سەرکردەکانی ئێران تووشی فشارێکی زۆر بوون بەرامبەر وەڵامیان بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، لەکاتێکدا وڵاتەکە پێنجشەممە (19 ئازار) رایگەیاند ڤایرۆسەکە زیاد لە 149 کەسی کوشتووە، کە تۆمارێکی نوێیە لە تاقە رۆژێکدا.
بەبێ قەدەغەکردنی هاتوچۆ، ڤایرۆسەکە لە هەر 31 پارێزگاکەی ئەو وڵاتەدا بڵاوبۆتەوە، کە بۆتە هۆی رەخنەی تووندی جەماوەر.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لە 1 ئازار "هەڵمەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا"ی راگەیاند، کە رۆڵی خۆی وەك بەشێك لە وەڵامی ئەو قەیرانە کرد بە فەرمی.
لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه هێزی بەرەنگاری بەسیج، کە گروپێکی بان-سەربازیی سەر بە پاسدارانە، "ئامادە و چالاك دەبێت لە مەیدانی هاریکاری و کۆمەكدا تا سەرکەوتنی تەواو بەسەر ئەو دەردەدا بەدەستدێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
![عەمیدێكی سوپای پاسداران، غوڵامڕەزا جەلالی، یاوەریی رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی دەکات لەکاتی سەردانیدا بۆ ستافی رێکخراوی بەرگری ناچالاك، لەم وێنەیەدا کە تشرینی یەکەمی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوكراوهتهوە. [فایل]](/cnmi_di/images/2020/03/19/22983-Iran-Passive-Defense-600_384.jpg)
عەمیدێكی سوپای پاسداران، غوڵامڕەزا جەلالی، یاوەریی رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی دەکات لەکاتی سەردانیدا بۆ ستافی رێکخراوی بەرگری ناچالاك، لەم وێنەیەدا کە تشرینی یەکەمی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوكراوهتهوە. [فایل]
رێکخراوی بەرگری ناچالاك له ئێران ئەرکی پێشەنگی هەیە لە وەڵامی ئەو وڵاتەدا بۆ کۆڤید-19.
رێکخراوەکە بەرپرسە لە "سیاسەتدانان، پلاندانان، ئاراستەکردن، رێکخستن، هەماهەنگیکردن، چاودێری و کارڕاییکردنی بەرگری ناچالاك و بەرگری شارستانی... چالاکیەکانی دەزگاكانی سهپاندنی یاسا".
ئەرکەکەی هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی سهر ئینتەرنێت، بایۆلۆژی، تیشكدهرهوه، کیمیایی و ئابوری لەخۆدەگرێت.
ئێرانیەکان سەرکۆنەی ئامانجی دووسەرەی رێکخراوەکە دەکەن
شیکاروانان دەڵێن سەرەڕای رۆڵە مەدەنیەکەی، رێکخراوەکە بەرەبەرە بۆتە رێکخراوێکی سەربازی و زۆرینەی ئەندامەکانی کارمەندانی پاسداران و بەسیجن.
ئەم ئامانجە دووسەرەیە و گۆڕانی تەرکیز لەکاتێکدایە متمانەی خەڵکی ئێران بەردەوام کەمدەبێتەوە بە توانای پاسداران بۆ بەڕێوەبردنی پەتای کۆڤید-19.
شیکاروانی سیاسی، ئەمیر رەزا تەقیپوریان وتی: "دامەزراندنی رێکخراوی بەرگری ناچالاك [لە 2004]، وەك هەموو ئەو رێکخراوانەی لە سەردەمی سەرکردایەتی عەلی خامنەئیدا لە دەرەوەی حکومەت دروستبوون، راستیەکەی بەشێك بوو لە پلانی خۆی بۆ دروستکردنی کیانێکی هاوتەریب بە کیانە فەرمیەکان."
بە دیارونای وت: "لەبەرئەوەی رابەری باڵا پێیوایە دەزگا حکومییەکان دڵسۆزیی تەواوەتییان بۆ ئەو نیە، هەمیشە هەوڵیداوە چەند رێکخراوێك دروستبکات کە لەژێر دەستی خۆیدان."
"ههمان كردهوهی هاوشێوەی بەرامبەر پەرلەمانیش ئهنجامداوه و پشتیوانیی دەزگای هاوتەریبی کردووە وەك ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کلتوری. راستیەکەی، خودی پاسداران دەزگایەکی سەربازیی هاوتەریبە بە سوپا."
وتی: "خامهنەئی تەنیا بڕوای بەو دەزگایانە هەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدان و زۆرترین کات پشت بە ئەندامانی پاسداران دەبەستێت بۆ دامەزراندنی ئەم دەزگایانە. لەبەر ئەم هۆیە، رێکخراوی بەرگری ناچالاكیش دەزگایەکە کە لەژێر دەستی پاسداراندایە."
یەکێتی ئەوروپا لە 2010 چەند سزایەکی دژی رێکخراوەکە راگەیاند و تۆمەتباریکرد بە پەیوەندی هەبوون بە سیستمەکانی گواستنەوەی گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمییهوه.
لە 2015وە، عەمید غوڵامڕەزا جەلالی سەرکردەی رێکخراوی بەرگری ناچالاكه. لیژنەیەك کە لەلایەن لیوا محەمەد باقری، سەرکردەی دیوانی هێزە چەکدارەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، سەرپەرشتی ئەو رێکخراوە دەکات.
جەلالی تەنیا بەرپرسە بەرامبەر خامنەئی و باقری.
نهێنی و درۆکان قەیرانەکە درێژتر دەکەنەوە
شیکاروانان دەڵێن هۆکاری ئەوەی رێکخراوەکە مامەڵەی خراپی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا کردووە لەبەرئەوەی تەرکیزی لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕاوە بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی ئێران و سنووردانان بۆ چالاكییهكانیان لەسەر ئینتەرنێت و دەستکردن بە شهڕی دەروونی و گەشەدان بە ژێرخانی تەکنەلۆژی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی نفوزی بیانی.
وەك دەزگاکانی دیکەی پشتبهستوو به سوپا، رێکخراوەکە تۆمەتباردەکرێت بە نهێنی پاراستن و درۆکردن دەربارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە ئێران و لە ئاکامیشدا قەیرانەکە درێژتر دەکاتەوە و خراپتری دەکات.
بۆنمونە لە 4 شوبات، رێکخراوەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رووماڵە مەیدانی و بەڵگە بەردەستەکان نیشانیدەدەن کە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە ئێران کەمە."
تەنیا مانگێك دواتر، بڵاوبوونهوهی کۆڤید-19 لە ئێران یەکێكه لە کوشندەترینیان لە دەرەوەی چین، کە شوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بوو.
سهرجهم 18,407 کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیەکە بوون، كه 1,046 کەیسی نوێ لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا راگەیەندراون.
هێشتاش، سەرۆك حەسەن روحانی بەردەوامبوو لە بەرگریکردن لە مامەڵەکردنی حکومەت.
لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا چوارشەممە، دوای کۆبوونەوەیەکی مانگانە لەگەڵ حکومەتەکەی، وتی: "هەندێك دەپرسن بۆچی حکومەت دەستێوەردان ناکات، بەڵام پێموایە بەشێوەیەکی بەرچاو دەستێوەردانمان کردووە."
لەکاتێکدا وەزیرەکانی بە ماسكهوه لەدەوری بوون، وتی: "هەنگاوی مەزن نراوە [لەنێویاندا] چەند هەنگاوێك كه لە هیچ وڵاتێکی دیکە نەنراون."
رەخنەی تووند بەرامبەر مامەڵەکردن لەگەڵ کۆڤید-19
ئێرانیەکان بەدگومانن، بەتایبەتی دوای کارەکانی شاردنەوە و درۆکانی ئەمدواییەی رژێم.
رۆژنامەوانێك له قوم، فەرید مودەریس، لە سەرەتای ئازاردا لە تویتەر نوسیی: "هەموو دەزگا حکومی و گشتیەکان بەگەڕخراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئاخۆ رێکخراوی بەرگری ناچالاك لەکوێ بێت، کە گرنگترین دەزگایە لەئێستادا؛ پێشبینیی چیکردووە و چی ئەنجامداوە؟"
هادی یەزدانی کە دکتۆرێکی ئێرانییە، نیگەرانیی هاوشێوەی هەبوو.
لە 8 ئازار لە تویتەر نوسیی: "دوو رێکخراومان هەیە بە ناوەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی قەیران و رێکخراوی بەرگری ناچالاك؛ گەر هۆیەك هەبێت بۆ دامەزراندنیان، بۆ بوونی رۆڵیانە لەکاتێکی وەك بڵاوبوونەوەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. هیچ جێدەست و کاریگەرییهكی بەڕێوبەرانی ئەم رێکخراوانە لەئێستادا دەبینیت؟ دەکرێت هەر لەکاتی ئارامدا لە میدیاکانەوە دەربکەون؟"
محەمەد دلاوەری، پێشکەشکار لە پرۆگرامی تاران توێنتی، کە لەسەر کەناڵی تەلەفزیۆنی 5 پەخشدەکرێت، رەخنەی تووندی لە رۆڵی جەلالی گرت لە رووبهڕووبوونهوهی قەیرانەکەدا.
لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس لە 3 ئازار باسی لەو بانگەشە بێمانایە کرد كه گوایە کۆڤید-19 دەکرێت هێرشێکی بایۆلۆژی بێت دژی ئێران.
دلاوەری لە بەرنامەکەیدا لە 7 ئازار وتی: "بەڕێز جەلالی، سەرۆکی رێکخراوی بەرگری ناچالاك، دەبێت ئامادەبێت و وەڵاممان بداتەوە و بڵێت ئایا ئێمە هێرشی بایۆلۆژیمان کراوەتە سەر یان نا و گەر هێرشمان کراوەتە سەر، گروپەکانی ژێردەستی ئەو چیان کردووە؟"
شەڕی دەسەڵات ژیان دەخاتە مەترسییەوە
رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر روون دەبێتەوە کە شەڕ و ململانێ هەیە لەسەر ئەوەی پێویستە چ کیانێك رووبهڕووبوونهوهی کۆڤید-19 لەئەستۆ بگرێت
چالاکوانێكی سیاسی لە ئێران، عەلی زەنجانی بە دیارونای وت: "رێکخراوی بەرگری ناچالاك لە سەرەتای شوباتدا 'دۆخی سپی' راگەیاند لەکاتێکدا ژمارەیەك هاوڵاتی لە قوم بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردن."
وتی: "ئەمە نەك تەنیا ئاماژەیە بە ناكارامهیی، بەڵکو دەریدەخات كه بەپێچەوانەی پێگە و بانگەشەکانییهوه، ئامانجی سەرەکی رێکخراوەکە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو وەك دەزگا سەربازی و حکومییەکانی دیکە، ئەولەویەت دەداتە بەرژەوەندیی دەسەڵاتخوازانهی فەرمانڕەواکان."
"شێوازی ناپیشەوەریی رێکخراوەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا بەردەوامە و لەمڕۆدا و لە ترۆپکی قەیرانەکەدا، [رێکخراوەکە] و پشتیوانانی لە ململانێی دەسەڵاتدان لەگەڵ دەزگا تەندروستیەکان و بێشەرمانە دەڵێن کەس فەرمان لە پزیشكێك وەرناگرێت و لەبەر ئەم هۆیەش دەڵێن دەبێت ناوەندی بەڕێوەبردن لەدەستی وەزارەتی تەندروستیدا نەھێڵرێت."
جەلالی لە 11 ئازار رەخنەی لە حکومەتەکەی روحانی گرت لە بەرامبەر رادەستکردنی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە بۆ وەزارەتی تەندروستی و وتی هیچ کەس "رانەهاتووە بە پهسهندكردنی فەرمان لە سەرۆکی خوێندنگەیەکی پزیشکیەوە".
شهرمهزاربن بۆ ئهم وتاره بێمانایانهتان. ئێوه ناتوانن بهڕاستی بیربكهنهوه. چهنده پارهتان پێدهدهن بۆ زڕاندنی ناوی ئێران و بهرهی بهرهنگاری؟ ئێران باشترین [تۆماری] ئهدای ههیه له تهواوی جیهاندا. ئێوه له چ دونیایهكدا دهژین؟ چونكه هێنده نهزانن دهربارهی ههموو شتێك. ئێوه زۆر باش [له تووڕهییدا] ئاگرتان تێبهربووه، دهی بسوتێن! ئهوه من بهختهوهر دهكات. ئهوه ئێمه یهكجار زۆر بهختهوهر دهكات، ههركاتێك ئێوه زهمی ئێران دهكهن؛ چونكه بۆماندهردهكهوێت ئێران بارودۆخی باشه و ئێوه [له تووڕهییدا] دهمرن.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت