هێزەکانی عێراق 20 تونێل و شوێنی پشودانیان لە بیابانی ئەنبار وێرانكرد وەك بەشێك لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکە و رێگرتن لەوەی وەك شوێنی پەناگە بەکاری بهێنن.
فەرماندەیهكی خێڵەکی له ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی، سێشەممە (26 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت لەم هەفتەیەدا سوپا و هێزە خێڵەکیەکان یەکێك لە "گەورەترین زەبرەکانیان" دا لە پاشماوەکانی داعش لە بیابانهكهی نزیك بە سنووری سوریا.
وتی: "چەند یەکەیەکی سەربازیی گەورەی پێکهاتوو لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، فیرقەکانی 7 و 8ی سوپا و خێڵەکیەکان، رۆژی شەممە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی 72 کاتژمێرییان تەواوکرد."
عوبێدی وتی: "چوونە سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو لە بیابانی ئەنبار و نزیك بە سوریا کە سەرچاوە هەواڵگرییەکان وتبوویان چەند حەشارگەیەکی دوژمنی لێیە."
وتی هەڵکوتانەسەرەکان تەرکیزیان كرده سەر ناوچەکانی "ئوم تەبوق، شەعبانی و جەزیرە کە درێژدەبنەوە بۆ باکوری شارۆچکەی راوە".
وتیشی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە زەمینیەکان توانییان بەپشتیوانی راستەوخۆی هێزی ئاسمانی، "17 تونێل بڕوخێنن و سێ شوێنی پشوودان وێرانبكهن".
ههروهها وتی هێزە ئەمنیەکان چەندین جۆر چەك و تەقەمنییان لە حەشارگەکاندا دۆزییەوە، لەنێویاندا چەندین پشتێنی بۆمبڕێژکراو، لەگەڵ سێ ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ.
وتی: "بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامە لەنێو حەشارگەکاندا دۆزرانەوە و دەزگا هەواڵگرییەکان دواتر پشكنینیان بۆ ئەو زانیاریانه كرد کە لەنێویاندایە."
وتی دەرکەوت ئەمانە "تۆماری کۆنی ناوی چەکدارانی داعشن".
وتیشی زۆربەی ئەوانەی ناویان تۆمارکرابوو لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانی پێشووی عێراقدا کوژرابوون، لەکاتێکدا ئەوانیدی "پێشتر لای دەزگا هەواڵگرییەکان ناویان هەبوو" و لهلایهن دادگاوه داواکرابوون.
رێگری لە جێپێی خۆ كردنهوهی داعش
عوبێدی وتی دوایین هەڵکوتانەسەرەکان "ئۆپەراسیۆنێکی کوالیتی بەرزی دیکە بوون لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدران بۆ پاراستنی بیابان لە پاشماوە تیرۆریستیەکان و تێكشكاندنی پێگەلانیان".
جەختیشی کردەوە لە پێویستیی ئەنجامدانی چاودێریی نیمچە رۆژانە و کنە و پشکنین بۆ گەڕان بەدوای هەر پەناگەیەکدا كه مابێتنهوه و بكرێت پاشماوەکانی داعش بەکاریانبهێنن.
وتی ئامانجی ئەم چالاکیە سەربازییە بەردەوامانە بۆ رێگرتنە لە پاشماوەکانی داعش "تا هیچ دەرفەتێكی خۆ جێگیرکردنیان نەبێت لە ناوچەکانی بیابان و بەهێزکردنی تواناکانیان".
وتیشی پیاوانی خێڵەکی له عێراق پشتیوانیی سوپا و پۆلیس دەکەن لە هەموو ئەرکە سەربازییەکاندا و ئاماژەیکرد بەوەی "هەموو ئهو هێزانهی لەئێستادا لە بیابان جێگیرکراون، ورەیان بەرزە و ئامادەیی تەواویان هەیە تا دەستبەجێ هەڵبکوتنە سەر هەر ئامانجێکی تیرۆریستی".
عوبێدی وتی: "سەرچاوە هەواڵگرییەکانمان زانیاری وردمان پێدەدەن كه فاکتەری سەرەکین لە سەرکەوتنە ئەمنیەکانماندا."