هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

لە موسڵی دوای داعشدا خۆبەخشان رۆڵێکی چالاکیان هەیە لە بنیاتنانەوەدا

خالید تائی

خۆبەخشانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی فەزعە گەڕەکێکی موسڵ پاکدەکەنەوە لە 6 نیسان 2019، وەك بەشێك لە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانەوەی شارەکە لەدوای داعش. [خاوەنی وێنە: فەزعە]

خۆبەخشانی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی فەزعە گەڕەکێکی موسڵ پاکدەکەنەوە لە 6 نیسان 2019، وەك بەشێك لە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانەوەی شارەکە لەدوای داعش. [خاوەنی وێنە: فەزعە]

موسڵ، کە شوێنی ژمارەیەکی برەوسەندووی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خۆبەخشانه‌، ناونراوە بە "پایتەختی خۆبەخشی".

ئەو شارەی پێشتر پایتەختی دیفاکتۆی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوو، لەمڕۆدا چەندین گروپ و رێکخراوی هەیە کە خزمەتگوزاری خێرخوازی پێشكه‌شده‌كه‌ن بە خەڵکەکە و هاوبەشێکی گرنگی حکومەتن.

بەرپرسی راگه‌یاندنی تۆڕەکە، موهەنەد ئەومەری وتی لە رزگارکردنیەوە لەدەستی داعش لە تەمموزی 2017، موسڵ لەئێستادا زیاد لە 270 تیمی خۆبەخشی هەیە، لەنێویاندا 64 كه‌سیان پەیوەندییان بە تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە نەینەواوە هەیە.

ئەومەری بە دیارونای وت دوای رزگارکردنی موسڵ، پەرۆشییەکی زۆر هەبوو بۆ کاری خۆبەخشی لەنێو لاواندا لە هەوڵێکدا بۆ پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان و بینینی رۆڵێکی چالاك لە بنیاتنانەوەی شارەکەیاندا.

خۆبەخشان خۆراك دابەشدەکەن بەسەر خەڵکدا لە موسڵ لە 1 نیسان. [خاوەنی وێنە: چالاکوان موهەنەد ئەومەری]

خۆبەخشان خۆراك دابەشدەکەن بەسەر خەڵکدا لە موسڵ لە 1 نیسان. [خاوەنی وێنە: چالاکوان موهەنەد ئەومەری]

وتی هەوڵی ئەم لاوانە تەواوکەرێکی به‌نرخ بوو بۆ هەوڵەکانی حکومەت.

وتی خۆبەخشانی تۆڕەکە بەشدارییانکردووە لە نەهێشتنی سەدان تەن لە داروپەردوو لەسەر شەقامەکانی موسڵ، به‌وشێوه‌یه‌ش بەشدارییانکردووە لە کردنەوەی شەقامەکان، خوێندنگەکان، دوكان و بازاڕ و بیناکانی حکومەت.

وتی خۆبەخشان بەشدارییانکرد لە "لابردنی جەستەکان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا بە هاریکاری لەگەڵ بەرگری شارستانی و تیمەکانی شارەوانی".

ئەومەری وتی: "کارمان لە چەندین پرۆژەدا کردووە، لەنێویاندا بەرنامەکانی فریاگوزاری و مرۆیی و پەروەردەیی بە هاریکاریی دەزگا حکومی و نێودەوڵەتیەکانی وەك یونیسێف."

وتیشی: "هەوڵەکانمان به‌ هه‌مان خێرایی بەردەوامبوون چونکە دەمانویست تەرکیز بخەینە سەر پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە بۆ بنیاتنانەوەی دوکان و بازاڕ و کارەکانیان، لەڕێی خێرخوازی و ئەو پارەیەی لە هەوڵەکانی فریاگوزاری و خزمەتگوزاری گشتییەوە دابینکرابوو."

یارمەتیدانی ئاوارەکان کاری لەپێشینەیە

ئەومەری وتی دابینکردنی کۆمەك و پشتیوانی بۆ ئاوارەكان لە کەمپەکاندا کاری لە پێشینەیە بۆ تیمە خۆبەخشەکان.

وتی: "تیمەکانمان بەردەوام سەردانی کەمپەکانی ئاوارەکان دەکەن لە موسڵ و کۆمەکی فریاگوزاری و شمەکی ناوماڵ دەدەنە دانیشتوانه‌كانیان. کەمپینی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و چاکسازی پیشەیی و چەندین جۆر چالاکی دیکەش رێکدەخەن."

فەزعە، یەکێك‌ لەو رێکخراوانه‌ی کۆمەڵگەی مەدەنی کە چالاکن لە موسڵ لە دەستپێکی شەڕی رزگارییەوە لە کۆتایی 2016، نزیکەی 18 هەڵمەتی بۆ پشتیوانیکردنی کەمپەکانی ئاوارەکان و خێزانە گەڕاوەکان رێکخستووە بە دابەشکردنی هەزاران ژەمی خۆراك و دەرمان و شمەکی بنەڕەتی دیکە.

هەماهەنگیکاری گشتی فەزعە، مستەفا خەتیب وتی هەروەها پشتیوانی گەڕاوەکان دەکات له‌ هەوڵه‌كانی بنیاتنانەوەدا و یارمەتی دابینکردنی رزق و رۆزی دەیانیان دەدات.

بە دیارونای وت لە سەرەتادا، تەنیا ژمارەیەکی کەم خۆبەخش هەبوون. ئەو ژمارەیە لەوکاتەوە گەیشتۆتە 1,500 خۆبەخش کە بەتەواوی بەشەکانی ناو موسڵدا بڵاوبوونەتەوە.

وتی: "کاری خۆبەخشیمان تەنیا تەرکیزی لەسەر یەك ناوچە نییە." ئاماژەیکرد بەوەی تیمەکانیان نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستی پاکدەکەنەوە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبوو، لەگەڵ کۆکردنەوەی کۆمەکی بزاوتن بۆ کەمئەندامان.

خەتیب وتی بەڵام خۆبەخشی بەبێ ئاستەنگیش نەماوەتەوە، لەنێو ئەو ئاستەنگەدا گیان لەدەستدانیش هەیە.

لەکاتی شەڕی رزگارکردنی خۆرهەڵاتی موسڵدا، فەزعە سێ ئەندامی لەدەستدا و 18 كه‌سی دیکە برینداربوون بە تەقەکردنی راستەوخۆی داعش لەکاتێکدا خەریکی رزگارکردنی خەڵکەکە بوون.

پشتیوانیکردنی ژنان

رێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی تەرکیزیان خستۆتە سەر پشتیوانیکردنی ئەو ژنانەی رزق پەیداکەری خێزانەکانیان لە شه‌ڕه‌كاندا لەدەستداوە.

لەیلا بەرزنجی، بەڕێوبەری جود، کە رێکخراوێکی مرۆییه‌ له‌ موسڵ بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانەوە، وتی کردوویانە بە ئەرکی خۆیان کە ئەو ژنانە لەخۆبگرن کە زۆرترین زیانی شەڕیان بەرکەوتووە.

خۆبەخشانی جود راهێنان دابیندەکەن بۆ بێوەژنەکان و ئەو ژنانەی مێردەکانیان ونبوون و ئەوانی دی کە دەبێت رزقی خێزانه‌ گەورەكانیان دابینبکەن.

وتی: "لە چەند وێرکشۆپێکی پیشەییدا تۆمارمانکردن بۆ فێرکردنی چنین و قژچاککردن. هەروەها چەند بەرنامەیەکی چاکسازیمان دابینکردووە نەك تەنیا بۆ ژنان بەڵکو بۆ سەدان خەڵکی لاو کە سودیانبینیووە لە خزمەتگوزاریەکانمان و دەستیانکردووە بە کردنەوەی دوکانەکانی چاککردنەوەی مۆبایل و کۆمپیوتەر و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی."

بەرزنجی وتی رێکخراوەکەی لەئێستادا سەرچاوەی داهات دابیندەکات بۆ نزیکەی 150 ژن.

وتی داخستنی سنوور بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ (کۆڤید-19) و هەڵپەساردنی هەناردەكردن، سوودی هەبووە بۆ ئەم ژنانە چونکە داخوازی لەسەر بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ناوخۆدا زیادیکردووە.

بەرزنجی داوای لە حکومەت کرد هانی بەرهەمی نیشتمانی بدات و بیپارێزێت وەك رێگەیەك بۆ لەخۆگرتنی خەڵکانی بێکار و پشتیوانیكردنی ئابوری.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500