دانیشتوانی بەغدا خۆشی دەبینن لە ئێوارانی پڕجۆشی رەمەزان و چالاکی ئابوری برەوسەندوو لهگهڵ ئهو چالاكیه خۆشگوزهرانیانهی تا دهرنگانی شهو بەردەوام دەبن بەهۆی دۆخی ئاسایشی سەقامگیرەوە.
مانگی پیرۆزی رەمەزانی ئەمساڵ هاوکاتە بە کردنەوەی زیاتری شەقامهكان بۆ ئۆتۆمبیل و لابردنی سەدان بەربەستی کۆنکرێتی کە بەربەستیان بۆ هاتوچۆی دانیشتوان دروستکردبوو.
زۆر له بەغدادییهكان بەکۆمەڵ دەچنە چێشتخانەکان بۆ بهربانگ لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان حەزدەکەن لە ماڵەوە بهربانگ بکەن و دواتر بڕۆن بۆ پارکەکان و لە دوکانەکانی ئایسکرێم کۆببنەوە و چەند کاتژمێرێك لە ناوەندەکانی بازاڕکردنی پایتەختدا بەسەرببەن.
وتەبێژی پۆلیسی بەغدا، عەقید نیبراس عەلی بە دیارونای وت بهڕێوبهرێتی پۆلیسی بەغدا پلانێکی تایبەتی ئەمنی هەیە بۆ مانگی رەمەزان کە جێگیرکردنی بەرفراوانی دەوریەی پۆلیس و دەوریەی ئۆتۆمبیلهكانی فریاكهوتن لهخۆدهگرێت، بەتایبهتی لە ناوچەی مزگەوتەکان و هۆڵی حسێنیەکان.
وتی: "هێزی پۆلیس هەنگاوە ئەمنیەکانی تووند کردووه بۆ پاراستنی دانیشتوان لە پارکە گشتیەکاندا و ئەوانەی خەریکی بازاڕکردنن لەکاتێکدا بازاڕەکان زۆر قەرەباڵغن لەکاتی مانگی رەمەزاندا."
چالاکی ئابوری برەوسەندوو
دۆخی ئەمنی سەقامگیر لە بەغدا بەشداربووە لە چالاکی زیاتری ئابوریدا، لەبەرئەوەی لە رۆژەکانی سەرەتای مانگی پیرۆزەوە چالاکی بازرگانی برەوی سەندووە.
بازاڕەکان لە گەڕەکی کەڕادە دەخیل و مۆڵەکانی بازاڕکردن لە گەڕەکەکانی مەنسور و حارسیە و شەقامی فەلەستین شایەتی فرۆشی پڕخرۆشی خۆراك و پۆشاكن و دوکانەکانی خواردنەوە جەنجاڵن بە کڕیاران.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، عەلی جەعفەر بە دیارونای وت چالاکی بازرگانی لەلایەن دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکانەوە چاودێری دەکرێت بۆ رێگرتن لەوەی بازرگانەکان داواکاریی زۆر بۆ شتومەك بقۆزنەوە لەکاتی مانگی پیرۆزدا و بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخ بۆ بەکارهێنەران.
وتی: "هیچ پاساوێك نیە بۆ بەرزكردنەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا لەکاتی مانگی رەمەزاندا، بەتایبەتی نرخی خۆراك، لەبەرئەوەی بازرگانەکان داشکاندنیان بۆ دەرکێت و دەوڵەت بەلایەوە گرنگە دڵنیابێت لە بوونی هەموو شتێک بۆ خێزانە عیراقیەکان لە بازاڕەکاندا."
جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمنی سەرکەوتوو
شیکاروانی ئەمنی, غانم عەیفان وتی هێزە ئەمنیەکان بەتایبەتi یەکەی هەواڵگریی هەڵۆکانی دژە تیرۆریزم سەرکەوتبوون لە دابینکردنی ئاسایشدا لە بەغدا و دەوروبەری و سەرچاوەکانی تیرۆریزمیان وشککردووە.
بە دیارونای وت بەغدا پایتەختی وڵات و ناوەندی پرۆسەی دروستکردنی بڕیارە و "هەر دزەکردنێك بۆی دزەکردنە بۆ تەواوی وڵات".
وتی: "ئەمڕۆکە بەغدا لە رەمەزاندا سەلامەتترە لە ساڵانی رابردوو بەهۆی ئەو راستییەی کە رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) تەواوی بنکەکانی خۆی لەدەستداوە و شکستی سەربازیی هێناوە لە عێراق و سوریا."
وتیشی سەرکەوتنی ئەمنی تەنیا بههۆی ئەدای هێزە ئەمنیەکانهوه نیه، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاریی جەماوەریش لە شەقامەکان و تێگەیشتنیان لەو مەترسییەی ئەو گروپە تیرۆریستیە هەیەتی و رەتکردنەوەی لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەوە.
وریایی بەرامبەر شانە نوستووەکانی داعش
عەیفان رەتیکردەوە کە وتەکەی ئەمدواییەی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادیهیچ کاریگەرییەکی هەبووبێت لەسەر دۆخی ئەمنی لە بەغدا یان تەواوی پارێزگاکان.
وتی بەڵام هۆشدارییەك بوو له "خاوبوونهوهی بهدووکەوتنی شانە نوستووەکان".
بەغدادی لە 29 نیساندا یەکەم دەرکەوتنی ڤیدیۆیی پروپاگەندەی بڵاوکردەوە لە ماوەی پینج ساڵدا.
بەگوێرەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە ڤیدیۆیەکدا کە باڵی رۆژنامەوانی داعش، فورقان، بڵاویکردەوە، ئەو پیاوەی وتی بەغدادییە هەوڵی "زیندووکردنەوەی پاشماوە شکستخواردووەکان و شانە نوستووەکانی [داعش]ی دا بە چەند دێڕێك کە دۆخی مەینەتباری خۆی و باندەکەی نەشاردەوە".
بەغدادی درك بەوە ناکات کە دۆخەکە چیتر وەك ئەوەی 2014 نیە، وتی.
بە دیارونای وت: "لەمڕۆدا هێزەکانمان بەهێزترن و ئەزمون و راهێنان و توانای هەواڵگریی مەزنیان هەیە لە بهدووكهوتن و بنەبڕکردنی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."