هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

سزاکانی ئەمریکا کاریگەرن لە خاوكردنه‌وه‌ی پاسداران لە یەمەن

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

وێنەیەك کە 19 حوزەیران 2018 گیراوە لە ئەبو زەبی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران عەبابیل دەردەخات کە هێزە چەکدارەکانی ئیمارات دەڵێن لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەن بەکارهێنراوە لە شەڕەکاندا دژی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی. [کەریم ساحیب/ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنەیەك کە 19 حوزەیران 2018 گیراوە لە ئەبو زەبی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران عەبابیل دەردەخات کە هێزە چەکدارەکانی ئیمارات دەڵێن لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەن بەکارهێنراوە لە شەڕەکاندا دژی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی. [کەریم ساحیب/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسان و پسپۆڕانی یەمەن وتیان سزاکانی ئەمریکا کاریگەربوون لە بەرگرتن بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لە هەوڵەکانی ناسەقامگیرکردنی یەمەن و ئەنجامی خێرا و ئەرێنییان هەبووە.

لە هەموویان بەرچاوتر، کەمکردنەوەیەکی بەرچاو هەبوو لە چالاکیەکانی کۆمپانیا و کەسەکانی سەر بە ئێراندا لە یەمەن بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی لە بانکە بیانی و هەرێمییەکان، بازرگانانی ناوچەکە، دەزگاکان و تەنانەت ئەو هاوڵاتیانەش کە پارەیان لە دەرەوە پێدەگات.

ئەم کەمبوونەوەیە هاوکات بوو بە بەیاننامەیەك لەلایەن حکومەتی فه‌رمیی یەمەنەوە، کە پیشوازیی لە سزاکانی ئەمریکا کرد بۆسەر کیانە ئێرانیەکان کە تێوەگلاون لە بەقاچاخبردنی چەك بۆ حوسییەکانی یەمەن (ئەنسارەڵڵا).

حکومەت چوارشەممە (12 کانونی یەکەم) رایگەیاند كه‌ پێشوازیدەکات "لە سەپاندنی سزاکان بەسەر هەشت کیانی ئێرانیی تێوەگلاودا لە یارمەتیدانی بەقاچاخبردنی چەك لە ئێرانەوە بۆ میلیشیا حوسییه‌كه‌".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بڕیارەکەی ئەمریکا پشتڕاستکردنەوەی هۆشداریی چەندبارەی یەمەنە دەربارەی گەورەبوونی هەڕەشەی ئێران بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و تەواوی جیهان، لەژێر رۆشنایی هەوڵە بێوچانەکانی ئەو رژێمەدا بۆ بەقاچاخبردنی چەك و دابینکردنی پشتیوانی دارایی و لۆجستی بۆ میلیشیا حوسییه‌كه‌، وەك تەحەدایەکی زەق بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش."

پابەندیی ئەمریکا بە سەقامگیریی یەمەنەوە

لە 11 کانونی یەکەم، وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای تۆڕێکی گواستنەوەی ئێرانیی دا کە تێوەگلابوو لە بەقاچاخبردنی کۆمەکی كوشنده‌ لە ئیرانەوە بۆ یەمەن به‌سوودی پاسداران.

سزاکان سەپێنران بەسەر ئەو تۆڕی گواستنەوەیەدا کە لەلایەن خاوەنکاری ئێرانی عەبدولحسێن خدێرییەوە سەرپەرشتی دەکرا له‌سه‌ر تێوەگلانی لە گواستنەوەی چەکی کوشندە بۆ حوسییەکان.

سزاکان سێ کارمەندی بەشی فرۆشیاریی کۆمپانیای گه‌شتی ئاسمانی ماهانیشیان کردە ئامانج کە لە ئیمارات و هۆنگ کۆنگ بوون لەبەر بوونی رۆڵ لە شاردنەوەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییەکانی كۆمپانیای گه‌شتی ئاسمانی ماهان.

كۆمپانیای گه‌شتی ئاسمانی ماهان لە تشرینی یەکەمی 2011 سزادرا له‌سه‌ر دابینکردنی پشتیوانی دارایی و ماددی یان تەکنەلۆژی بۆ هێزی قودسی پاسداران.

وەزیری دارایی ئەمریکا ستیفن مەنوچن لە بەیاننامەیەکدا وتی: "رژێمی ئێران کەرتی ئاسمانی و گواستنەوەی دەریایی بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی گروپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و میلیشیاکان بە چەك، کە راستەوخۆ دەبنە هۆی قەیرانی کارەساتباری مرۆیی لە سوریا و یەمەن."

پارێزگاری شەبوە محەمەد بن عیدیۆ بە مەشاریقی وت: "جگە لەو راستییەی کە سزاکانی ئەمریکا کاریگەرن، پشتڕاستکردنەوەی پابەندیی ئەمریکان بە یەمەنێکی سەلامەت و سەقامگیرەوە کە خاڵی بێت لە تیرۆریزم و میلیشیاکانی ئێران کە مەرگ و داڕووخان دەبەن بۆ هەرشوێنێك کە پێی تێبخەن."

وتی: "سزاکان ئەو کۆمپانیانەیان کردە ئامانج کە کۆمەكی هێزی قودس دەکەن لە گواستنەوەی چەك و پارە و پشتیوانی دارایی بۆ حوسییەکان." ئاماژەیشکرد بەوەی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە چالاکیەکانی ئێران لەوکاتەوەی سزاکان سەپێنراون.

هه‌روه‌ها وتی: "حوسییەکان پێویستیان بە کۆمپانیای کارا هەیە بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان." وتیشی سزاکانی ئەمریکا وایانکردووە "لەڕووی داراییەوە تووشی پاشەکشەو و داڕمان ببن"، کە چالاکییەکانیانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردۆته‌وە.

سزاکان کاریگەرییان بۆسەر کیانەکانی سەر بە پاسداران دەبێت

ئەندامی ژووری بازرگانی له‌ پارێزگای تەعز، عەلی جەرادی بە مەشاریقی وت چەندین کۆمپانیای گواستنەوەی پارە و گۆڕینەوەی دراو و خزمەتگوزاریی پۆستە، لەگەڵ کۆمپانیاكانی کارتی بانكی لە ناوچەکانی کۆنترۆڵکراو لەلایەن حوسییەکانەوە "لەئێستادا بایکۆت کراون".

وتی: "هەندێك لەو کۆمپانیانە ناوەکانیان و ئیمەیل و ناونیشانی خۆیان گۆڕیوە و تەنانەت ئه‌كاونته‌كانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشیان گۆڕیوە، بەڵام بێسوودە."

وتیشی: "یەکێك لەو کۆمپانیانە ئەنسار بوو بۆ گۆڕینەوەی دراو [لە سەنعا] لەگەڵ لقێکی بەناوی سەبا بۆ گواستنەوەی پارە، کە پارەی لە یەمەنیەکانی دەرەوەی وڵاتەوە پێدەگەیشت بۆ خێزانەکانیان لەو وڵاتە."

وتی بەڵام کۆمپانیاکانی دەرەوە مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ ئەنسار وەستاندووە، کە سەر بە بانکی ئەنسار و کۆمپانیای ئەنسارە بۆ گۆڕینەوەی دراو لەناو ئێراندا و هەردووکیان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان.

جەرادی وتی: "بە تێپه‌ڕبوونی کات کاریگەریی سزاکان باشتر دەردەکەوێت و ئێرانییەکان دەخنکێنن چونکە ئەو ئامرازانەی یارمەتیی حوسییەکانیان پێداوە کەمتردەبنەوە."

رۆژنامەوانێكی یەمەنی، محەمەد زەبیانی وتی: "هەندێك کۆمپانیای وك ئەنسار و سەبا و بانکی سادیراتی ئێران، کە لقێکی لە سەنعا هەیە، لەگەڵ هێلە ئاسمانیەکانیان و کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانی، پێشتر لە یەمەن بەناوبانگترین بوون، بەڵام بەمدواییانە زیان بەر کارەکانیان کەوتووە."

وتی خەڵك لەئێستادا کار لەگەڵ بانك و کۆمپانیاکانی دیکە دەکەن کە سەر بەو کۆمپانیا ئێرانیانە نین کە سزا دراون لە عەدەن و تەعز و بادیە.

بە مەشاریقی وت تەنانەت دەزگا داراییەکانی کەنداو، تورکیا، ئەردەن و چەندین وڵاتی ئەوروپی خۆیان بەدوور دەگرن لە هەر مامەڵەیەك لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون.

وتیشی: "ئەمە دەبێتە وانەیەك لە داهاتوودا بۆ هەر کەسێك کە بیر لە مامەڵەکردن بکاتەوە لەگەڵ سوپای قودسی پاسداران، نەك تەنیا لە یەمەن بەڵکو لە وڵاتانی دیکەش."

بەڕێوبەری ناوەندی ئەبعاد بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، عەبدولسەلام محەمەد بە مەشاریقی وت لە دەستپێکیەوە، بزووتنەوەی حوسییەکان لەلایەن پسپۆڕانی پاسدارانەوە رێنمایی و راهێنانی پێکراوە و لەمڕۆدا هەوڵدەدات خۆی وەك دەسەڵاتێکی هاوتەریب بە دەوڵەت نیشانبدات، هەروەك حیزبوڵا لە لوبنان.

وتی بەمجۆرە، دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوەتی بڕیاری سیاسی له‌ یەمەن بکات.

وتیشی: "سەرەڕای دروستکردنی رێکخراوێکی سەربازیی هاوتەریب، ئێران سیستمێکی ئابوری و دارایی بنیاتناوە بۆ حوسییەکان بە بەکارهێنانی چەندین کیانی رووکەش."

هه‌روه‌ها وتی: "سزاکانی ئەمریکا هەوڵی لێدانی زەبرێکی کوشندەن بۆ ئەو کۆمپانیانە و زۆرێك لە سەرچاوەی دارایی حوسییەکان." وتیشی گرنگە سزاکان بەردەوام بن تا هەوڵەکانی پاسداران لە یەمەن لاوازبکرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500