هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

رێکخراوە عێراقییەکان كۆمه‌كی منداڵان ده‌كه‌ن بۆ ساڕێژكردنه‌وه‌ی زامه‌كانی تیرۆریزم

خالید تائی

چالاکوانێك لەگەڵ منداڵانی عێراق کاردەکات لە قوتابخانەی عەبدولقادر عوبێدی لە موسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تیرۆریزم و بانگەشەکردنی ئاشتی و ئارامی لەناو خوێندکاراندا، وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 3 شوباتی 2017 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەوا]

چالاکوانێك لەگەڵ منداڵانی عێراق کاردەکات لە قوتابخانەی عەبدولقادر عوبێدی لە موسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تیرۆریزم و بانگەشەکردنی ئاشتی و ئارامی لەناو خوێندکاراندا، وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 3 شوباتی 2017 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەوا]

شه‌ڕ و تیرۆریزم نیشانی دیاریان لەسەر منداڵە عێراقییەکان جێهێشتووە و هێشتا دەناڵێنن بەدەست کاریگەرییە دەرونییەکانەوە دوای زیاتر لە دوو ساڵ رزگاربوونی عێراق لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) .

رێكخراوە عێراقییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی دەناڵێنن بەدەست كێشه‌ دەروونییه‌كانی ئه‌زمونكردنی شەڕ و ناكۆكییه‌كانه‌وه‌.

مریەم، کە کچێکی 11 ساڵانی خەڵكی موسڵە، ژیانێكی ئاسایی دەژیا بەرلەوەی داعش موسڵ بگرێت و "بمانتۆقێنێت"، باوکی ئەو کچە، میساق عەلی وتی.

بە دیارونای وت: "ئەوە بووە هۆی ئاوارەیی و هەموو زەحمەتییەکانی دیکە، کە بەرە بەرە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی کچەکەم دانا."

منداڵانی عێراقی کە خەڵكی پارێزگای نەینەوان یاری بە میکانۆ دەکەن لە کەمپێکی ئاوارەکان لە بەغدا. [خاوەنی وێنە: یونیسێف]

منداڵانی عێراقی کە خەڵكی پارێزگای نەینەوان یاری بە میکانۆ دەکەن لە کەمپێکی ئاوارەکان لە بەغدا. [خاوەنی وێنە: یونیسێف]

"دەترسا و دەگریا بەبێ هۆکار و زۆربەی کاتەکانی بە بێدەنگی بەسەردەبرد بێئەوەی یەك وشە بدرکێنێت."

وتی: "دوای رزگاربوون، گەڕاینەوە ماڵەکەمان و رەوشی بەرەو چاکبوونەوە دەچوو دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ قوتابخانە و خرایە بەرنامەی چارەسەرکردنی دەروونییه‌وه‌. هیوادارم باشتربوونی بەردەوام بێت."

منداڵان رووبەڕووی ترس و خەمۆکی دەبنەوە

جود، رێکخراوێكی مرۆیی له‌ موسڵ بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانەوە، یەکێكە لەو چەند رێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە چارەسەر دابیندەکەن بۆ ئەو منداڵانەی بەدەست کێشەكانی تەندروستی دەروونییەوە دەناڵێنن.

سەرۆکی جود، لەیلا بەرزنجی وتی: "مامەڵەمان لەگەڵ چەند کەیسێك کردووە و هەندێكیان مامناوه‌ندین و ئەوانی دیکە پێویستیان بە پرۆسەی چارەسەری درێژخایەن هەیە."

بە دیارونای وت: "کەیسە زۆر جددیه‌كان بریتین له‌ خەمۆکی و ترسی ناسروشتی لە دەرئەنجامی شۆکی راچڵەکێنەر یان بزواندنی دووبارە."

وتی: "بۆنمونە، کچێك هەبوو هاواریدەکرد و خۆی دەشاردەوە هەرکاتێك گوێی لە دەنگێكی بڵند بوایە و کچێكی دیکە هەبوو کێشەی تەندروستی جه‌سته‌یی بۆ درووستدەبوو بەهۆی ترسەوە."

جود لەگەڵ حکومەتی ناوخۆیی و یونیسێف کاریکردووە بۆئەوەی شوێنی تایبەت بە منداڵان دروستبکات لە سەرانسەری قوتباخانەکاندا لە موسڵ.

