ماوەیەکە حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی دەروونی توندوتیژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەسەر ئەو منداڵانەی کە دایکوباوکیان لەدەستداوە بەهۆی ئەو گروپەوە یاخود شایەتی ستەمکارییەکانی بوون، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
سەرۆکی بەڕێوبەرێتی کاروباری ژنان و منداڵانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، عەبیر چەلەبی، به دیارونای وت: "توندوتیژی کاریگەریی نەرێنی هەبووە بۆ سەر ژمارەیەکی زۆری منداڵان لەو شارانەی زیانی زۆری تیرۆریزمیان بەرکەوت."
وتی لەئێستادا وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی چارەسەری دەروونی دەبەخشێتە 80 منداڵ لەنێوان تەمەنی 5 بۆ 16 ساڵدا لەو داڵدانهدا کە بەڕێوەیان دەبات.
هەندێكیان ئەندامی کەمینەی ئێزدیین، لەکاتێکدا ناسنامەی زۆرێك لەوانیدی نەزانراوە، چونکە هێزە عێراقیەکان لەخۆیان گرتن لەکاتی پێشڕەوییاندا بەرەو موسڵ.
وتیشی: "لەڕێگەی بەرنامەی چاکسازیی دەروونییەوە، هەوڵدەدەین یارمەتی ئەو منداڵانە بدەین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە."
وێنە ئازاربەخشهكان
چەلەبی وتی هەندێك منداڵ پاڵپشتی دەروونی کاریگەریی نەبووە بۆیان، تەنانەت دوای چەندین مانگ لە چاکسازی و ئاماژەشیکرد بەوەی "حەزناكهن بچنە نێو هیچ گروپێكهوه و خواستیان وایە بەتەنیا بن نەك لەگەڵ كهسانی تر دابنیشن".
وتی: "ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە سەختتر کاربکەین بۆ یارمەتیدانیان، چونکە ئەوەی ئەو منداڵانە پێیدا رۆیشتوون ئاسان نەبووە."
وتیشی هەندێك لەو منداڵانە بینهری كوشتنی دایکوباوکیان بوون لەلایەن داعشەوە.
ههروهها وتی: "ئەو وێنه ئازاربەخشانە ناتوانرێت لە مێشکیان بسڕدرێتەوە، كه بەهۆیەوە بە وروژمی خەمۆکی و ترسدا تێپەڕدەبن." وتی ئەمەش "مۆرکێکی نەسڕاوەی جێهێشتووە بەسەر هزریانهوه و ئەوەی چۆن له دنیا دهڕوانن".
وتیشی بەمزوانە وەزارەت نزیکەی 1,000 منداڵی بێباوکی پێدەگات کە پێویستیان بە چارەسەره، کە دایکیان شووی بە چەکداری داعش کردووە و دەستبەسەرکراون بۆ لێکۆڵینەوە.
چەلەبی وتی: "کاردەکەین و هەوڵدەدەین دڵنیایی بدەین کە دەتوانین ئەم ژمارە زۆرە لە منداڵ لەخۆبگرین و چاکسازییان تێدابکەین." وتیشی وەزارەت پەنای بردووە بۆ حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پشتگیری.
ههروهها وتی: "پێویستمان بە سەرچاوەی زۆر و بەرنامە و ستافێکی راهێنراوی باش هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی تایبەت بە توندوتیژی هەمەجۆر و خزمەتگوزارییەکانمان فراوانکردووە تا دەستمان بە منداڵی زیاتر بگات."
ترسی بەردەوام
نوها دەروێش کە وانەی دەروونناسی دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغدا، وتی: "دڕندەیی داعش کاریگەریی بۆ سەر منداڵان زیاتر بووە تا کەسانی دی."
دەروێش بە دیارونای وت کارەکانی گروپەکە ترسی بەردەوامی دروستکردووە لەنێو ئەو منداڵانەدا کە دەژیان لە ناوچەکانی پێکداداندا، لەگەڵ چەندین نەخۆشی دەروونی.
