https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/05/07/feature-03

×
×
ئاساییش |

هێرشێکی چەند بەرەیی سەرکردەکانی داعش لە خۆرئاوای عێراق دەکوژێت

خالید تائی

image

هێزەکانی عێراق و خێڵەکیەکان گڕ لە ئۆتۆمبیلێك بەردەدەن کە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە بەکارهێنرابوو، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لە بیابانی خۆرئاوا رۆژی دووشەممە (6 ئایار). [خاوەنی وێنە: شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی]

هێزەکانی عێراق و خێڵەکیەکان دووشەممە (6 ئایار) هێرشێکی چەند بەرەییان کردە سەر بنکەیەکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە سنووری کارگێڕیی نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا، بەرپرسێکی خێڵەکی وتی.

سەرکردەی هێزە خێڵەکیەکانی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی سێشەممە بە دیارونای وت پانزە ئەندامی داعش لە هێرشەکەدا کوژران.

عوبێدی وتی هێزە ئەمنیەکان "دووشەممە هێرشێکی گەورەیان ئەنجامدا لە چەند ئاراستەیەکەوە لە ناوچەی کارگێڕیی سنووری نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا".

وتی: "یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و سەلاحەدین، فیرقەی 7 پیادە و هێزی ئاسمانی سوپای عێراق بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد."

image

دوکەڵ لە پاشماوەی بنکەیەکی داعش بەرزدەبێتەوە لە بیابانی خۆرئاوای عێراق دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق و خێڵەکیەکان گڕیان تێبەردا رۆژی دووشەممە (6 ئایار). [خاوەنی وێنە: شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی]

image

هێزەکانی عێراق و خێڵەکیەکان دەبینرێن لەکاتی هەڵکوتانەسەرێکی دووشەممە (6 ئایار)دا لە بیابانی خۆرئاوا کە 15 ئەندام و سەرکردەی داعشیان کوشت. [خاوەنی وێنە: شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی]

وتی هه‌روه‌ها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، هێزە خێڵەکیەکانی جوغەیفە، ئەلبونەمر و عوبێدی پشتیوانیان بوون.

وتیشی: "هێرشەکە ئەنجامدرا دوای گەیشتنی زانیاریی ورد لە شانه‌ی هەڵۆکان و هەواڵگریی سەربازیی دەربارەی بنکە تیرۆریستیەکە."

هه‌روه‌ها وتی بنکەکەی داعش کەوتبووە ناوچەیەکەوە کە بەرپرسیارێتی چەند فەرماندەییەكی ئەمنی تێکەڵ دەبێت تێیدا، کە درێژدەبێتەوە لە قەزای راوەی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای ئەنباره‌وه‌ تا دورگەی تکریت و باشوری حه‌زه‌ر.

عوبێدی وتی: "هێزەکان لە هەموو ئاراستەکانەوە پێشڕەوییان کرد و توانییان 15 تیرۆریست بکوژن، زۆربەیان فەرماندەی داعش بوون."

وتی لەنێویاندا هاوڵاتیەکی تونسی هەبوو کە عەقڵی پلاندانەری چەندین تەقینەوەی خۆکوژی و هێرشی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بو لە ئەنبار و تکریت، لەگەڵ هێرش بۆ سەر سەربازەکان و ئەو ئۆتۆمبیلانەی بە رێگەی بێجی - حەدیسەدا دەڕۆیشتن.

بەهۆی چالاکیەکانیەوە لە 2014وە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق دەیانناسی.

بنکە و کاڵاکانی داعش تێکشکێنران

عوبێدی وتی لەکاتی هەڵکوتانەسەرەکەدا هێزە ئەمنیەکان 10 شوێنی پشوودانیشیان تێکشکاند، لەگەڵ هەموو ئەو کاڵایانەی تیایاندا بوو، گڕیان لە 15 ماتۆڕ و سێ پیکاب بەردا کە توندڕەوەکان بەکاریاندەهێنان بۆ گواستنەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "تیرۆریستان خۆیان وەك شوان لێکردبوو، حەشارگەکانیشیان وەك خێمەی بەدەوییه‌كان و ئۆتۆمبیلەکانیشیان بەهەمان شێوە، تا سەر لە چاودێری ئاسمانی بشێوێنن كه‌ پێیان وابێت ئەوانه‌ ئەندامی داعش نین."

وتی: "بەهۆی چاودێری هەواڵگریی بەردەوامەوە، دەرخران و کوژران." وتیشی کە ئەوان "ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی توندوتیژ لە ژمارەیەك لە شاری رزگارکراودا".

عوبێدی وتی ئەم هێرشە کتوپڕە لەکاتێکدایە هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە ئاساییە هەفتانەکانی خۆیاندا، کە ئامانجیان شه‌نوكه‌وكردنی بیابانی خۆرئاوای ئەنبارە بەرەو سنووری عێراق لەگەڵ سوریا و ئەردەن و سعودیە.

وتی: "هێزە ئەمنیەکان پێشڕەویی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە بنەبڕکردنی چالاکیەکانی پاشماوەکانی داعشدا لە بیابان." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ گەڕانەکە سەریکێشاوە بۆ "کوشتن و دەستگیرکردنی تیرۆریستان و تێکشکاندنی تونێل و شوێنەکانی پشودانی دوژمن".

وتیشی: "چەکدارە خێڵەکیەکان ئەزمون و شارەزاییان بەدەستهێناوە لە شوێنپێهەڵگرتن و بنەبڕکردنی پاشماوەکاندا" و هێزەکانی سوپاش پشتیوانیان زیاترکردووە بۆ هێزە خێڵەکیەکان بە چەك و تەقەمەنی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
5
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha