هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

نەتەوە یەکگرتووەکان: چەکدارانی سوریا هێرشەکانیان زیاددەکەن بۆسەر مەدەنییەکان لەکاتی پەتای کۆرۆنادا

ئاژانسی فرانس پرێس

پارچە رزگارکراوەکانی ژنێک لەنێو داروپەردووی خانوویەکی وێرانبوودا لە گوندی باغۆزی خۆرهەڵاتی سوریا، 13 ئازار، ساڵێک دوای کەوتنی داعش. [دەلیل سولەیمان\ئاژانسی فرانس پرێس]

پارچە رزگارکراوەکانی ژنێک لەنێو داروپەردووی خانوویەکی وێرانبوودا لە گوندی باغۆزی خۆرهەڵاتی سوریا، 13 ئازار، ساڵێک دوای کەوتنی داعش. [دەلیل سولەیمان\ئاژانسی فرانس پرێس]

نەتەوە یەکگرتووەکان هەینی (8 ئایار) رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و گروپەکانی تری لە سوریا تۆمەتبارکرد بەوەی دۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی لە دژی مەدەنییەکان.

بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، میشێل باچیلێت نیگەرانیی خۆی ده‌ربڕی بەرامبەر زیادبوونی تووندوتیژییەکانی وڵاتەکە کە خۆی بەهۆی نزیکەی دەیەیەک له‌ شەڕ و بارگرژی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

وتی: "هه‌موو ڕۆژێك راپۆرتی زیاترمان بەدەستدەگات سەبارەت بە کوشتنی بەئامانجکراو و بۆردومانکردن لەلایەکی وڵاتەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هێرشی هاوشێوە لە ناوچە قەرەباڵغەکان روودەدەن."

باچیلێت تیشکی خستە سەر ئه‌وه‌ی زیادبوونی تووندوتیژییەکان لەکاتێکدا دێت كه‌ جیهان سەرنجی لەسەر رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە نزیکەی 270,000 کەسی لە تەواوی جیهاندا کوشتووە.

وتی: "لایەنه‌ جیاوازه‌كانی شەڕەکە لە سوریا... پێدەچێت ئەوەی کە سەرنجی جیهان ئاراسته‌ی پەتای کۆڤید-19 كراوه‌، وەک هەڵێک لێیبڕوانن بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تووندوتیژی لە دژی دانیشتوانەکە."

باچیلێت بەدیاریکراوی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە زیادبوونی ئەو هێرشانە ده‌ربڕی كه‌ داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانیانی لەئەستۆگرتووه‌ و وتی: "ئەو دۆخە کە بەرەو خراپبوون دەڕوات لە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەچێت و نابێت پشتگوێ بخرێت."

ئەنجومەنەکەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە لانیکەم كوشتنی 35 مەدەنی تۆماركردووه‌ لە نیسانەوە بەهۆی هێرشی تەقه‌مه‌نی دەستکردەوە، بەبەراورد بە حەوت كوژراو مانگێک پێش ئێستا.

راشیگەیاند كه‌ لە دەستپێکی ئازارەوە 33 هێرشی تەقەمەنی دەستکرد روویانداوە، لەنێویاندا 26 هێرش لە گەڕەکەکاندا بوون، لەکاتێکدا حەوتیان بازاڕەکانیان کردۆتە ئامانج.

هێرشی داعش له‌ بیابانه‌كه‌ی سوریا

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ هێرشێکی داعش بۆسەر بیابانی سوریا پێنجەشەممە، بووە هۆی کوشتنی 11 چەکداری رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ چەکدارەکان لە هێرشێکدا بۆسەر ئۆتۆمبیلەکەیان لەنێوان سوخنە و شوعله‌دا لە ناوچەكه‌ی نێوان پارێزگاکانی حومس و دێرە زووردا کوژران.

سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان نەیتوانی دەستبەجێ وردەکاریی زیاتر بەردەستبخات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی ژمارەی قوربانییەکان دەکرێت بەرزببێتەوە.

داعش دەستبەجێ بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆنەگرت.

لانیکەم 27 چەکداری رژێم و هاوپەیمانەکانی کوژران لە هێرشێکی گروپە تووندڕه‌وه‌كاندا لە هەمان ناوچەی بیابانیدا مانگی رابردوو.

داعش هه‌روه‌ها هێرشی کوشندەشی لە عێراق ئەنجامداوه‌ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا.

چاودێران هۆشداریانداوە کە داخستنی سنوورەکان و جوڵانی سەرچاوە ئەمنییەکان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی هێرشەکانی داعش.

گروپە تووندڕەوەکە چیتر پێگەیەکی جێگیری نییە، بەڵام هێشتا چەندین چەکداری هەیە کە لە حەشارگەكانی بیاباندا خۆیان حەشارداوە.

رێکخراوەکە رایگەیاند کە دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە هێرشێکی گومانلێکراوی داعشدا کوژران، لە نزیک سنووری عێراق.

هێرشی لەم جۆرە لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند جارێک لەو بەشەی پارێزگای دێرە زوور روویداوە، کە داعش لە دەستپێکی 2019 كوشتارێكی خوێناویی ئه‌نجامدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500