گەڕانێکی نوێ بەدوای حەشارگەكانی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا بەگەڕخراوە لە گوند و باخەکانی دیالە، پۆلیسی عێراق پێنجشەممە (2 نیسان) رایگەیاند.
بەگوێرەی پۆلیس ئۆپەراسیۆنە نوێکە هاوکاتە بە هێرشێك کە بۆسەر حەشارگەیەکی داعش لە شارۆچکەی بەهرەزی پارێزگای دیالە ئەنجامدرا و چوار لە پاشماوەی گروپەکەی کوشت.
وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، عەمید نیهاد مەهداوی وتی یەکەکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و فیرقەی 5ی سوپا چوارشەممە دەستیانکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی نوێ و گەڕان بەنێو باخەکانی پارێزگاکەدا.
وتی ئۆپەراسیۆنەکە روماڵکردنی باخە بەپیت و کێڵگەکانی گەنمی دەگرتەوە لە قەزای میقدادیە، کەناری حەوزی وەقف و شارۆچکەی عەبارە و مەنسوریەت جەبەل لە باکوری خۆرهەڵاتی شاری بەعقوبە.
بە دیارونای وت: "زیادبوونی چالاکیە ئەمنیەکان لەو ناوچانە دوای ئەوە دێت كه تێبینی جوڵەی تیرۆریستان کراوە لە باخەکان و ناوچە پڕ لە گژوگیاکاندا."
وتیشی: "تیرۆریستان هێرشیشیان کردە سەر کامێرا وزەبینەکانی چاودێری لەو ناوچانە و لەکاریانخستن."
ئۆپەراسیۆنە بەرپێگرەکان
مەهداوی وتی: "ئەمە بەشێکە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەرپێگرانە کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدران تا پاشماوەکانی داعش بنەبڕبکرێن لەو ناوچانەی ئاسایشیان لاوازە تا دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەسەردا بسهپێنرێت."
وتیشی چالاکیە تیرۆریستیەکان لە گردەکانی حەمرین لەکزیدان. لە ئەنجامدا، پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن داڵدەیەکی ئارام بدۆزنەوە لە باخەکانی دیالە، بەتایبەتی لە حەوزی زور و دهوروبهری عەبارە.
وتی: "بەڵام هێج دەرفەتێکی رزگاربوونیان پێنادەین و بەردەوامین لە شوێنپێهەڵگرتنیان بە چادوێری ئاسمانی و لەسەر زەمین و لە هەرکوێ بن لێیان دەدەین."
مەهداوی وتی: "هاوکات بەم ئۆپەراسیۆنە، هێزێکی تایبەتی لیوای کتوپڕی 7 لە پۆلیس و هەواڵگریی دیالە هێرشێکی کتوپڕیان ئەنجامدا بۆسەر حەشارگەیەکی داعش لە نزیك شارۆچکەی بەهرەز (باشوری بەعقوبە)."
وتی هێرشەکە بووە هۆی کوشتنی چوار ئەندامی داعش و وتیشی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو پشتێنی بۆمبڕێژکراو پوچەڵکرانەوە و چەندین نارنجۆك و چەك و تفاقی سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تێکشکێنران.
ههروهها وتی هێزەكانی عێراق لە هێرشەکەدا هیچ کوژراو و بریندارێکیان نەبوو.