بەرپرسانی عێراقی دەڵێن ئهنجامدانی دەورییە لە روبارەکاندا و زیادکردنی ئەمنییەت بەدرێژایی روباری فورات و چەم و جۆگەکانی لە ئەنبار، بەشێكن لە هەوڵە نوێکان بۆ رێگرتن لە پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تا نەتوانن شوێنپێی حۆیان بکەنەوە لەو ناوچانە.
چەکدارە توندڕەوەکان لە رابردوودا ویستویانە خۆیان لەو ناوچانە جێگیربکەن بەدرێژایی ئاوەکانی پارێزگاکە، بە بەکارهێنانی کەناری روبارەکان وهك شوێنی خۆشاردنەوە و راڕەوێك بۆ جموجۆڵە شاراوەکانیان.
جگە لە روباری فورات خۆی، کە لە باکورەوە دێتەناو ئەنبار و پارێزگاکە دابەشدەکات بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، چەندین چەم و جۆگە و دەریاچەی دیکە هەن.
لهوانه دەریاچەی حەدیسە -- کە یەکێك لە گەورەترین بەنداوەکانی عێراقی تێدایە -- لەگەڵ چەند دەریاچەیەکی دیکە، وەك حەبانییە و سەرسار و رەزاز، کە ناوچەی گەشتیارین.
![ئەرکەکانی چاودێری ئاسمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە چاودێریی زەوییه کشتوکاڵی و کەنارەکانی روباری فورات دەکهن لە ئەنبار له 19 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]](/cnmi_di/images/2019/10/25/20517-Iraq-Anbar-Euphrates-600_384.jpg)
ئەرکەکانی چاودێری ئاسمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە چاودێریی زەوییه کشتوکاڵی و کەنارەکانی روباری فورات دەکهن لە ئەنبار له 19 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]
فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار رایگهیاند كه بهباشی ئامادەیە بۆ پاراستنی ئەو دەریاچانە و روباری فورات، کە کەنارەکانی بە سەوزایی داپۆشراون و دەکرێت ببنە شوێنی خۆشاردنەوە و هاتوچۆی چەکدارەکان.
ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی روبار
سەرۆکی پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی کەسار رزهیج بە دیارونای وت بەڕێوبەرێتی پۆلیسی روبار و رزگارکردن کە لەژێر فەرمانی ئەودان، بەشدارن لە چاودێریکردنی فورات و ئاوەکانی دیکە.
وتی ئەرکەکانی دیکەیان بریتییە لە ههوڵهكانی فریاگوزاری و رزگاركردن له رووداوهكانی پهیوهست به مەلەکردن و بەلەمەکان، وهك حاڵهتهكانی خنکان.
وتیشی ههروەك یەکەکانی دیکەی پۆلیس، بەڕێوبەرێتییەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی مەدەنییەکاندا، بەتایبەتی لەکاتی وەرزی گەشتیاریدا.
ههروهها وتی: "کاردەکەیەن بۆ دروستکردنی تواناکان لە بەڕێوبەرێتییەکە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانمان لە ئاستێكی باڵادا." وتیشی بەڕێوبەرێتییەکە بەمدواییانە 20 بەلەمی پێگەیشت لە حکومەتی ناوخۆوە بۆ ئهنجامدانی دەەورییه له روبارهكاندا.
رزهیج وتی فەرماندەییەکە کاردەکات لەگەڵ حکومەتی ئەنبار بۆ پشتیوانیکردنی پۆلیسی روبار بە پێدانی حەوت بەلەمی نوێ بۆ راگرتنی ئەمنییەت و پتەوکردنی تواناکانیان بۆ چاودێریکردن و وەڵامدانەوەی خێرا.
وتی: "پلانمان هەیە بۆ راهێنان و بنیاتنانی توانای ئەندامانی پۆلیسی روبار و هەوڵی گرنگ هەن بۆئەوەی بەهرەیان زیادکرێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه پۆلیسی روباری ئەنبار ئێستا 70 مەلەوانی هەیە -- زیاتر لە هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق.
وتیشی: "ئەو مەلەوانانە چەندین کۆرسی راهێنانیان بینیوە و ئێستاش توانای گەورەی جەستەیی و تەکنیکییان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئاڵۆز و سەختەکانیان."
ئەمنییەتی روبارەکان و رێڕەوەکانی ئاو
رزهیج وتی فورات و چەم و جۆگە و دەریاچەکانی، لەگەڵ ئاوەکانی دیکە لە ئەنبار، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی پۆلیسدان.
وتیشی: "چەکدارانی داعش ناتوانن بهكاریانبهێنن وەك پەناگە و رێڕهوێك بۆ پهڕینهوه له كهنارێكهوه بۆ كهنارێك یان دزەکردنە ناو شارەکان."
جێگری پارێزگاری ئەنبار، مستەفا عیرسان بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان پاراستنی روبارەکان و رێڕەوەکانی ئاویان کردۆتە ئەولەوییەت بۆ رێگرتن لە داعش لە جێکردنەوەی شوێنپێی خۆی لەو ناوچانە.
وتی: "دەورییەی چڕوپری بەردەوام هەیە لەگەڵ ئەرکەکانی چاودێری لە ئاسمان و لەسەر زەوی بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی حەشارگەکانی تیرۆریستان لە کەنارەکانی فورات و نزیك دەریاچەکان."
وتیشی: "هەوڵەکان سەرنجیان لەسەر زیاترکردنی ئامادەباشیی هێزەکانمانه بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە هەر شوێنێکی پارێزگاکە بێت." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه نوێکردنەوەی چەکەکانی شەڕ و ئامێرە تەکنیکییەکانیش لەخۆدەگرێت.
باسی لە بنکەی سەربازیی حەبانییەش کرد و وتی: "شانازیدەکەین كه پارێزگاکەمان ئێستا گەورەترین بنکەی هەرێمیی هەیە بۆ راهێنانی سەربازی و نۆژهنكردنهوه."
دەورییە بهردهوامهكان
شرۆڤەکاری سیاسی، غەنیم عهیفان بە دیارونای وت: "چەکدارانی داعش هەموو حەشارگەکانیان لەدەسداوە لە ئەنبا ر و تەنیا چەند بنکەیەکیان ماوە، زۆربەی ئەوانەش لە دۆڵەکانی بیابانن."
جەختیکرد لهوهی ئاوەکان و چەم و جۆگەکانی پارێزگاکە "کۆنترۆڵکراون" و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه دهورییهكانی پۆلیسی روبار و سوپا بهردهوام له چالاكیدان بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی نائاسایی لەڕێی بەکارهێنانی دووربین و ئامێرە تایبەتەکانەوە.
وتی لەهەمانکاتدا بهردهوام ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بهدووكهوتن لهئارادان لە کەنار روبارەکانی پارێزگاکە کە بە سەوزایی چڕ داپۆشراون.
وتیشی ئاستی هەڕەشەکان لەو ناوچانە ئیستا نزیكن لە نەمان لە دەرئەنجامی خۆڕاگریی تووند و ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکاندا.