هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

شەڕ پێدەنێتە دەیەمین ساڵیەوە و ئاوارەکانی ئیدلیب بێ پەناگەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

خێمەکان لە کەمپەکانی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بە زریانێك هەڵتەکێنران کە لە ناوەندی ئازاردا لە ناوچەکە دروستبوو. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

خێمەکان لە کەمپەکانی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بە زریانێك هەڵتەکێنران کە لە ناوەندی ئازاردا لە ناوچەکە دروستبوو. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

زریانە بەهێزەکان بوونە هۆی مەینەتی زیاتر بۆ خەڵکە ئاوارەکە لەکاتێکدا شەڕ پێینایە دەیەمین ساڵه‌وه‌ رۆژی یەکشەممە (15 ئازار)، بە هەڵتەکاندنی خێمەکان و دروستکردنی لافاو لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا.

لە دەستپێکی شەڕەکەوە لانیکەم 384,000 کەس مردوون، لەنێویاندا زیاد لە 116,000 مەدەنی، بەگوێرەی رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ.

شەڕەکە چەندین شار و گوندی وێران کردووە، ئابوریی رووخاندووە و زیاد لە 11 ملیۆن کەسی لە ناوخۆ و دەرەوە ئاوارە کردووە.

بەپشتیوانی سەربازیی روسیا، ئێران و حیزبوڵای لوبنانی، رژێمی سوریا کۆنترۆڵی زیاتر لەسه‌دا 70 وڵاتەکەی کردۆتەوە.

کوڕێکی بچوك پاسکیلەکەی بەنێو قوڕاوی کەمپێکی ئاوارەکاندا لێدەخوڕێت لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب دوای زریانێکی بەهێز. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

کوڕێکی بچوك پاسکیلەکەی بەنێو قوڕاوی کەمپێکی ئاوارەکاندا لێدەخوڕێت لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب دوای زریانێکی بەهێز. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

هێزەکانی تورکیا، کە پشتیوانی هەندێك گروپی ئۆپۆزسیۆنی چەکدارن، لە دوایین بنکەی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب جێگیرن، کە پەناگەی ملیۆنان خەڵکی ئاوارەیە.

دوایین ئاگربەستی سوریا پێشتر لەم مانگەدا ئەنجامدرا، هێزەکانی تورکیا و روسیا لەوێ دەوریەی هاوبەشیان ئەنجامدا، میدیای روسی و تورکی رایانگەیاند.

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند یەکەمین دەوریە زۆر کورت بووە و زیاتر رەمزی بووە، چونکە رێگەکە "کورتکراوەتەوە بۆ خۆلادان لە زیادبوونی بارگرژییه‌كان".

نزیکەی 200 خۆپیشاندەر لەسه‌ر رێگەیه‌كی نزیك بە شارۆچکەی نەیرەب گردبووبوونەوە، هەندێك تایەیان گڕ تێبەرده‌دا یان لقی داریان فڕێدەدایە سەر رێگەکە.

بای بەهێز و لافاو

زۆرێك لەوانەی ناتوانن لە کەمپەکانی ئیدلیب شوێن بدۆزنەوە لە دەرەوە یان لەنێو خوێندنگەکان و مزگەوتەکان یاخود کەلاوەکاندا دەخەون.

چالاکوانێکی ناوچەکە وتی ئەوەی کێشەکانیانی زیاترکرد، زۆرێك لە ئاوارەکانی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بێ پەناگە مانەوە دوای زریانێکی کۆتایی هەفتە کە خێمەکانی هەڵتەکاند و کەمپەکانی رووخاند، بەربەستی بۆ هاتوچۆ دروستکرد و چوونە ناوەوەی سەخت کرد.

چالاکوانی ئیدلیب موسعەب عەساف وتی بە دەیان خێمە هەڵتەکابوون و هەڵوەشابوون، وایکرد خەڵکەکە تووشی ئاوارەییەکی دیکە ببێتەوە لەو ناوچانەی زیانی کەمتریان هەیە.

