بونیادنانەوەی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە وێرانکرابوون لە ناحیەی رەبیعەی سنووری لە پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە، ئیدارەی ناحیەکە هەیەنی (24 کانونی دووەم) رایگەیاند.
بەڕێوبەری ناحیەکە، جاسم محەمەد کانوش بە دیارونای وت: "حکومەتی عێراق هەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ بوژاندنەوەی پڕۆژە گەورەکان لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ و شارەوانیدا."
وتی: "کارەکان دەستیانپێکردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی گشتیی رەبیعە، پڕۆژەیەکی گەورە کە بڕیاربوو ساڵانێك لهمهوبهر تەواوببێت، بەڵام کارکردن تێیدا راگیرا لەمیانهی شەڕی دژ بە داعشدا و دووچاری زیانی زۆر هات."
وتیشی کاتێک پڕۆژەکە تەواوبوو، ئەرکی گەشتکردن بۆ چارەسەر لەسەر دانیشتوانی رەبیعە و نزیکەی 80 گوند هەڵدەگرێت.
کەنوش وتی: "هەروەها پڕۆژەی ئاودێری (باکوری) جەزیرەمان هەیە، کە یەکەمین قۆناغی تەواوبووە و چاوەڕێی تەواوبوونی قۆناغەکانی دیکەین."
وتی ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ئاودێرییەکان لە ناحیەکە و ئاماژەیکرد بهوهی یارمەتی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئابوریی ناوخۆ دەدات.
دۆخێکی ئەمنیی سەقامگیر
کانوش وتی کاروبارەکان لە چەند پڕۆژەیەکی تریشدا دەستیانپێکردووە، لەنێویاندا چاکردنەوەی رێگاکان و تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە.
وتی ناحەیەکە هێشتا بهدهست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت و پێویستی بە پڕۆژەیەکی گەورە هەیە بۆ دابینکردنی ئاوی گونجاو بۆ بەکارهێنان لە روباری دیجلە یان بەنداوی موسڵ.
وتی هاوکات کارەکانی بونیادنانەوەی پێنج خوێندنگە دەستیانپێکردووە کە لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا وێرانببوون و پلانیش هەیە کە کارەکانی دوو خوێندنگەی دیکەش دەستپێبکەن.
وتیشی: "نزیکەی 100 خوێندنگە لە ناحیەکە هەن، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستمان بە لانیکەم نزیکەی 15 خوێندنگەی تر ههیه بۆ چارەسەرکردنی جهنجاڵیی ناو پۆلەکان."
ناحیەی رەبیعە، کە دەکەوێتە سەر سنووری سوریا، دانیشتوانەکەی نزیکەی 90,000 كەس دەبن و زۆربەشیان ئەندامی خێڵی شەمەرن.
کانوش وتی: "ئەو دانیشتوانهی کە لە رەبیعە ئاوارەبوون تاڕادەیەک هەموویان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان."
وتی ئەمنیەتی ناحیەکە "زۆر سەقامگیرە" و ژمارەی پێویستی لە ئهندامانی پۆلیس و سوپا و پیاوانی خێڵی لێیە کە پێکەوە، بەپشتیوانی دانیشتوانی ناچەکە، ئەمنیەتی دەپارێزن و چاودێریی سنوورهكه دەکەن بۆ رێگریکردن لە هەر دزەکردنێکی چەکداران.