەكردنیان و وێرانبوونی موڵکی گشتی و تایبەت، لەکاتێکدا ئەوانیدی داوای ئازادکردنی زیندانیانیان دەکرد له زیندانهكانی رژێم، لەگەڵ مافی ژیان بە شکۆمەندییەوە.
کەمپە جەنجاڵەکان و دۆخی مەینەتبار
نوعمان وتی زیاد لە 1.5 ملیۆن سوری ئاوارەکران لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی ئەمدواییەدا و ئێستا لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین نزیك بە سنووری تورکیا.
وتی ئەم ناوچەیە جەنجاڵە بە خەڵکی پێشتر ئاوارەبوو، کاتێكیش ئاوارەی نوێ هاتن شوێن نەمابوو بۆیان لەم کەمپانەدا.
سەرەڕای ئەم دۆخە نەبوونی فریاگوزاری و کاری کۆمەکی مرۆیی لەئارادایە، بەتایبەتی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆناوە (کۆڤید-19).
نوعمان جەختیکردەوە لەوەی خۆپیشاندانە نوێکان لەلایەن خەڵکە ئاوارەکە خۆیانەوە دەستپێکران و وتی ئاوارەکان لە چەندین گوند و شارۆچکەوە بەمدواییانە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوە.
وتیشی لەنێو خۆیاندا هەماهەنگییان کردووە بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان و دواجار چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەیی کە تووشی خەڵکی پارێزگای ئیدلیب هاتووه.