وەزارەتی بەرگری هەینی رایگهیاند كه فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی عێراق پێنجشەممە (4 نیسان) دوو هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا و پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کردە ئامانج، کە کوشتنی 14 چەکداری گروپەکەی لێکەوتەوە.
وتەبێژی وەزارەتەکە، لیوا تەحسین خەفاجی وتی هێرشەکان "چەند گروپێکی تیرۆریستییان لە ناوچەکە کردە ئامانج لە وادی قەرحە لە باشوری رۆژئاوای داقوق لە کەرکوك".
بە دیارونا وت: "لە هێرشی یەکەمدا، فڕۆكهكانمان شەش تیرۆریستیان کوشت، لە هێرشی دواتریشدا هەشتی دیکە کوژران."
وتی: "بەگوێرهی ئهو زانیاریانهی لەبەردەستدان، زۆربەی تیرۆریستەکانی پێکران چەکداری داعش بوون،" لەنێویاندا "سەرکردەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە" هەبوون.
وتیشی: "هەندێكیان هەڵهاتبوون لە شەڕەکانی ئەمدواییانە لە سوریا و دزەیانکردبوو تا خۆیان حەشاردەن لە خاکی ئێمەدا،" ئەوانی دیکەش دانیشتووی شارۆچکەکانی حەویجە و رەشاد و بەشیر بوون لە رۆژئاوای کەرکوك.
ههروهها وتی: "زانیاریەکان ئاماژەدەکەن بەوەی ئەو تیرۆریستانە دەستیان هەبووە لە چەندین تاواندا و بەرپرسبوون لە کوشتن و رفاندن و هێرشەکانی ئەم دواییانەدا دژی خهڵكی مهدهنی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان."
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەرکەوتوو
خەفاجی وتی هێرشە ئاسمانییەکە بەشێك بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ یەکەکانی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ، لەسەر ئەو زانیاریانەش ئەنجامدرا کە هاونیشتمانان دابوویان لەسەر شوێنی توندڕەوەکان.
وتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی شوێنی توندڕەوەکانیش، ئەو زانیاریانە بەکارهاتن کە وەرگیرابوون لە ددانپێدانەکانی ئەو چەکدارە عێراقیانەی داعش کە رادەستی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق کرابوون لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتهوه.
وتی هێرشە ئاسمانییەکان "لەوکاتەدا روویاند کە لافاو هەڵسا لەو ناوچانەی کرانە ئامانج".
وتیشی لافاوەکە وایکرد پاشماوەکانی داعش لە حەشارگەکانیان لە چیا و دۆڵەکان بێنە دەرەوە و هەوڵبدەن شوێنێکی وشكتر بدۆزنەوە تا خۆیان رزگارکەن.
خەفاجی وتی: "لەوکاتەدا كه هەوڵیاندەدا خۆیان رزگاربکەن، فڕۆکەکانمان چاودێرییان دەکردن و لە شوێنی خۆیاندا لەناوبران."
وتی: "رەوشی خراپی کەش و هەوا نەبووە کێشە بۆ فڕۆکەوانەکانمان و رێگرنەبوون لە فڕینیان لە ناوچە مەترسیدار و دوورەدەستەکان و زۆر سەرکەوتووانە ئهركهكهیان تەواوکرد."
وتیشی: "دەسکەوتی گرنگمان بەدەستهێناوە کە بهشداریدهكهن له پتەوکردنی ئەمنییەتدا. ئۆپەراسیۆنەکانمان له پێشهوهچووندان بەرەو کۆتاییهێنان بە بوونی نهێنیی هەر تیرۆریستێك لە هەر شوێنێکی وڵات بێت."