تیرۆرکردنی فەرماندەکەی سوپای پاسداران لە نزیک دیمەشق ئامادەیی ئێرانییەکان لە ناوچەیەکی ستراتیجیی سوریا پشتڕاستدەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت هێزی خۆی تێدا بونیادبنێت، شرۆڤەکارێک وتی.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند کە فەرماندەیهكی سوپای پاسداران، عەمید فەرهاد دهبیریان هەینی (6 ئازار) تەقەی لێکراو و کوژرا لە دەوروبەری مزگەوت و نزرگهی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، رێکخراوەکە کوژرانی فەرماندەکەی وەک "تیرۆرکردن" لهقهڵهمدا، بەڵام باسی ئەنجامدەری تیرۆرکردنەکەی نەکرد.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی رایگەیاند دهبیریان، کە پاراستنی مەزارگە شیعەکەی پێسپێردرابوو، "شەهیدكرا".
شارەزایهكی بواری پەیوەندییەکانی ئێران، شەیار تورکۆ بە دیارونای وت دهبیریان "یەکێک بوو لە ناودارترین بەرپرسەکانی ئێران لە سوریا و راستەوخۆش سەرپەرشتی یەکێک لە گرنگترین شوێنە ئایینیەکانی دەکرد، کە سەیدە زەینەبه."
وتی پاراستن و پاسەوانیکردنی ئەو شوێنە ئایینیانەش یەکێک لەو شێوازانەیه كه سوپای پاسداران بەکاریهێناوە بۆ چوونەناو خاکی سوریاوه لەژێر ناوی پاراستنیاندا.
ئەجهندای راستەقینەی سوپای پاسداران
بەگوێرەی تورکۆ، فەرماندە کوژراوەکەی سوپای پاسداران هەماهەنگی هەبوو لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران، بەتایبەتی لیوای زەینەبیون (کە لە کەسانی بەڕەچەڵەک پاکستانی پێکهاتووە) و حیزبوڵای لوبنان -- كه بەناوبانگترینیانه لەم ناوچەیە.
ئاماژهی بهوهش كرد كه "پاراستنی مەزارگهكان" تەنها رووكهشێكه كه مهبهستی راستەقینەی ئامادەیی سوپای پاسداران لە سوریا دەشارێتەوە، بەتایبەتیش لە دیمەشق.
وتی: "ئەجهندای راستەقینەی سوپای پاسداران بۆ خۆجێگیرکردنە لە ناوچە سەرەکییەکانی سوریا بۆ بونیادنانی هێز و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئامادەییان."
روونیشیکردەوە کە ئامانجە سەرەکییەکە بۆ بونیادنانی پەیوەندییه لە عێراق لەلایەک و لوبنان لەلایەکی دیکە، تا رێگایەکی زهمینی لەنێوان تاران و بەیروتدا دروستبکات و ئەمەش رێ بۆ ئێران بۆسهر دەریای سپی بكاتهوه.
وتی بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی ئهم پلانه، ئامادەیی سەربازیی ئێران لە سوریا دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەی دیمەشق.
وتی ئەمەش بەهۆی ئەوەی باشوری دیمەشق ناوچەیەکی ستراتیجییە کە رێ بۆ جموجۆڵی ئێران لەنێوان پایتەخت و باشوردا خۆشدەکات، تادهگاته قەلەمون و ناوچە سنوورییەکهی نێوان لوبنان و سوریا.
وتیشی ئەمە پێویستە بۆ پهڕینهوهی نایاسایی له سنوورهكه، کە رێ بۆ فەرماندە و چەکدارانی سوپای پاسداران و حیزبوڵا خۆشدەکات بە ئازادی لەنێوان دوو وڵاتەکەودا هاتوچۆبکەن و لێشاوی گواستنەوەی چەک بۆ لوبنانیش مهیسهردهكات.