هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەكانی فەرەنسا په‌ره‌ده‌ن به‌ شارەزایی سەربازانی عێراق

خالید تائی

راهێنەرانی فەرەنسی رێنمایی پێکانی دروست دەدەن بە سەربازە عێراقییەکان له‌ 29 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری فەرەنسا]

راهێنەرانی فەرەنسی رێنمایی پێکانی دروست دەدەن بە سەربازە عێراقییەکان له‌ 29 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری فەرەنسا]

ساڵێك لەمەوبەر له‌م مانگه‌دا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دوا قەڵای لە سوریا دەرکرا لە گوندی باغۆز لە دێرەزوور، ئەوەش کۆتاییهێنا بە "خەلافەتەکەی" كه‌ لە عێراق و سوریا رایگەیاندبوو.

لەدوای رووخانی بەناو دەوڵەتەکەی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ راهێنانی سوپای عێڕاق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی گروپەکە.

هێزی مۆنسابێرت کە کاردەکات بۆ ئۆپەراسیۆنی شەمال، شارەزایی شەڕ و راهێنانی بۆ فیرقەی شەشی پیادەی سوپای عێراق لەگەڵ یەکەکانی تۆپخانە و دەستەی تەقەمەنی دابینکردووە.

یەکەکە 100 ئەندامی هەیە و لە بەغدا کاردەکات، ئەندامانیشی بریتین لە راوێژکاران و راهێنەران، کە ئامۆژگاری دەدەنە سەربازانی عێراق و شارەزایی تەکنیکی و سەربازیییان بۆ دابیندەکەن لەگەڵ بنیاتنانی ژێرخان و شوێنی راهێنان.

سەربازانی عێراق و راوێژکارە فەرەنسییەکان پێکەوە دەبینرێن له‌ 21 تشرینی دووەم لەکاتی راهێناندا لەسەر لابرنی تەقەمەنی دەستکرد و مینەکانی داعش جێیهێشتوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری فەرەنسا]

سەربازانی عێراق و راوێژکارە فەرەنسییەکان پێکەوە دەبینرێن له‌ 21 تشرینی دووەم لەکاتی راهێناندا لەسەر لابرنی تەقەمەنی دەستکرد و مینەکانی داعش جێیهێشتوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری فەرەنسا]

لە سەردانیدا بۆ بنکەی تیمی مۆنسابێرت لە بەغدا لە 29 شوباتدا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتی، فەریق رۆبێرت "پات" وایت ستایشی کاری هێزەکەی کرد بۆ بنیاتنانی توانای هێزەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی داعش.

شارەزایه‌كی بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت: "هاوکارییەکانی تیمە فەرەنسیەکە وەك راهێنان و راوێژکاریکردن کاریگەریی روونیان هەبووە لەسەر پتەوکردنی تواناکانی هێزەکانمان و ئامادەباشییان بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئاله‌نگارییه‌ك."

وتی "هەوڵەکانی ئەو تیمە و پەیوەندی راستەوخۆیان بە سەربازەکانەوە کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر هاوکاربوونیان بۆ فێربوونی شارەزایی سەرەکی ئاڵۆز وەك شەڕکردن لە ناوچەی سەخت و ئەو شوێنانەی دانیشتووانی زۆریان هەیە."

ئەو هێزەی مۆنسابێرت چەندین راهێنانی چڕی رێکخستووە بۆ زیاتر پەرەدان بە شارەزایی سەربازە عێراقییەکان، وەك تاکتیکی شەڕی ناو شارەکان و رێنمایی لەسەر تەقەکردن لە ئامانجە وەستاوەکان و ئەوانەی دەجوڵێن.

کۆرسێكی راهێنانی تەقەکردن کە بۆ ماوەی مانگێك رێکخرا لە کۆتایی 2019 لە باشوری بەغدا تیایدا 4,500 سەربازی فیرقەی شەشی پیادە شارەزاییە سەرەتاییەکانی تەقەکردن و پێکانی درووستی ئامانجەکان فێربوون.

شەریفی وتی پشتیوانییەکە بە راهێنان "بەشێكی لێنەبڕاوەی هەوڵی فەرەنسییەکانە" کە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەرایسۆنی شەمال لە ئەیلولی 2014 دەستیپێکرد وەك بەشێك لە ئۆپەرایسۆنی چارەسەری بنەڕەتی.

پشتیوانی ئاسمانی و تۆپخانە و هەواڵگری

شەریفی وتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی رافالی فەرەنسی رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پاراستنی یەکە سەربازییەکانمان لەکاتی شەڕەکانی رزگاریدا و لێدانی گورزی یەك لە دوای یەك لە قەڵاکانی دوژمن."

وتیشی: "یەکەی تۆپخانەی فەرەنسی پشتیوانی هێزەکانمان بوون بۆ پاراستنی ناوچەکانی سنووری سوریا و پشتیوانییان دابینکرد بۆ شەڕی باغۆز."

هه‌روه‌ها وتی: "کاری هاوبەشی بەهێز هەیە لەنێوان ئێمە و فەرەنسییەکاندا بۆ گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری، کە کارێكی بنچینەییە لە شەڕکردندا دژ بە گروپە تیرۆریستیەکان و بەرپەچدانەوەی هێرشەکانیان."

شارەزایه‌كی بواری ئەمنی، نەجم قەساب بە دیارونای وت: "بەرنامەکانی وەفدە فەرەنسییەکە دابینکردنی کۆرسه‌كانی راهێنانی کوالیتی به‌رز له‌خۆده‌گرن، كه‌ دەکرێت وەك تەواکەری یەکتر له‌قه‌ڵه‌مبدرێن."

وتی له‌وانه‌ راهێنان بۆ پتەوکردنی توانای جوڵەکردن و تەقەکردن جگە لە ئامادەکردنی پلانەکان و پێدانی شارەزایی لە بواره‌كانی فریاکەوتنی سەرەتایی و بانکی زانستی و پەیوەندییەکان و شارەزایی کۆمپیوتەردا.

وتی بواره‌كانی دیکەی پشتیوانی بریتین لە راهێنان لەسەر پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکان و لابردنی مینەکان بە ئەمینی لەگەڵ راهێنان بۆ بەرپەچدانەوەی کەمین.

'پەیوەندییەکی بەهێز و درێژخایەن'

قەساب وتی ئەندازیارانی هێزی مۆنسابێرت بەشدارن لە بنیاتنانی دەزگاکانی راهێنانە سەربازییەکاندا و لە 17 کانونی یەکەم دروستکردنی گۆڕەپانێكی راهێنانیان بۆ فیرقەی شەشی پیادەی سوپای عێراق تەواوکرد.

وتی: "چاومان لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و درێژخایەنە لەگەڵ فەرەنسا. بەهۆی کاری هاوبەشمانەوە سەرکەوتنی گرنگمان بەدەستهێناوە و هیوادارین گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان بەرەوپێشەوە بچێت."

شارەزایه‌كی بواری ئەمنی عێراقی، هەیسەم خەزعەلی بە دیارونای وت: "شارەزا فەرەنسییەکان ئەرێنییانە بەشداربوون لە بنیاتنانی تواناکانی سوپاکەماندا."

وتی: "پشتیوانی دەکەین لە ئیمزاکردنی رێکەوتن و لێکتێگەیشتننامه‌ لەگەڵ فەرەنسا بۆئەوەی سوود وەربگرین لەو شارەزاییەی لەمێژە هەیانە له‌ زۆر له‌ توانا سەربازییەکاندا."

وتیشی: "پێویستمان بە پشتیوانی و راهێنانە، بەتایبەتی کە دێتە سەر مامه‌ڵه‌كردن لەگه‌ڵ پاشماوەکانی تیرۆریستان وەك مین و تەقەمەنییەکان كه‌ هێشا مەترسی جددین لەسەر ژیانی خه‌ڵكی عێراق."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500