رێكخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه چوارشەممە (1 کانونی دووەم) موشەکە زەمین بە زەمینییەکانی رژێمی سوریا نۆ مەدەنییان کوشت، لهنێویاندا پێنج منداڵ، لە قوتابخانەیەك لە پارێزگای ئیدلیب.
بەگوێرهی رێكخراوهكه، بەشێك لە بینای قوتابخانەکە لە شارۆچکەی سەرمین لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب کرابووه پەناگە بۆ ئاوارەکان.
سەرۆکی رێكخراوهكه، رامی عەبدولرەحمان وتی 15 کەس لە هێرشەکەدا برینداربوون.
چالاکوانێكی ئیدلیب، هیشام ئیدلیبی بە دیارونای وت ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی قوتابخانەی شەهید عەبدۆ سەلامە پێدەچێت زیادبکات، چونکە هەندێك لە بریندارەکان لە رەوشێکی ناجێگیردان.
ژمارەی کوژراوەکان زیادیانکرد دوای ئەوەی بەرگری شارستانی سوری (كڵاو سپییەکان) ئاماری سەرەتاییان بڵاوکردەوە دەسبەجێ دوای رووداوەکە.
ئیدلیبی وتی لەناو کوژراوەکاندا مامۆستایەك و چەند خوێندکارێك ههبوون، ئەوانی دیکەش ئاوارەبوون.
وتی لە هەمانکاتدا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن لە چەند ناوچەیەکی ئیدلیب.
شەڕی سەخت بەردەوامە
ئیدلیبی رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی بۆمبی قەدەغەکراوی هێشوویی و وتی ئەوە هۆکاری ئەو ژمارە زۆرە بووە لە کوژراو و بریندار.
پاشماوەی موشەکێكی چەند مەتری لە باخێکی زەیتونی ئهو نزیکانه دەبینرا.
ئیدلیبی وتی لەهەمانکاتدا، شەڕی سەخت بەردەوامە لەنێوان هێزەکانی رژێمی سوریا و تەحریر شام و هەوادارەکانیدا لە چەند قۆڵێکەوە لە پارێزگای ئیدلیب و رۆخی پارێزگای حەما.
وتی هەردوولا پێشڕهوی دهكهن و دەکشێنەوە لەکاتی شەڕەکاندا و چەندین پێگە لە دەستی ئەمەوە دەچێتە دەستی ئەوی دیکە و بەگوێرهی راپۆرتەکانیش هێزەکانی رژێم قوربانی زۆریان داوە و چەند ئەفسەرێکی پلە بەرزیش لەناو قوربانییەکاندان.
وتی شارۆچکەی مەعرەت نوعمان و دەوروبەری لە باشوری پارێزگاکە لەژێر هێرشی ئاسمانیی بەردەوامدایە و دانیشتووانەکەش بەردەوامن لە بهجێهێشتنی شارۆچکەکە.
ئیدلیبی وتی: "مەعرەت نوعمان خەریکە دەبێتە شارۆچکەیەکی چۆڵ و هۆڵ چونکە زۆربەی دانیشتووانەکەی هەڵهاتوون."