ئاساییش

نۆژەنکردنەوەی سەرسار کشتوکاڵی ئەنبار دەبوژێنێتەوە

خالید ئەلتائی

image

لەوکاتەوەی دەریاچەی سەرسار لە ئەنبار لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام' ئازادکرا لە ساڵی رابردودا، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی. [وێنەکە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە دابینکراوە]

بەرپرسانی عێراق بە مەوتینییان وت تەنیا دوای ساڵێك لە دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) لە دەریاچەی سەرسار لە ئەنبار، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەنداو و ئامرازەکانی ئاودێریی چاککردۆتەوە.

بەنداوەکانی سەرسار و تەقسیم، کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر باکوری لە خۆرئاوای بەغدان، هەڵگرتن و بەردانەوەی ئاو لەنێوان بەنداوە دەستکردەکە و روباری دیجلە و فوراتدا رێکدەخەن.

جێگری وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان مەهدی رەشید وتی کارمەندانی ئەندازیاریی و هونەریی وەزارەت سیستمی بەڕێوەبردنی ئاویی دەریاچەکەیان نۆژەنکردۆتەوە، کە بەنداوی سەرسار و یەکەم و دووەم بەنداوی تەقسیم و ئەو جۆگانەش دەگرێتەوە کە تا کەنارەکانی دیجلە درێژدەبنەوە.

بە مەوتینی وت، "بە کارکردنی ناوازەی رۆژانە، توانیومانە لە ماوه‌ی پێوانه‌یی هەشت مانگدا ئەو زیانانە چاکبکەینەوە کە بەر ئەم ئامرازانە کەوتون بەهۆی چەتەکانی داعشەوە."

وتیشی، زیکەی 80%ی کاری نۆژەنکردنەوە تەواوبووە، سیستمی بەڕێوەبردنی ئاوەکە ئێستا کارایە و ئەو چاککردنەوانەش کە ماونەتەوە راستەوخۆ پەیوەست نین بە کارکردنیەوە.

وتی، "هەڵمەتی بونیادنانەوەشیمان بە نرخێکی زۆر کەم تەواوکردووە، بە خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دینار (452,000$)، کە زۆر کەمترە لە خەرجی خەمڵێنراوی نۆژەنکردنەوە کە بە سێ بۆ چوار ملیار دینار (2.7$ ملیۆن و 3.6$ ملیۆن) مەزەنەکرابوو.

بەنداوی سەرسار کە لە 1956ەوە کاردەکات زیاتر لە 30 دەروازە لەخۆدەگرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی لێشاوی ئاو و توانای بەردانەوەی زیاتر لە 8,500 مەتر سێجای هەیە لە چرکەیەکدا.

بەشی یەکەمی بەنداوی تەقسیم لە ساڵی 1976دا تەواوبوو، بەشی دووەمیشی لە ساڵی 1981 دا. هەر یەکەیان چوار دەروازە لەخۆدەگرن، بە توانای گشتیی بەردانەوەی 1,100 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

بەنداوی فەلوجە لەناو پڕۆژەکانی داهاتودایە

رەشید وتی سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی سەرسار، لە کاتی وەدەرنانی داعشەوە وەزارەتەکە دەستیکردوە بە نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی ئاودێریی دیکە لە ئەنبار.

وتی، "خەمڵاندنی زیانەکان و پێداچوونەوەمان بۆ بەنداوەکانی رەمادی و وەرار تەواوکردووە، کە بەتەواوی لەلایەن تیرۆرستانەوە تەقێنراوبونه‌وه‌."

وتی وەزارەت "نامەی ناردووە بۆ حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بونیادنانەوەی ئەو دوو بەنداوە گرنگە." وتیشی "پێویستمان بە 40 ملیار دینارە (34.3$ ملیۆن) بۆ راییکردنی تێچووی بونیادنانەوە."

بە مەوتینی وت هەر کە پارەکە تەرخانکرا، وەزارەت دەتوانێت لە ماوەی ساڵێکدا ئەو دوو پڕۆژەیە بۆ خزمەتگوزاریی بخاتەوە کار.

رەشید وتی وەزارەت تیمێکی هونەریی دامەزراندووە بۆ دەستکردن بە خەمڵاندنی زیانەکانی بەنداوی فەلوجە، کە هێزە عێراقییەکان لە ناوه‌ڕاستی حوزەیراندا گرتیانەوە.

"ئاماژە بەراییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بە رادەی جیاواز زیان بەر دەروازە و جووت-جۆگە و جۆگەکانی گواستنەوەی بەنداوەکە کەوتووە." وتیشی كه‌ ئاستی زیانەکان تەنیا دوای وردبینییەکی چڕوپڕ بەوردی دەخەمڵێنرێن.

وتی، "هێزە ئەمنییەکان هێشتا مین و بۆمبی دەستکرد لە شوێنەکە پاکدەکەنەوە،" وتیشی: "دوای ئەوەی گڵۆپی سەوزمان بۆ هەڵکرا، دەست بە کارکردن دەکەین."

بوژاندنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئەنبار

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەرحان ئەلعوبێدی بە مەوتینی وت بونیادنانەوەی پڕۆژە ئاودێرییەکان کشتوکاڵ لە پارێزگاکەدا دەبوژێنێتەوە.

وتی بونیادنانەوەی بەنداو و جۆگەکانی ئاودێریی کە بەهۆی کاری تێکدەرانەی داعشەوە زیانیان لێکەوتووە، پێویستە، بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ پارێزگاکە.

وتی كه‌ بونیادنانەوەی رێکخەری ئاو و سیستمی ئاودێریی کەرتی کشتوکاڵی ئەنبار دەبوژێنێتەوە کە ئه‌و زیانانه‌ی بەهۆی کاری تیرۆرستییەوە لێیكه‌وتوه‌ به‌ 365 ملیار دینار (313$ ملیۆن) خەمڵێنراوە.

عوبێدی وتی"لەئێستادا، دوای ئەوەی زۆربەی شارەکانی ئەنبار ئازادکراون، دەتوانین بانگێشتی هەموو وەزارەتەکان بکەین بۆ کارکردن لەسەر بونیادنانەوەی کەرتی ئابوریی و خزمەتگوزاریی پارێزگاکەمان." وتیشی، "ئێمە، لەلایەن خۆمانەوە، پشتگیریی هەر هەنگاوێك ده‌كه‌ین بەم ئاڕاستەیەدا و بەرەو بونیادنانەوەی پارێزگاکەمان هەنگاو دەنێین."

راوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان عادل ئەلموختار وتی وەزارەتەکە "هەوڵی بوێرانە دەدات بۆ چاککردنەوە و کاراکردنەوەی هەموو کۆگا تێکشکێنراوەکانی [ئاو] و پڕۆژەکانی ئاودێری."

بە مەوتینی وت كه‌ کاری لەپێشینەی وەزارەت گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریی بەنداوەکانە لە هەموو ناوچە ئازادکراوەکاندا.وتیشی زۆریان، بەتایبەت لە ئەنبار، هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ کراوە و نۆژەنکراونەتەوە

وتی، "کارەکان بەردەوامن وەك بەشێك لە پلانی بەرنامەبۆداڕێژراوی حکومەت بۆ برەودان بە گەشەکردن و بوژانەوە لەو کۆمەڵانەدا کە تیرۆریزم کاریلێکردون."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)