هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق 23 ئەندامی داعش لە کەرکوك دەکوژن

خالید تائی

یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بۆ حەشارگەکانی داعش ده‌گه‌ڕێن لە وادی شای و ناوچەکانی ئەو نزیکانە لەم وێنەیەدا کە 5 ئاب 2019 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق بۆ حەشارگەکانی داعش ده‌گه‌ڕێن لە وادی شای و ناوچەکانی ئەو نزیکانە لەم وێنەیەدا کە 5 ئاب 2019 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

هێزەکانی عێراق 23 پاشماوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کوشت لە ئۆپەراسیۆنێکی گه‌وره‌دا کە لەلایەن هێزە هاوبەشەکانەوە ئەنجامدرا بۆسەر حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە پارێزگای کەرکوك، دووشەممە (13 نیسان).

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "زانیاری هەواڵگریی وردمان پێگەیشت دەربارەی حەشارگەیەکی گەورەی تیرۆریستان لەشێوەی ئەشکەوتێكدا کە چەندین شوێنی حەوانەوەی تێدایە لە ناوچەی وادی شای، باشوری کەرکوك."

وتی: "بە کارکردن بەو زانیارییە، هێزەکان لە لیوای 45ی فیرقەی 11ی سوپا، ناوه‌ندی کۆنترۆڵی کەرکوك، یەکەکانی دیکەی پۆلیسی فیدراڵی (لە فیرقەکانی 5 و 6)، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزی ئاسمانی، چوونە سەر حەشارگەکە."

خەفاجی وتی: "بە گەیشتنی هێزەکە، پێکدادانی تووندوتیژ دروستبوو لەنێوان ئەوان و ئەندامانی تیرۆریستاندا کە لەنێو حەشارگەکەدا گەمارۆدرابوون، بۆ چەندین كاتژمێر بەردەوام بوو."

هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەشداریی کرد بە چەند هێرشێکی ئاسمانی تا پاڵپشتی هێزە ئەمنیە زەمینیە هێرشبەرەکان بکات.

خەفاجی وتی هێرشەکە بووە هۆی بەتەواوی تێکشکانی حەشارگەکە و کوشتنی 23 چەکداری داعش و وتیشی سەربازێکی عێراقیش کوژرا و چواری دیکە لە هێرشەکەدا برینداربوون.

هاریکاری لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامە

خەفاجی وتی: "ئەو زانیاریەی بووە هۆی دۆزینەوەی حەشارگەکە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانەی ئەمدواییانەدا کۆکرابووه‌وە و شیکاریی بۆکرابوو کە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆر و هێزە ئەمنیەکانی دیکەوە ئەنجامدرابوون دژی حەشارگەکانی دوژمن لە کەنارەکانی کەرکوك و ناوچەکانی دەوروبەری."

وتی: "كاتژمێری سفری هێرشەکە بەشێوەیەکی ورد لەلایەن سەرکردایەتی ئەمنییەوە هەڵبژێردرا دوای خەمڵاندنی تەواوی دۆخەکە و ئەوەش کە پەرۆش بووین بۆ دڵنیاییدان لەوەی زۆرترین ژمارەی تیرۆریستان لێیان دەدرێت."

وتیشی: "کاتەکەی زۆر سەرکەوتووبوو، توانیمان ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گرنگی كواڵیتی ئەنجامبدەین کە وانەیەکی تووندی فێری پاشماوەی تیرۆریستان کرد، زەبرێکی کوشندەی دا لە ریزەکانیان و ورەیانی رووخاند."

خەفاجی وتی: "تیرۆریستان پێیانوابوو پارێزراون لە چاودێری و لێدان و ئامادەکارییان دەکرد بۆ چەند هێرشێکی گەورە دژی هێزەکان و هاوڵاتیانمان لە کەرکوك، بەڵام پلانەکانیانمان تێکشکاند بەم هێرشە بەرپێگرانەیە."

وتیشی: "بەردەوام زانیاریمان پێدەگات لە دەزگا هەواڵگرییەکان و تیمەکانی چاودێری و لێکۆڵینەوە و له‌ هاوڵاتیانەوە، جیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە لەگەڵیاندا هێشتا پێکەوە کاردەکەین."

وتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە ئەمنییەکان بەردەوامن "بەشێوەیەکی برەوسەندوو، کە فشاری بەهێز دەخەنەسەر ئەندامانی دوژمن تا توانای ئه‌وه‌یان لێبسه‌نرێته‌وه هەڕەشە دروستبكه‌ن".

"شەڕكردنمان لەگەڵ پاشماوەکانی داعش بەردەوامە و ئه‌و گوڕه‌ی هه‌مانه‌ لە رووبەڕووبوونەوەیاندا، کپ نابێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500