وتی ئەم منداڵانە لەگەڵ دیدگایەکی تێکچوو بۆ دنیا گەورەدەبن و رەنگە ببنە هۆی هەڕەشە بۆسەر کۆمەڵگە گەر یارمەتییان پێنەگات.
وتیشی چارەسەری نەخۆشی زەبری دەروونی پێویستی بە پلانی فراوان هەیە کە بەشێك بێت لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە ناوچە ئازادکراوەکان و ئاماژەیکرد بەوەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست هێندەی بنیاتنانەوە گرنگە.
چالاکوانێكی خهڵك موسڵ، ئیسرا عوبێدی، كارمهند لە رێکخراوی یەکگرتوو بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە رێکخراوێکی ناحکومییە، وتی منداڵییەکی تەندروست گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ نەوەیەکی تەندروست و پێگەیشتوو.
عوبێدی بە دیارونای وت: "هەموومان، حکومەت و رێکخراوەکان بەهەمان شێوە، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کاریگەریی تیرۆریزم بۆ سەر منداڵان."
وتی: "ئەمە کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە هەوڵی زۆر و ساڵانی زۆر لە چاودێری و چارەسەر هەیە، كه تێیدا منداڵانی زیانبەرکەوتوو چارەسەری دەروونییان پێبدرێت بەدەستی پسپۆڕان."
منداڵانی بەرهەمی لاقەکردن ئاستەنگ دروستدەکەن
ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم حکومەت و کۆمەڵگەی عێراقی چارەنوسی ئەو منداڵانەیە کە بەرهەمی لاقەکردن یان هاوسەرگیریی بەزۆرن بە ئەندامێکی داعش.
پەرلەمانتاری عێراق و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە پارێزگای نەینەوا کە لە نزیکەوە کار لەسەر ئەو منداڵانە دەکات، لەیلا بەرزنجی، وتی "ئەو مندالانە لەژێر چاودێریدان، بەبێ جیاوازی، لە هەتیوخانە و کەمپی ئاوارەکاندا" لە عێراق.
بەرزنجی بە دیارونای وت بەڵام ئەوان "سۆزیان بۆ دایك نیە چونکە دایکیان جێیهێشتوون، جا بەویستی خۆیان بووبێت یان فشاری کۆمەڵایەتی".
بەرزنجی باسی چیرۆکی ژنێکی ئێزدی کرد کە دەبوو واز لە منداڵەکەی بهێنێت -- كه منداڵی چەکدارێکی داعش بوو -- لە هەتیوخانە بهجێیبهێڵێت چونکە نەیتوانیوە بەخێویبکات لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا چونکە وهك ژنەکە دەیوت منداڵهكه"پهسهندناكرێت".
هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی ئەو منداڵانە نیە کە تەمەنیان چوار ساڵ کەمترە و بەهۆی لاقەکردن یان هاوسەرگیریی بەزۆرەوە لەدایکبوون لەگەڵ توندڕەواندا، چونکە هەموویان لە هەتیوخانەکان ناژین.
هێزە ئازادکەرەکان هەروەها ئەو منداڵانەیان لەخۆگرتووە کە ههردووك دایکوباوکیان سەر بە داعش بوون و ئەوانەش کە ناسنامەیان بهنەزانراوی ماوەتەوە.
بەرزنجی وتی هەموو ئەو منداڵانە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نیە، ئەمەش وادەکات نەتوانن وەك هاوڵاتی مافی تەواوی خۆیان بەدەستبهێنن و بەوجۆرەش نامۆدەبن بە کۆمەڵگە.
وتی ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەخاتەسەر بەخێوکردن و داهاتوویان.
بەرزنجی تکای کرد هەوڵی پێکەوەیی بدرێت لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا بۆ دانانی پلانێکی چڕوپڕ و دوورمەودا بۆ چارەسەری دەروونی قوربانیانی لاقەکردن و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرامبەر ئەو کارەساتە دروستبکرێت.
وتی پلانەکە دەشبێت تەرکیز بخاتەسەر ئاسانكردنی رێوشوێنەکانی لەخۆگرتنی منداڵانی هەتیو، بهشێوهیهك رێوشوێنەکان کەمتر ئاڵۆز بن.