ئەو چەکە ئێرانیانەی بۆ حوسییەکان (ئەنساڕوڵا) دابیندەکرێن لە یەمەن لەڕێی سۆماڵەوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە، لەوێشەوە بۆ چەند ناوچەیەکی پڕناکۆکی لە ئەفریقا، رێکخراوی ههوڵی جیهانی دژ بە تاوانی رێکخراو لە دەرەوەی سنووری وڵات لە دواهەمین راپۆرتیدا رایگەیاند.
بهگوێرهی ژمارهی تەمموز\ئابی نامیلكهی مەترسییەکان، "دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئێرانهوه بۆ یاخییە حوسییهكان زۆر بە باشی دۆکیومێنتکراوە لە زنجیرەیەک دەستبەسەرداگرتنی کەشتیدا کە کاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2015. "
بەگوێرەی راپۆرتەکە: "بەڵگە لە ئارادان کە دەریدەخەن بەشێک لە چەکە ئێرانییەکان دەکرێت لە شوێنێکدا لەلایەن تۆڕە تاوانکارەکانەوە دەستاودەستکرابێتن بۆ ناو قۆچی ئەفریقا [نیمچەدوورگەی سۆماڵ] لە یەمەنەوە (یان تەنانەت رهنگه ئاراستهیان گۆڕابێت لهڕێگایاندا بهرهو یەمەن)."
لە دوایین نمونەدا، هێزە هاوپەیمانهكان بە سەرپەرشتی سعودیە لە 24 حوزەیران دەستیانگرت بەسەر کەشتییەکدا کە چەکی ئێرانی بەرەو حوسییەکان دەگواستەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند: "دەستبەسەرداگرتنەکە پێکدێت لە نزیکەی 1,300 تفەنگ، لەگەڵ تفەنگی نیشانەشکێن، هاوێژەری ئارپیجی و موشەکی ئاڕاستەکراوی دژەتانک."
لە شوباتدا، سوپای ئەمریکا رێگریکرد لە کەشتییەک لە دەریای عەرەبی کە بەرەو یەمەن بەڕێکەوتبوو، چەکی ئێرانی بۆ حوسییەکان دەگواستەوە.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە مۆدێلی ئەو چەکانەی لە 9 شوباتدا دەستیانبەسەرداگیرا "هاوشێوە"ی چەکەکانی جبەخانەیەکی چەکن کە لەلایەن موشەکی ئاڕاستەکراوی جۆری DDG-98 لە 25 تشرینی دووەم لە دەریای عەرەبیدا دەستیبەسەرداگیرا.
راشیگەیاند كه لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دابینکردنی چەکی ئێرانی بۆ حوسییەکان لە یەمەن پێشێلی بڕیاری قەدەغەی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لە نیسانی 2015 دەرچوو، بەلام لە 18 تشرینی یەکەم بەسەردەچێت.
دابینکردنی چەک لەلایەن ئێرانهوه پێشێلی پڕۆژە بڕیارەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات سەبارەت بە هەناردەکردن و هاوردەکردنی چەک لە ئێرانەوە، کە پێکدێن لە پڕۆژە بڕیارەکانی 1737ی 2006؛ 1747ی 2007 و 1929ی 2010.
چەکی ئێرانی لە سۆماڵ
لە کۆتاییەکانی حوزەیراندا، رێکخراوی ههوڵی جیهانی دژ بە تاوانی رێکخراو لە دەرەوەی سنووری وڵات کەسایەتی "جامع"ی ئاشکراکرد، کە هاوڵاتییەکی سۆماڵی دانیشتووی نایرۆبییەوە و بە عەرەبی قسەدەکات.
جامع پەیوەندیکردووه بە جابیر هادی (ناوی راستەقینەی نییە)، کە بازرگانێکی چەکی خەڵکی سەنعایە، وتوێتی کە هەوڵدەدات مامەڵەیەکی چەک رێکبخات بۆ موشتەرییەک له باشوری سودان (كه بوونی نییه).
لە 27 حوزەیران بۆ 5 تەمموز، هادی و جامع دەیان نامەی دەنگیان لەڕێی نەرمەکاڵای واتسئاپەوە گۆڕیوەتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند: "هادی چەند زانیارییەکی وردی بڵاوکردۆتەوە دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی، لەنێوایاندا ئەو چەکانەی ئێستا هەیەتی و پەیوەندییەکانی و شێوازەکانی وەرگرتنی حەواڵەکانی. هەروەها چەند وێنەیەکی ئەو چەکانەی بڵاوکردۆتەوە کە له کۆگەکەی خۆیدا لە سەنعا هەڵیگرتوون، کە یەکێکیان هەمان ژمارە و هێماکانی تفەنگی جۆری 56-1 تازەدروستکراوی چینی لەسەرە."
بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، رێکخراوەکە دەریخست کە تفەنگەکە هەمان تایبەتمەندییهكانی ئەو چەکانەی هەیە کە لەلایەن ئێرانهوه بۆ حوسییەکان دابینکراون. هەمان جۆری تفەنگ بە ژماریەکی تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوە کە پێشتر لە سۆماڵیای ناوهند لە نیسانی 2019 تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە، رێکخراوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە "تۆڕی قاچاخی چەکی قەدەغەکراو بوونی هەیە کە ئەو چەکە ئێرانیانەی بۆ یەمەن دەنێردرێن لە سۆماڵ و هەندێكجار لە ناوچەکانی تریش، دەگیرسێنەوە".
سۆماڵ، کە شوێنی گروپی تیرۆریستی شەبابە و پەیوەندییان بە قاعیدەوە هەیە، لە 1992ەوە لەناو لیستی قەدەغەکردنی بازرگانی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.
هەربۆیەش، هەموو هەناردەکردنێكی كهلوپهلی سەربازی بۆ وڵاتەکە، جگە لە چەند جۆرێک کە لەلایەن ئەنجومهنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پهسهندکراوە، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
بەرژەوەندییە فراوانخوازهكانی ئێران
بەڕێوبەری ناوەندی ئەبعاد بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان، عەبدولسەلام محەمەد وتی: "ئەو چەکانەی بە قاچاخ بەرەو ئەفریقا بۆ حوسییەکان دەڕۆن، دەریدەخات کە ئێران یەمەنی کردووە بە ناوەندێک بۆ ههناردهكردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان."
بە مەشاریقی وت بەڵگە نوێکە "دەریدەخات کە حوسییەکان لە قۆناغی كیفایهتهوه گهشهیانكردووه بۆ ههناردهكردن و ئێرانیش ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوەتی یەمەنی کردووە و... مایەی مەترسییە بۆسەر هەردوو قۆچی ئەفریقا و کەنداو".
بە قاچاخبردنی چەک لەلایەن ئێرانەو بۆ یەمەن و لهوێوه بۆ شوێنانی تر دهریدهخات "تا چ رادهیهك رژێمەکە گهمه بە ئەمنیەت و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە و بازرگانی نێودەوڵەتی دهكات و یاسای نێودەوڵەتیش پێشێلدهکات".
شرۆڤەکاری سیاسی، عادل شوجاع وتی: "بەڵگەکە دەیسەلمێنێت کە ئێران وڵاتێکە ویستی فراوانخوازانهی هەیە بۆئهوهی بەرژەوەندییهكانی بهێنێتهدی، دهبێت هێز -- كه له بوونی چەکدا رهنگدهداتهوه -- بەکاربهێنرێت."
بە مەشاریقی وت: "ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات پشتیوانی له هاوپەیمانییە حوسییەکان بکات و چەکیان بۆ دابینبکات و بەهۆی ئهو ئابڵوقهیهی خراوەتە سەری، چەند رێگەیەکی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی قاچاخچێتی."
شرۆڤەکاری سیاسی فەیسەڵ ئەحمەد وتی بە قاچاخبردنی چەک بۆ یەمەن و قۆچی ئەفریقا لەلایەن ئێرانەوە بەشێکە لە پلانەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەربەندی باب مەندیب.
وتی لەڕێی هاوپەیمانە حوسییەکانی و بەقاچاخبردنی چەکهوه بۆ سۆماڵ، ئێران دەیەوێت پشێوی لە ناوچەکە دروستبکات و رێگە ستراتیژییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکە بەکاربهێنێت لەحاڵهتێكدا ئهگههر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاریدا سزاکانی سەر وڵاتەکە تووندتربكات.
ئەحمەد وتی: "ئێران بووە بە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکە بە درێژکردنەوەی ماوەی شەڕ لە یەمەن بۆ زیاتر لە 5 ساڵ و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە ناوچە ئاوییەکان لهڕێی بە ئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکانهوه بە مینی دەریایی و بەلەمی بۆمبڕێژکراو."
وتیشی سوپای پاسداران "یەکەی تایبەتی ههیه کە قاچاخچێتی و گواستنەوەی چەک بۆ هاوپەیمانەکانی ئەنجامدەدەن، کە بەشێکیان بەکارهێنران بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و زیانگەیاندن بە ئابوری جیهانی".
نەتەوە یەکگرتووەکان لە حوزەیراندا رایگەیاند کە ئەو موشەکە كروزهكان و ئهو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکانی ئەیلولی 2019 بۆسەر دهزگا نەوتییەكانی سعودییە بەکارهاتن "ئێرانی بوون" و ئهو پارچانەیان تێدا بوو کە لە ئێران دروستکرابوون یان بۆ ئهوێ ههناردهکرابوون.
ئەحمەد وتی: "ئێران کەشتییە نەریتییەکان و دوورگە یەمەنییەکان بەکاردەهێنێت، لەوێشەوە کەشتییە قاچاخەکانی چەک یەک یان دوو رێگا دەگرن، یان بۆ یەمەن یان سۆماڵ یاخود بۆ وڵاتەکانی دیکەی قۆچی ئەفریقا."
وتیشی: "قاچاخچێتی چەک لەلایەن ئێرانەوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پڕۆژە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە."