حکومەتی لیبیا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانیپێدانراوە، سێشەممە (28 نیسان) فەرماندەی بەهێزی سەربازی خەلیفە حەفتەری تۆمەتبارکرد بەوەی بەهۆی پشتیوانی سەربازیی مۆسکۆوە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەکی نوێی داوە دوای ئەوەی جاڕیداوە کە "پشتگیری جەماوەریی" هەیە بۆ فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە.
حەفتەر کە لەلایەن رەخنەگرانەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی دەیەوێت دیکتاتۆریەتی سەربازی بسەپێنێت و بەشێکی گەورەی خۆرهەڵات و باشوری لیبیای لەژێردەستدایە، رایگەیاند كه "سوپا" دروستکراوەکەی خۆی "شانازیدەکات بە پشتگیری جەماوەرییەوە بۆ ئەرکی مێژوویی" پێشڕەوییکردنی لیبیا.
شیکاروانان وتیان هەنگاوەکەی ئاماژەیەکە بەوەی دەیەوێت دەسەڵاتی بەهێزبکات دوای ئەوەی پێشتر لەم مانگەدا تووشی چەند شکستێك بوون، کاتێك هێزەکانی حکومەتی رێکەوتنی نیشتمانی چەند شارۆچکەیەکیان لە خۆرئاوای تەرابلس گرت.
ئەو وڵاتە بە نەوت دەوڵەمەندەی باکوری ئەفریقا ماوەیەکی زۆرە تووشی پاشاگەردانی بووە دوای کوشتنی دیکتاتۆری ماوەدرێژ موعەمەر قەزافی لە 2011، بەجۆرێك حکومەتە رکابەرەکان لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەوڵی دەسەڵات دەدەن.
حەفتەر بانگەشەی رەوایی خۆی دهکات بەهۆی پەرلەمانێکەوە کە لە 2014 لە خۆرهەڵات دامەزراوە، بەڵام ئەو دامەزراوەیە راینهگهیاندووه پشتیوانیی لێدەکات یاخود نا.
حەفتەر ئهوهی دیارینەکرد كه "رەوایی" لە چ دامەزراوەیەکەوە بەدەستهێناوە.
نەشیوت ئایا پەرلەمان، کە ناچاربوو بنکەكهی خۆی بگوازێتەوە دوای ئەوەی شەش ساڵ لەمەوبەر تووندوتیژی تەرابلسی وێرانکرد، هەڵدەوەشێتەوە یان نا.
حەفتەر کۆتایی رێکەوتنی سخیرەتی راگەیاند، کە رێکەوتنێك بوو نەتەوە یەکگرتوەکان لە 2015 میانگیریی بۆ کردبوو لە مەغریب و حکومەتێکی یەکێتی لە تەرابلس بەرهەمهێنا.
بەکرێگیراوانی پوتین دێنە ناوەوە
هەوڵی کودەتاکەی حەفتەر دوای ئەوە دێت كه مۆسکۆ دهیهوێت پشتگیری له فەرماندە بەهێزەکه بكات بە زیادکردنی پشتیوانی سەربازی، کە لاوانی هەژاری سوریا لهخۆدهگرێت، بۆ شەڕکردن و پتهوكردنی هێزەكانی لە سوریا.
گروپی واگنەر -- کە گروپێکی بەکرێگیراوە و به فهرمانی سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین دهجوڵێتهوه -- هەماهەنگی هەوڵێکی بەرفراوانی راكێشانی لاوانی سوریا دهكات بۆ شەڕکردن وەك بەکرێگراو لە سوریا، وهك ژمارەیەك لە بڵاوکراوە رۆژنامەوانیە عەرەبیەکان ئاماژهیان پێكردووه.
بەگوێرەی راپۆرتێکی شەرق ئەوسەت، لەژێر چەتری رێکخراوێکدا بەناوی "هاوڕێیانی روسیا"، چەند کارمەندێکی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی روسیا و سوریا ئەم لاوانە دەگوێزنەوە تا شەڕ بۆ حەفتەر بکەن بە راكێشانیان بەهۆی بەرامبەرێکی ماددیی زۆرەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه ئەندامانی "هاوڕێیانی روسیا" ناسنامەی سەربازییان پێدراوە لە بنکەی سەربازیی خمهیمیمی روسیا لە سوریا.
ژمارەیەك لە چاودێران وتیان هاوکات هێزی ئاسمانی روسیا ئەندامانی گروپی واگنەر و جبەخانەكانیان دەگوێزنەوە لە بنکەی سەربازیی خمهیمیمی روسیاوه لە سوریا بۆ بەنغازی له لیبیا.
جیا لەوەش، حکومەتی لیبیا نیگەرانە لەوەی شەپۆلی بەکرێگیراوانی سوریا لە لیبیا دەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا بڵاوبکەنەوە لەکاتێکدا بە فڕۆکەی روسی لە سوریاوە دەهێنرێن و نە پشکنینیان بۆ کراوە و نە کەرەنتینە کراون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی لیبیا، ئەم چەکدارانە لە پەیوەندی راستەوخۆدا بوون لەگەڵ ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران)، کە گەشتیاری هەمان ئەو گەشتی فڕۆكانە بوون لە سوریاوە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) بەشێوەیەکی تووند لێیداوە.
بەهۆی جێگۆڕکێکی بەردەوامی دەسەڵات بهسهر ههندێك ناوچەوە، بەکرێگیراوانی سوریا لە شوێنێکەوە دەچنە شوێنێكی دیکە و تێکەڵاوی چەکداران و مەدەنیەکانی لیبیا دەبن، ئەگەری مەترسی پەتاکە زیاد دەکەن و ئەگەری ئەوەی ڤایرۆسەکە بەنێو کۆمەڵگاکانی لیبیادا بڵاوببێتەوە، زیاتردەكات.
'زیادبوونی نائومێدی'
لە لێدوانێکی دەمەوبەیاندا، حکومەتی لیبیا لە تەرابلس سەرکۆنەی راگەیەندراوەکەی حەفتەری کرد و رایگهیاند كه "گاڵتەجاڕی و دوایین هەوڵە لە زنجیرەیەك هەوڵی کودەتادا".
حەفتەر پێشتر لە 2017 کۆتایی رێکەوتنی سخیرەتی راگەیاند و سێ ساڵ لەوەوبەریش لەسەر تەلەفزیۆن رایگەیاند کە دەسەڵات دەگرێتەدەست.
نەتەوە یەکگرتوەکان، کە میانگیریی رێکەوتنەکەی کرد، لە 28 نیسان نیگەرانی لە هەنگاوەکەی حەفتەر دەربڕی.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتوەکان، ستیفان دوجاریك وتی: "بۆ ئێمە رێکەوتنی [سخیرەت] و ئەو دەزگایانەی بەهۆی ئەو رێکەوتنەوە دروستبوون، تەنیا چوارچێوهی حکومەته له لیبیادا کە لەڕووی نێودەوڵەتیەوە ددانی پێدانراوه."
هێزەکانی سەر بە حەفتەر لە نیسانی 2019وە شەڕدەکەن بۆ گرتنی تەرابلس، بەڵام ههڵمهتهكهیان لە کەناری پایتەختدا راوەستێنراوە.
پێشتر له مانگی پێشوودا، هێزەکانی حکومەتی لیبیا لە دوو شاری کەناراوی گرنگ لە خۆرئاوای تەرابلس دەریانکردن.
بە پشتیوانیی تورکیا، هێزەکانی حکومەتی لیبیا لەئێستادا دەوری بنکەی سەرەکی پشتەوەی حەفتەریان گرتووه لە تەرهونە، 60 کیلۆمەتر (39 میل) باشوری خۆرهەڵاتی پایتەخت.
هێزەکانی حکومەتی لیبیا رایانگەیاند كه دوایین راگەیاندنەکەی حەفتەر هەوڵێك بووە بۆ "شاردنەوەی شکستی میلیشیا و بەکرێگیراوەکانی" و "شکستی پرۆژەی دیکتاتۆریەت".
شیکاروانێك لە دەزگای راوێژکاریی ڤێریسك ماپلێکرۆفت، هامیش کینەر، وتی هەنگاوەکەی "بۆ بەفەرمیکردنی کۆنترۆڵی راستەوخۆی خۆرهەڵاتی لیبیا ئاماژەیەکە بە نائومێدی زۆری بەهۆی سەرکەوتنەکانی حکومەتی لیبیاوە لە خۆرئاوای لیبیا".
کینەر وتی: "بە لەناوبردنی دەسەڵاتی [پەرلەمان] و هەڵبژاردنی خۆی وەك سەرکردەی بێمشتومڕ لە خۆرهەڵات، حەفتەر خۆی دەکات بە کەسایەتی ناوەند بۆ هەر دانوستانێك."
واشنتۆن لە 28 نیسان داوای دیالۆگی کرد لەنێوان ئەو دوولایەنەدا لەگەڵ ئاگربەستێكی "مرۆیی".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لیبیا لەسهر تویتەر رایگهیاند: "ئهمریكا بهداخه... كه حەفتەر پێشنیاردهكات گوایه گۆڕانکاری لە پەیکەربەندیی سیاسیی لیبیادا دهشێت بە راگەیاندنێكی تاکلایەنانە بسهپێنرێت."
وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، پیتەر ستانۆ وتی: "هەر هەوڵێك بۆ سهپاندنی چارەسەری تاکلایەنە -- بهتایبهتی لهڕێی هێزهوه -- هەرگیز چارەسەرێکی خۆڕاگر دابین ناكات" بۆ لیبیا.
لهلای خۆیەوە، رژێمی روسیاش هەوڵیدا خۆی لابدات لە پشتیوانیكردنی ئاشکرای لە هەوڵی کودەتاکەی حەفتەر.
وتەبێژی کرملن، دیمیتری پێسکۆڤ لە 28 نیسان وتی مۆسکۆ "هێشتا پێیوایە چارەسەر لە لیبیا پشت بە پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسی دەبەستێت لەنێوان لایەنەکانی شەڕهكهدا".