حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانەی بەر ژێرخانی پەروەردە کەوتووە لە پارێزگای نەینەوا لە ئەنجامی شەڕی تیرۆرەوە.
بەرپرسان لە 21 کانونی دووەم دەستپێکی هەڵمەتێکیان راگەیاند بۆ چاککردنەوەی بینای ئەو خوێندنگانەی زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ بنیاتنانی خوێندنگەی نوێ لە موسڵ و شارەکانی دیکەی پارێزگاکە.
ئەو هەڵمەتە بەرفراوانە بە بودجەیەکی 112 ملیار دیناری (94 ملیۆن دۆلار) پشتیوانی دارایی دەکرێت، بەگوێرەی خالید شاهین، جێگری بەڕێوبەری بهڕێوبهرێتی پەروەردەی نەینەوا.
شاهین وتی هەڵمەتەکە "بنیاتنانەوە و دروستکردنی 500 خوێندنگە لەخۆدەگرێت لەمساڵدا، بە پشتیوانی و بەشداریی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی خۆجێی نەینەوا، لەگەڵ بهرنامهی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان (یوئێن دی پی) و سندوقی نەختی منداڵانی نهتهوه یهكگرتووهكان (یونیسێف)".
وتی هەڵمەتی بنیاتنانەوەکە تەرکیزدهكاته سەر موسڵ، لەگەڵ ئەو یەکە کارگێڕییانەی خوێندنگەکانیان زیانی سەختیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە شەنگال و حەزەر و بەعاج.
لەوکاتەوەی نەینەوا لەدەست داعش رزگارکرا لە ئابی 2017، حکومەتی خۆجێی 2,160 خوێندنگەی بنەڕەتی و ناوەندی لەکۆی 2,500 کردۆتەوە لە تەواوی پارێزگاکەدا.
لە 19 کانونی دووەم، هەشت خوێندنگە کرانەوە بەپشتیوانی سندوقی بنیاتنانەوە بۆ ئەو ناوچانەی زیانی تیرۆریزمیان پێگەیشتووە، لەگەڵ یوئێن دی پی.
شاهین وتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە نۆژەنکردنەوەی تاقیگە زانستیەکان و کتێبخانەکان لهخۆدهگرن و ئاماژەیکرد بەوەی 260 تاقیگە بۆ فێرکردنی کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی و بەرنامەڕێژیی کۆمپیوتەر و 60 کتێبخانەش له خوێندنگەکاندا لە ساڵی رابردوودا کرانەوە.
بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن
بەرپرسان بەهیوان هەڵمەتەکە یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنان بدات لە بینای خوێندنگەکاندا کە بۆتە هۆی دابەشکردنی کاتی خوێندنی پۆلەکان بۆ سێ دەوام.
خوێندنگە گەڕۆکەکانیش جێگرەوەیەکی کاتی بوون بۆ ئەو 126 خوێندنگەیەی بەتەواوی رووخابوون، کە زۆربەیان کەوتبوونە موسڵی کۆنەوە.
بەڕێوبەری یەکێتی مامۆستایانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا رەعد جەبوری بە دیارونای وت کەرتی پەروەردە هێشتا رووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی گەورە دەبێتەوە.
وتی: "بینای خوێندنگەی بەردەست بەپێی پێویست نین و ئەو چارەسەرانەش کە هەن کاتیین و دەکرێت دەرفەتی خوێندن بدەن بە هەزاران خوێندکار بەڵام لە ئاستێکی پێویستدا نین."
وتیشی: "لەئێستادا ژمارەی خوێندنگە گەڕۆکەکان لە 200 کەمتر نین لەو گەڕەکانەی زیانی زۆری تیرۆریزمیان بەرکەوتووە و لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا، بەڵام کەشێکی شیاویان نییە بۆ فێربوونی خوێندکاران."
ههروهها وتی: "جیا لەوەش، دوو دەوامی و سێ دەوامی بۆ خوێندکاران ماندووکەرە و زیانی دەبێت بۆ ئاستی تێگەیشتن و کوالیتی خوێندنیان."
جەبوری جەختیکردەوە لەوەی هەڵمەتی بنیاتنانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەدات و کوالیتی خوێندن لە پارێزگاکە بەرزدەکاتەوە.
ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا خەدیدا حەمو کە ئێزیدییە وتی: "ئەو ناوچانەی زیانی شهڕیان بەرکەوتووە، وەك شەنگال و یەکە کارگێڕییەکانی، دەناڵێنن بەدەست کورتهێنانی تووندی خوێندنگەوە لەبەرئەوەی زۆربەی بیناکانیان رووخاون و بنیات نەنراونەتەوە."
بە دیارونای وت: "بەهیواین ئەم هەڵمەتە نوێیە تەرکیزی لەسەر ئەو ناوچانە بێت و یارمەتی پێشخستنی کەرتی پەروەردە بدات لێیان."