زیاتر لە 16,000 زیندانی لە گرتوخانهكانی عێراق ئازادکراون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوه (كۆڤید-19)، ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێنجشەممە (16 نیسان) رایگەیاند.
وەک رێکارێکی تر بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسە کوشندەکە، وەزیری داد لیستێکی 1,007 کەسی پێشکەشی سکرتاریەتی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق کرد کە لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ دەرکردوون، لهنێویاندا 57 گەنج.
حکومەتی عێراق له 7 نیسان پێشنیارێکی خستە بەردەم سەرۆک بەرهەم ساڵح، لەسەر داوای خۆی، کە تێیدا لێبووردنی تایبەتی بۆ چەند زیندانییەکی دیاریکراو دەرکرد بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەوانەی بڕیاری ئازادکردنەکە دەیانگرێتەوە ئەو زیندانیانەن کە نیوەی حوکمەکەیان تەواوکردووە یان کەمتر لە ساڵێکیان ماوە، لەگەڵ ئەوانەشی به یەک ساڵ یان کەمتر حوکمدراون.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داد کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دیارونای وت دهشێت كهسێك ئازادبكرێت بهمهرجێك شكاتكهر یان خێزانی قوربانییەکە دهست له مافهكانیان ههڵبگرن لە بەردەم دادگا یان دادوەرێکی لێکۆڵینەوەدا.
ئەو زیندانیانەی تاوانبارن بە تاوانی پەیوەندیدار بە گەندەڵی، تیرۆریزم یان پێشێلکردنی ئەمنیەتی بیانی و نێوخۆیی، ئەم لێخۆشبوونە نایانگرێتەوە.
ههروهها ئەوانەی تاوانبارن بە تاوانی پەیوەندیدار بە گەندەڵی ئابوری و کارگێڕی، سپیکردنەوەی پارە و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی، ساختەکردنی دراو، بازرگانی مادده هۆشبهرهكان، قاچاقچێتی به كهلهپوورهوه، دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤهوه، لێخۆشبوونەکە نایانگرێتەوە.
وەزارەتەکە گرتووخانەکان لە دژی ڤایرۆس پتەوتردەکات
وەزارەتەکە رایگەیاند كه هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا لەنێو دانیشتوانی گرتووخانەکاندا تۆمارنەکراوە.
وتی لەوکاتەوەی ڤایرۆسەکە بڵاوبۆتەوە، وەزارەتەکە رێکاری تووندی گرتۆتەبەر و ئاماژەیکرد بهوەش کە وەزیری داد فاروق ئەمین شەوانی فەرمانی دەرکردووە بە راگرتنی کاتیی سەردانکردنی خێزانی زیندانییەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان.
وتیشی پاسەوانانی گرتووخانەكان تەنیا رێگەیان پێدراوە یەک هەفتە لەجیاتی دوو هەفتەی ئاسایی، مۆڵەت وەربگرن و ئاماژەیکرد بهوهی پاسەوانان و ستافی گرتووخانە دەبێت پشکنینی پزیشکی بکەن پێش ئەوەی بچنە نێو گرتووخانەکانهوه و پێداویستییەکانیشیان دەبێت بڕشێندرێن.
ههروهها وتی وەزارەتەکە هەموو بەندیخانەکان بە دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕشێنێت و دهمامك و دەستکێشی بۆ ستاف و زیندانییەکان دابینکردووە و ماوه ماوه پشکنینی پزیشکی و پلەی گەرمییان بۆ ئهنجامدهدات.
وتی خولی هۆشیاری دەربارەی ڤایرۆسەکە و شێوازەکانی رێگریکردن لە گرتووخانەکان سازدهكرێن و تیمەکانی مافی مرۆڤیش بهردهوام سەردانی گرتووخانەکان دەکەن بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی زیندانییەکان و چاودێریکردنی ئەو رێوشوێنانەی بۆ رێگریکردن لە پەتاکە دەگیرێنەبەر.