ئەو شوێنانە، کە لە 25 قوتابخانە کراونەتەوە، نزیکەی 20 بۆ 30 منداڵ بۆیان دەچن کە ئەزمونی شۆكیان هەبووە وەك بینین یان ژیانکردن له‌ کردەوەكانی تووندوتیژیدا یان بەردەوام تۆقاندن.

بەرزنجی وتی: "ئەنجامی ئەرێنیمان بەدەستهێناوە لە چارەسەرکردنی چەند کەیسێكدا لەڕێی ئەو شوێنانەوه‌، کە هەلێك بۆ منداڵان دابیندەکەن بۆ یاریکردن و هەستکردن بە ئەمان و خۆگونجاندن."

وتیشی: "هەندێك لە منداڵەکان خاوتر وەڵامی چارەسەره‌کان دەدەنەوە و چارەسەری درێژخایەنیان لە کەشێكی لەباری چاکبوونەوەدا پێویستە."

منداڵانی داعش زۆرتر دەناڵێنن

مامۆستای وانەی دەروونی لە زانکۆی بەغدا، نوها دەروێش بەشداریکردووە لە چارەسەرکردنی زیاتر لە 300 منداڵدا کە ناڵاندوویانە بەدەست کاریگەرییه‌كانی تیرۆریزمەوە، وتی منداڵان بەرگەی کاریگەرییەکانی ترس ناگرن.

خاتوو نوها وتی: "رووداوەکانی تووندوتیژی کە مێشكی منداڵ لێیان تێناگات لە خەیاڵیاندا دەمێننەوە و دواتر دەبن بە ترسی ریشە داکووتاوی قوڵ و فۆبیا."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "چەندین کەیس بەخێرایی چاکبوونەتەوە بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە پشتیوانی درێژخایەنی گرنگی دەروونی هەیە، ئەوەش پێویستی بە بنکەی زۆر شارەزا هەیە بۆ چارەسەرکرنیان".

دەروێش وتی: "منداڵانی چەکدارانی داعش کە لە ناوجەرگەی تووندوتیژیدا ژیاون، زۆرتر دەناڵێن بەدەست کاریگەرییه‌ دەروونییه‌ زۆر خراپه‌كانی تیرۆریزمەوە."

وتیشی: "ترس چێنراوە لە مێشکی ئەو منداڵانەدا لەلایەن دایك و باوکیانەوە کە بڕوایان وایە تووندوتیژی هه‌ڵسوكه‌وتێكی رەوایە و منداڵەکانیشیان لە دەرئەنجامی بەگوێنەکردنی دایك و باوکیان دەترسان."

جگه‌ له‌وەش، ئه‌و منداڵانه‌ی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر ژیاون، کاریگەریی هەستی چەوساندنەوە و کەنارگرتنیان لەسەرە.

بەگوێره‌ی دەروێش، ئەو هەستانە دەکرێت ببنە زیادبوونی ئەو کێشە دەروونییانەی پێوەی دەناڵێنن و وایلێکردوون "بەرگەنەگرن و تووڕە و تۆڵەسێنەر بن لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا".

هاریكاری له‌نێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا

دەروێش داوای زیاتر کاری هاوبەشی کرد لەنێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتدا بۆئەوەی هەوڵه‌كان یه‌كبخرێن بۆ گەشەپێدانی بەرنامەی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ هه‌ر کەیسێك، به‌گوێره‌ی ئاستی خراپی و سروشتی ئەو کەیسە.

کاربەدەستێكی راگه‌یاندنی تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەوا، موهەنەد عەوماری وتی 56 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تۆڕکەدا هاریكاری دەکەن و پێکەوە چالاکییەکانی چاکبوونەوەی دەروونی بۆ منداڵانی نەینەوا رێکخدەخەن.

بە دیارونای وت: "تۆڕەکەمان لە شەش مانگی رابردوودا کاریکردووە بۆ دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاری بۆ نزیکەی 1,000 منداڵ."

وتی: "لانیکەم سێ خولی هەفتانەمان هەیە و هەر خولێك بۆ نزیکەی 20 منداڵە."

بەگوێره‌ی عەوماری، ئامانجی ئەو کۆرسانە "سڕینەوەی وێنەکانی تیرۆریزمە لە یادگەی ئەو منداڵانەدا و پەروەردەکردنیانە لەسەر بیرۆكه‌ی ئاشتی".

وتی هەروه‌ها "بەرنامەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و کاردانەوە و دروستکردنی تواناش دابیندەکەن بۆئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە مێشکیان ده‌ربكه‌ن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500