وتی زۆرێك لە خێزانەکان چەندین کاتژمێریان لە دەرەوە بەسەربرد پێش ئەوەی پەناگەیەکی جێگرەوە بدۆزنەوە و ئاماژەیکرد بەوەی چالاکوانان، تیمێکی کڵاوسپیەکان و چەند رێکخراوێکی فریاگوزاریی کەم کە ماونەتەوە هەوڵیانداوە یارمەتییان بدەن بە دابینکردنی پەناگەیەکی کاتی.

عەساف وتی جیا لە هەڵتەکانی خێمەکان بە بای بەهێز، کەمپەکان پڕبوون لە باراناو کە گۆمی گەورەی قوڕاوی دروستکردووه‌ و بەربەستی بۆ هاتوچۆ دروستکردووه‌ لەنێو کەمپەکاندا و بەنێو رێگەکانی ناوچەکەدا.

وتیشی کاتێك ئەو رێگانەی دەچووە سەریان زیانی لافاوەکەیان بەرکەوت، لە کەمپەکانی دیکە دابڕان.

عەساف وتی نزیکەی 20 کەمپی ئاوارەکان زریانە سەختەکەی کۆتایی هەفتەیان بەرکەوت، بەجۆرێك زیاد لە 1,000 خێزان پێویستیان بە خێمە و شمەکی زیاتر بوو.

وتی لە باکوری ئیدلیب کەمپی شیفای نزیك بە حەزانو، لەگەڵ کەمپەکانی سەرمان، خەیر، ئەمەل، کەفر نەبودە و دێر حەسان زیانی گەورەیان بەرکەوت.

وتی لە خۆرئاوای ئیدلیب، بەهۆی زریانەکەوە کەمپی زوف و دولەیلەی نزیك بە کەفر تەخاریم گەورەترین زیانیان بەرکەوت.

ئابوری و ژێرخانی داڕووخاو

دە ساڵ لە شەڕ ئابوری و ژێرخانی سوریای داڕوخاندووە. لە 2018 نەتەوە یەکگرتوەکان خەمڵاندنی کرد بەوەی پێکدادان بۆتە هۆی زیانی نزیکەی 400 ملیار دۆلاری پەیوەست بە شەڕەوە.

بەگوێرەی دەزگای منداڵانی نەتەوە یەکگرتوەکان (یونیسێف) زیاد لە نیوەی دەزگا تەندروستیەکانی سوریا لەکارکەوتوون و دوو لە پێنج خوێندنگە کەڵکیان نەماوە.

یەکشەممە رایگەیاند كه‌ لانیکەم 4.8 ملیۆن منداڵ لەدایکبوون لەوکاتەوەی شەڕ نۆ ساڵ لەوەوبەر دەستیپێکرد لەکاتێکدا 9,000 دیکە لە شەڕەکەدا کوژراون یان برینداربوون.

یونیسێف رایگەیاند كه‌ ملیۆنێکی دیکە منداڵ وەك ئاوارە لەدایکبوون لەوکاتەوەی شەڕ هەڵگیرسا لە 15 ئازار 2011.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونیسێف هێنریتا فۆر یەكشەممە وتی: "شەڕی سوریا پەڵەیەکی رەشی شەرمەزارکەری دیکە تۆماردەکات."

"لەکاتێکدا شەڕەکە دەچێتە 10یەمین ساڵەوە، بە ملیۆنان منداڵ دووەمین دەیەی ژیانیان لە شەڕ و تووندوتیژی و مەرگ و ئاوارەییدا بەسەردەبەن."

لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێز ئاماژەیکرد بەوەی "دەیەیەك لە شەڕ هیچی لێ پەیدا نەبوو وێرانە و مەینەتی نەبێت".

وتی: "چارەسەری سەربازی نییە. ئێستا کاتی ئەوەیه‌ دەرفەتێك بدرێتە دبلۆماسیەت تا کار بکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500