لە پێشێلکارییەکی زەقی پیرۆزیی مانگی رەمەزاندا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامیی" (داعش) دوو هێرشی خۆکوژیی لە ئەستۆگرت کە لانیکەم 27 کەسیان کوشت، بەرپرسان سێشەممە (30 ئایار) وتیان.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لە دوو هێرشی هەرە کوشندەدا، خۆکوژێك ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندەوە لە دوکانێکی دۆندرمهدا نزیکی نیوەشەو، 16 کەسی کوشت و 75ی بریندارکرد.
ئەو هێرشە خۆکوژییە تەنیا چەند رۆژێك دوای دەستپێکی رەمەزان بوو. وێنە و ڤیدیۆی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی وێرانکەری ئەو تەقینەوەیەی نیشاندا، کە لە ناوچەیەکی پڕ لە خەڵکی دهوروبهری دوکانی دۆندرمهی فەقمە تەقییەوە لە گەڕەکی کەڕادەی ناوەندی بەغدا، کە خەڵکی بۆ شیرینی دوای بهربانگ کۆبوبوونەوە.
وێنەیەك قاپهكانی دۆندرمهی نیشاندا کە لەسەر زەوییە خوێناوییەکە پەرشوبڵاوبووبوونەوە.
ڤیدیۆیەك یەکێك لە رزگاربووانی نیشاندا نزیك بە جەستەی هاوڕێکەی دەگریا، دەیوت: "بەنیازبوو هەفتەی داهاتوو هاوسەرگیری بکات."
وێنەکانی دیکە منداڵێکیان نیشاندا نزیك بە جەستەی ژنێکی مردوو لەنێو ترس و تۆقین و سهرلێشێوانێكی گەورەدا.
سەعد مەتڵەبی لە لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا وتی: "ژمارەیەك ئۆتۆمبیلیش سوتێنران و دوکانەکانی ئەو ناوچەیە زیانیان بەرکەوت."
مهتڵهبی بە دیارونای وت: "زۆر ژن و منداڵ لەنێو قوربانییەکاندا بوون. ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بەپەلە بریندارەکانیان گواستەوە بەرەو نەخۆشخانەی فێرکاریی نەشتەرگەریی دەمار، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە بران بۆ نەخۆشخانەی زەید لەو نزیکانە."
لە هێرشی دووەمدا بەیانیی سێشەممە، ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقیەوە نزیك بە بهڕێوبهرێتی خانەنشینی وڵاتەکە، کە نزیك بوو لە پردی شوهەدا، یەکێك لە پردە سەرەکییەکانی سەر رووباری دیجلە.
بەرپرسان رایانگەیاند هێرشەکە لانیکەم 11 کەسی کوشت و لانیکەم 40 کەسی بریندارکرد.
مەتڵەبی وتی دوو پۆلیس لەنێو کوژراواندا بوون.
ئۆپەراسیۆنهكانی پێشگیری بەردەوامن
راوێژکاری ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت: "داعش هەوڵدەدات بۆشاییە ئەمنییەکان بقۆزێتەوە بۆ كردنهئامانجی مەدەنییەکان بەبێ گوێدان به بەها ئیسلامییەکان و پیرۆزییەکانی مانگی رەمەزان."
وتی: "بەڵام ئەم هێرشانە بەمانای ئەوە نایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناتوانن گروپەکە بوەستێنن، لەبەرئەوەی ئەمانە هەوڵی [تیرۆریستی] بچوکن کە هێزە ئەمنییەکان بەرپەرچیان دەدەنەوە."
ئەبو رەغیف وتی دەزگا هەواڵگرییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی ئۆپەراسیۆنی پێشگیرییانه ئهنجامدهدهن.
وتی هەفتەی رابردوو، هێزەکانی عێراق دەستیان بەسەر پێنج ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراودا گرت.
وتیشی لە 19ی ئایاردا، رێیان لە چوار ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو گرت لەوەی بچنە بەسرە و بەغداوە و چەند هەفتەیەك پێش ئەوە، دەستیان بەسەر چوار لۆریدا گرت کە بۆمبی دەستکرد و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان تێدابوو.
قائیم: سەرچاوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان
پەرلەمانتار و سهرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، حاکم زاملی، وتی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان کە بەغدایان کردە ئامانج لە قائیم و بیابانی روتبەوە هاتبوون لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، یەکێك لە دوایین بنکەکانی داعش لە عێراق دوای شکستە یەكلەدوای یەکەکانی گروپەکە لە موسڵ.
زاملی لە بەیاننامەیەکدا وتی قائیم و بیابانی روتبە بوونەتە داڵدەی ئارامی ئەندامانی داعش.
وتیشی: "دوای ئەوەی لە موسڵ هەڵهاتن، بیابانی ئەنبار بووە شوێنی گردبوونەوە، شوێنگەی کەمپ و بنکەکانیان کە لەوێوە هێرشەکانیان بۆ سەر بەغدا، سامەڕا و دیالە دەکەن لە رەمەزاندا."
ههروهها وتی: "ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەی کەڕادە لە قائیمەوە هات بەنێو خاڵی پشکنینی سقوردا."
زاملی وتی دهبێت رێوشوێنه ئەمنییەکان توندتربكرێنهوه و لێپرسینهوه لەو کەسانە بكرێت کە ئۆتۆمبیلی بێژمارە لێدەخوڕن لە نزیك بنکەی سەربازی و خاڵە پشکنیکەکانی کەڕادەوه.
وتیشی: "پێشبینی هێرش دەکەین بۆ سەر بەغدا و دیالە و سەلاحەدین" و داوای زیادکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان و چاودێریی زیاتری ناوچە قەرەباڵغەکانی كرد کە دەکرێت بكرێنه ئامانجی تیرۆریزم.