هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

دانیشتوانی ئەنبار نەریتەکانی رەمەزان دەبوژێننەوە

سەیف ئەحمەد لە ئەنبار

مزگەوتی حەمود مەحمود لە نێوەندی فەلوجەدا پێشوازیده‌كات لە خواپەرستان دوای به‌ربانگ له‌ مانگی پیرۆزی رەمەزاندا. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

مزگەوتی حەمود مەحمود لە نێوەندی فەلوجەدا پێشوازیده‌كات لە خواپەرستان دوای به‌ربانگ له‌ مانگی پیرۆزی رەمەزاندا. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

پارێزگای ئەنبار گەڕانەوەی دابونەریته‌كانی رەمەزان به‌خۆوه‌ده‌بینێت کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا قەدەغەکرابوون.

دانیشتویه‌كی شاره‌كه‌، ئیسماعیل محەمەد، بە دیارونای وت: "مانگی پیرۆزی رەمەزان بەشێوەیەکی ریشەیی گۆڕا کاتێك گروپی تیرۆریستی داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر فەلوجەدا."

وتی گروپەکە نوێژی شەوانەی تەراویحی قەدەغەکرد لەگەڵ نزاکانی درەنگانی ئێوارە لە مزگەوت. هه‌روه‌ها وتی ئەوەشی قەدەغەکرد لە دانیشتوان کە یاری نەریتی موحەیبس بکەنو ماڵەکانیان بە چرا بڕازێننەوە.

وتیشی لەسەردەمی داعشدا "بە مەرگ تۆقێنرابووین و هەڕەشەمان لێکرابوو". تێبینیی ئەوەشیکرد کە بە رزگارکردنی ئەنبار "ژیان ئاسایی بووه‌تەوە".

لاوان لە باخی گشتی نێوەندی فەلوجەدا گرددەبنەوە بۆ یاریکردنی موحەیبس، کێبڕکێیەك لەنێوان دوو تیمدا بۆ دۆزینەوەی ئەڵقەیەك کە ئەندامی تیمەکەی دیکە شاردوێتیەوە. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

لاوان لە باخی گشتی نێوەندی فەلوجەدا گرددەبنەوە بۆ یاریکردنی موحەیبس، کێبڕکێیەك لەنێوان دوو تیمدا بۆ دۆزینەوەی ئەڵقەیەك کە ئەندامی تیمەکەی دیکە شاردوێتیەوە. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

وتی: "خێزانەکانی ئەنبار گەڕاونەتەوە بۆ دابونەریته‌ کۆنه‌كانی خۆیان لەکاتی مانگی رەمەزاندا، له‌وانه‌ تومە."

روونیکردەوە كه‌ به‌گوێره‌ی ئەم نەریتە "کاتێك دراوسێکان ژەمه‌كان پێكه‌وه‌ به‌شده‌كه‌ن و ئاوی سارد و خورما و ماست لە مزگەوته‌كان داده‌نێن پێشئەوەی بانگی ئێوارە بدرێت".

مامۆستا جەمال حەماد بە دیارونای وت داعش "ناچاریکردین ریشمان بهێڵینەوە و نەماندەتوانی بیتاشین".

وتی خواردن دەگمەن بوو لە ساڵەکانی فەرمانڕەوایی داعشدا و ژیان "هیچ نەبوو جگە لە ترس و تۆقینی بەردەوام و زۆرمان لەکیسچوو". وتیشی: "مانگی رەمەزان بەبێ هیچ خۆشیەك تێپەڕدەبوو، لەئەنجامی توندوتیژی و کوشتار و وێرانکاریدا."

حەماد وتی: "ئەنبار و رەمادی گەڕاونەتەوە، سوپاس بۆ سوربوونی خەڵکەکەیان و هاریکارییان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان و پشتگیریی چەکدارە خێڵەکیەکان."

'نەریتە جوانەکان' گەڕاونەتەوە

دانیشتویه‌كی فەلوجە، تیبا عوبەیدی جومەیلی، بە دیارونای وت: "فەلوجە بەکاتی سەختدا تێپەڕبووە، چونکە خەڵکەکەی دوچاری کوشتار و وێرانکاری و بێبه‌شكردنیان كرابوون لە پێداویستیە بنەرەتییەکانی ژیان."

وتی: "ژنان لێیان قەدەغەکرابوو بڕۆنە دەرەوە یان سەردانی بازاڕ بکەن و گروپە توندڕەوەکە ناچاریدەکردین نیقاب بکەین و نەیدەهێشت دەموچاومان دەربخەین، یان تەنانەت قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەین لە دەرەوە."

جومەیلی وتی ئەم رەمەزانە، دانیشتوانی شار "دەتوانن هەموو نەریتە جوانەکان جێبەجێبکەن کە خوومان پێوەگرتووە لە تەمەنی منداڵییەوە".

وتیشی دەتوانن خواردن بکڕن و شیرینی و شۆربای نەریتی ئامادەبکەن و دەتوانن گۆشت، گوێز و ژەمی دیکە ئامادەبکەن کە پەیوەستە بە ژەمەکانی به‌ربانگ و پارشێوەوە.

هه‌روه‌ها وتی داعش هەوڵیدا وێرانکاری بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەو چاخە تەواوبوو، "سوپاس بۆ هێزە ئەمنیەکان لە هەموو دەزگاکان".

بانگبێژی پارشێو دەگەڕێتەوە

دانیشتوویه‌كی رەمادی، هاشم حەلوانی، کە ناسراویشە بە ئەبو تەبیل، وتی: "من وەك میسحه‌ره‌چی [بانگبێژی پارشێو] کارمکردووە و ئەم پیشەیەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە."

حەلوانی بە دیارونای وت: "بەڵام کاتێك داعش هاتەناوەوە لە 2014، لێم قەدەغەکرا ئەم پیشەیە جێبەجێبکەم لە رەمەزاندا. تا لە 2016 نەڕۆیشتن، نەمتوانی کاربکەمەوە."

وتی هێزە ئەمنیەکانی عێراق مۆڵەتیان داوە بە هەموو بانگبێژانی پارشێو کاربکەن و شەوان بەنێو رەمادیدا بسوڕێنەوە بۆ خەبەرکردنەوەی خەڵك بۆ پارشێو.

عەلوانی وتیشی: "خۆشحاڵین بەوەی دەبینین خەڵك ژەمی پارشێومان دەدەنێ کاتێك ده‌سوڕێینه‌وه‌ بە شەقامەکاندا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا."

وتی: "هەموو گەڕەکێك بانگبێژی پارشێوی خۆی هەیە و هەموویان سنووریان دیاریکراوە کە ناوچەیەکی دیاریکراوە پێش کاتی پارشێو."

بەڕێوبەری پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی کەسار رزه‌یج، وتی: "دۆخی ئەمنی لە ئەنبار بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە له‌ مانگی پیرۆزی رەمەزاندا."

رزه‌یج بە دیارونای وت قەدەغەی هاتوچۆ لە نیوەی شەوەوە تا كاتژمێری یه‌كی بەیانیە، تا ئازادی هاتوچۆ بۆ خێزانەکان هەبێت و وتیشی "داعش تەواوبووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500